گفتوگۆ لەبارەی سزای سێدارە پەرلەمان و شەقام لێك دوور دەخاتەوە

:: PM:01:50:17/10/2019 ‌
لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەبارەی گەڕانەوەی سزای لە سێدارەدان كردووە و هاووڵاتییانی شەقامیش لە هەندێك بارودۆخ بە پێویستی دەزانن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی تشرینی یەكەم، شادی نەوزاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، گفتوگۆ و تاوتوێی سزای لە سێدارەدان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی كراوە.

ڕاگرتنی ئەو سزایە لە ساڵانی ڕابردوو ئەوەی نیشانداین حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە 

ئەندامەكەی پەرلەمان گوتی، پێویست بە گەڕانەوەی لە سێدارەدان ناكات، چونكە ڕاگرتنی ئەو سزایە لە ساڵانی ڕابردوو ئەوەی نیشانداین حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە.

ڕێباز سەعید كە سێ‌ ساڵ پێش ئێستە خوشك و برایەكی لە ڕووداوێكی كۆمەڵایەتی كوژران بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، گەڕانەوەی سزای لە سێدارەدان پێویستە ئەی هەقی من و خوشك و براكەم كێ‌ وەری دەگرێتەوە.

ئەو هاووڵاتییە گوتی، ئەو كەسەی خوشك و براكەمی كوشت دەیویست بەزۆر پارەیان لێ بستێنێت و ڕێگر بوو، ئێستە لە گرتووخانە لێی پاڵ داوەتەوە.

پەرلەمانی كوردستانیش ڕۆژی 14ـی تشرینی یەكەم، بڵاوی كردەوە، لەسەر داوكارییەكی زۆر لەلایەن سزادراوانەوەکەیسەکانیان ئاراستەی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی كراوە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی چارەنووسیان، لەكاتێكدا لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستە سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژووی لەسەر ئەو سزایە نەكردووە.‌




وشە - رامیار جەواد