80%ى ئاواره‌كان له‌ بایۆمه‌ترى ناویان تۆمار كراوه‌

:: PM:07:44:17/10/2019 ‌
بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى عێراق ناوى ئه‌و ئاوارانه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانن له‌ سیسته‌مێكى بایۆمه‌ترى تۆمار ده‌كرێ تا ئێسته‌یش 80%ى ئاواره‌كان ناویان تۆمار كراوه‌.

له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك 17 كه‌مپى ئاواره‌ هه‌یه‌ و تا 15ى ئه‌ممانگه‌ كه‌ واده‌ى تۆمارى ناوى ئاواره‌كان بوو 80%ى ئاواره‌كان ناویان تۆمار كراوه‌.

سه‌گڤان دێره‌شی به‌رپرسی راگه‌یاندنی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ دهۆك بۆ "وشه‌" گوتى، 80%ى ئاواره‌كان ناویان له‌ سیسته‌مى بایۆمه‌ترى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان تۆمار كردووه‌ و زۆرترین ئاواره‌یش هى پارێزگاى مووسڵن.

روونیشى كرده‌وه‌ كه‌ 145 هه‌زار كه‌س له‌ ئاواره‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كانن و تا ئێسته‌ پڕۆسه‌ى بایۆمه‌تریان بۆ ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ یه‌كی مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارێزگاكان له‌ عێراق ئه‌نجام بدرێت و بڕیار دراوه‌ كه‌ ئاواره‌كانیش به‌شدارى له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ن.

دهۆك/ دێژین سدقی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم