رواندز.. گۆڕی شەهیدێكی داستانی هەندرێن هەڵدەدرێتەوە

:: PM:02:04:17/10/2019 ‌
لە گوندێكی سنووری رواندز گۆڕی شەهیدێكی داستانی هەندرێن هەڵدەدرێتەوە و كەسوكارەكەی نیگەرانی دەردەبڕن .

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی تشرینی یەكەم، كارۆخ تاهیر هاووڵاتیی گوندی دەرگەڵە بە "وشە"ی راگەیاند، لەلایەن كەسانی نەناسراو بۆ مەبەستی تایبەتی گۆڕی شەهید "خدر عەولا بەگ" لە گۆڕستانی مام شێخ هەمزە لە گوندی دەرگەڵە هەڵدراوەتەوە و لایەنە پێوەندیدارەكانیش ئاگاداری ئەو رووداوەن .

خەریكە هەڵدانەوەی گۆڕەكان لە دەڤەرەكەمان دەبێتە دیارد
زیاتر روونی دەكاتەوە، شەهید عەوڵا بەگ بەر لە 53 ساڵ وەك یەكەم شەهیدی داستانی هەندرێن لە شۆڕشی ئەیلوول و لەسەر شۆڕشی كوردایەتی گیانی خۆی پێشكەش بە پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان و ئازادی وڵات كردووە .

"ماوەیەكە لە گۆڕستانی گوندی دەرگەڵە دەكۆڵنەوە و خەریكە هەڵدانەوەی گۆڕەكان لە دەڤەرەكەمان دەبێتە دیاردە، لایەنە پێوەندیدارەكانیش تا ئێستە هیچ كەسیان لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕ نەگرتووە، لە كاتێكدا بەم جۆرە كارانە ئێمەی كەسوكاری شەهیدان پێی نیگەرانین و وا هەست دەكەین تازە مام و كەسوكارەكانمان شەهید بوون" كارۆخ تاهیر وای گوت.

ماوەیەك بەر لە ئێستەش لە شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆكەی سۆران، گۆڕی چەند گۆڕستانێكی ناوچەكە هەڵدرایەوە و بەپێی زانیارییەكان بەدوای دۆزینەوەی پارچە شوێنەوار و دۆزینەوەی زێڕ و كەلوپەلی گرانبەها بوون .

شەماڵ دێواری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕی شەهید و هاووڵاتییان، لە سنووری رواندز كەس ئێمەی ئاگادار نەكردۆتەوە  و هیچ سكاڵایەكی لەو جۆرەمان بەدەست نەگەیشتووە، هەركاتێكیش سكاڵامان بە دەست بگات بێگومان بەدواداچوون دەكەین و تۆمەتباران رووبەڕووی دادگا دەكەینەوە. 

لە شەوی دوو لەسەر سێی مانگی پێنجی ساڵی 1966 سوپای عێراق بەهێزێكی زۆری زەوینی و ئاسمانی بەئامانجی دامركاندنەوەی شۆڕشی ئەیلوول بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی، لە رواندزەوە هێرشی كردە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە چیای لە هەندرێن جێگیر بوون، دوای 10 رۆژ لە ئێوارەی رۆژی 12 – 5 – 1966 پێشمەرگە بە سەركردایەتی راستەوخۆی ئیدریس بارزانی هێرشیان كردە سەر ئەو هێزەی سوپای عێراق توانیان بە كەمترین زیان زۆرترین دەستكەوت و سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنن، لە شۆڕشەكەدا هێزی پێشمەرگە سێ شەهیدی بەخشی یەكێك لەوان شەهید خدر عەوڵا بەگ بوو.

رواندز – موڕشید برادۆستی










وشە - هیدایه‌ت جان