ڕێككه‌وتنى ئەمەریكا و توركیا به‌های لیره‌ی توركی له‌ هه‌ره‌سی گه‌وره‌ ڕزگار كرد

:: PM:07:18:18/10/2019 ‌
هه‌فته‌ى ڕابردوو بەهۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێی بازرگانان بە زیاتر دابەزینی بەهای لیرە دوای ده‌ست پێكردنى هێرشەکانی ئەنقەرە بۆ ڕۆژئاویى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانى تڕه‌مپ له‌سه‌ر ڕووخاندنى ئابوورى ئه‌و وڵاته‌، لیره‌ى توركى له‌ بازاڕى دراوى ئه‌و وڵاته‌ به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رچاو تووشى هه‌ره‌سى گه‌وره‌ بوو.

بەهای لیرە بەرانبەر بە دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمار كرد
به‌وهۆیانه‌ى سه‌ره‌وه‌ ماوەی هەفتەیەك بوو بەهای لیرەی توركی بەرانبەر بە دۆلارى ئه‌مه‌ریكى بەردەوام لە دابەزین بوو، بەڵام بە ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى تشرینى یه‌كه‌م، دواى ڕێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و توركیا، لەبارەى ڕۆژئاوای كوردستان، بەهای لیرە بەرانبەر بە دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمار كرد.

بەر لە ئەنجامدانی هێرشه‌كانى ىۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان له‌ بازاڕى درواى توركیادا، 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر بە 564 لیرەى توركى مامەڵەی پێوە دەكرا، بەڵام ئەنجامدانی شەڕ و به‌رده‌وامى هەڕەشەكانى دۆناڵد ترامپ بەوەی سزای زیاترى ئابووری دەخاتە سەر توركیا، بەهای لیرەی توركی زۆر دابەزی تاكو گه‌یشته‌ 598 لیره‌ به‌رانبه‌ر 100 دۆلار.
 
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه‌" ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى ئۆكتۆبه‌ر 100 دۆلارى ئه‌مه‌ریكى به‌رانبه‌ر 570 لیره‌ى توركییه‌، جارێكی تر به‌های لیره‌ی توركی ڕووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كرد و له‌ بازاڕی كاغه‌زه‌ دراوییه‌كان پێشوه‌ چوونى به‌خۆیه‌وه‌ بینى.

دوای بەردەوامبوونی هێرشه‌كانى بۆسه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان، بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ لەسەر یەك، دوێنێ شه‌و ڕۆژى 17ى تشرینى یه‌كه‌م، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ڕای گەیاند، كە ئەمەریكا و توركیا لەسەر ئاگربەست لە سووریا و دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ناوچەی ئارام و پاشەكشەی هەسەدە لە ناوچە دیاریكراوە كە و پاراستنی كەمینەكان لە باكوری سووریا ڕێككەوتوون.



وشە - محەمەد میران