كێشه‌ی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند چووه‌ته قۆناغێكی نوێوه و به‌گوته‌ی خاوه‌ن پشكه‌كان، پشكی شاسوار عه‌بدولواحید زیاد كراوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سكاڵایه‌كی تریان تۆمار كردووه. هاوكات ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌ڵێنی به‌دواداچوونیان به‌و خاوه‌ن پشكه‌كان داوه.
چاڤی لاند پڕۆژه‌یه‌كی هاوپشكی گه‌شتیاری بوو، ساڵی ٢٠١١ له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی ئێسته‌ی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌پاره‌ی خه‌ڵك دروست كرا و نۆ هه‌زار پشكی به به‌های ٢٢ ملیۆن دۆلار لێ فرۆشت، به‌ڵام ماوه‌ی هه‌شت ساڵه خاوه‌ن پشكه‌كان جارێك كارتێكی یاریكردنی ناو چاڤی لاند و جارێكیش ٥٠ هه‌زار دیناریان وه‌ك قازانج وه‌رگرتووه.
خاوه‌ن پشكه‌كان سكاڵایان له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید و كۆمپانیای چاڤی تۆمار كردووه و دۆسیه‌كه‌یان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن یه‌كلا ناكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێن هاوكاریان ده‌بین و به‌دواداچوونیان بۆ ده‌كه‌ین.
بژار ئیسماعیل یه‌كێك له خاوه‌ن پشكه‌كان كه بایی ١٣ ملیۆن دینار پشكی هه‌یه له چاڤی، به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، نازانین ئێمه چی بكه‌ین، هه‌شت ساڵه به دوای ئه‌و دۆسیهوهین و ئه‌وه‌نده ده‌سته‌واره‌ی "سه‌فه‌قات" ژێربه‌ژێری تێدایه، هه‌ر دۆسیه‌كه گه‌یشته دادگا، ڕاسته‌وخۆ داده‌خرێت.
به‌گوته‌ی بژار، "ماوه‌كانی پێشوو شاسوار عه‌بدولواحید فه‌رمانی گرتنیشی بۆ ده‌رچوو، نه‌مانزانی چۆن فه‌رمانه‌كه دیزه‌به‌ده‌رخۆنه كرا و باسی نه‌ما، به‌ڕاستی كاتی ئه‌وه هاتووه به هانامانه‌وه بێن و ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن."
له ماوه‌ی كێشه‌ی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند له‌گه‌ڵ شاسوار عه‌بدولواحید چه‌ند جارێك سكاڵایان تۆمار كردووه، دواینیان مانگی پێشوو بوو، ئه‌ویش كاتێك زانییان پشكه‌كانی شاسوار عه‌بدولواحید زیاد كراوه و هی به‌شدارانی تر كه‌م كراوه‌ته‌وه.
له ماوه‌ی یه‌ك ڕۆژدا سه‌رمایه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید له یه‌ك ملیۆن دیناره‌وه بۆ ١٠٥ ملیار دینار زیاد كراوه، واته ٨٧ ملیۆن دۆلار خراوه‌ته‌وه سه‌ر سه‌رمایه‌كه‌ی به نایاسایی و به بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیاكانی سلێمانی، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌مڵاندنی پڕۆژه‌ی چاڤی لاند، له كاتێكدا به‌پێی یاسای كۆمپانیاكان ژماره ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ی هه‌مواركراو، پێویسته زیادكردنی سه‌رمایه‌ی كۆمپانیای سنووردار به كاش دابنرێت نه‌ك به خه‌مڵاندن.
دلاوه‌ر مه‌حموود نوێنه‌ری ته‌واوی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند به"وشه"ـی گوت، "ئه‌و زیادكردنه له‌سه‌ر حیسابی خاوه‌ن پشكه‌كان بووه، هی ئێمه كه‌م كراوه‌ته‌وه و هی شاسوار زیاد كراوه، ئه‌وه‌ش به نایاسایی كراوه، بۆیه ئێمه مانگی ڕابردوو دواین سكاڵامان له‌سه‌ر ئه‌و كاره نایاساییه بووه."
زیاتر گوتی، "ئێمه چووینه‌ته ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی و ئه‌وان پارێزه‌رێكیان بۆ گرتین و دۆسیه‌كه‌مان چووه پێشه‌وه تا دادگا، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئێسته ئاگادار بین ئه‌و پارێزه‌ره كشاوه‌ته‌وه و به نیازین قسه له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بكه‌ینه‌وه تا بتوانین دۆسیه‌كه‌مان كه هه‌موومانی بێزار و هیلاك كردووه، یه‌كلا بكه‌ینه‌وه."
"ئه‌م دۆسیه‌ی ئێمه شاسوار عه‌بدولواحید به‌سه‌ریدا زاڵه، ده‌چێته دادگا ده‌وه‌ستێت، ده‌چێته به‌رده‌م حاكم ده‌وه‌ستێت، ئێمه نازانین بۆ وای لێ دێت، ئێسته چووینه‌ته په‌رله‌مانی كوردستانیش، چووینه‌ته په‌رله‌مانی عێراقیش به‌س له‌پێناو یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كه و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانی خۆمان". نوێنه‌ری خاوه‌ن پشكه‌كان وای گوت.
له‌ناو خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كه‌سیان ته‌نیا به ملیۆنێك دینار به‌شدارن، به‌ڵام تێیدایه به ٤٠٠ ملیۆن دینار و هه‌یشیانه به یه‌ك ملیار دینار به‌شدار بووه و كۆی ئه‌و پاره‌یه له خاوه‌ن پشكه‌كان وه‌رگیراوه ٢٢ ملیۆن دۆلاره.
هه‌شت ساڵه خاوه‌ن پشكه‌كان جارێك كارتێكی یاریكردنی ناو چاڤی لاند و جارێكیش 50 هه‌زار دیناریان وه‌ك قازانج وه‌رگرتووه.
سه‌عید مسته‌فا بڕیارده‌ری لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌وان نوێنه‌ری خه‌ڵكن و به‌داوادچوون بۆ هه‌ر پرسێك ده‌كه‌ن بێته به‌رده‌ستیان و داوایان لێ بكرێت.
بۆ "وشه" دووپاتی كرده‌وه، "دۆسیه‌كانی كێشه‌ی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند بگاته لامان به‌دواداچوون ده‌كه‌ین، له ڕێكاره یاساییه‌كان ده‌كۆڵینه‌وه تا بگه‌ینه ڕاستی و له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پشك و كۆمپانیای چاڤی داده‌نیشین بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی هه‌ردوولا."
وا بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی بكه‌نه‌وه تا له دۆسیه‌كه‌یان و به‌دواداچوونه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاگادار بن.
زیاد ڕه‌زا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به"وشه"ـی گوت، "كێشه‌كانی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند دوور و درێژه و وه‌ك ئه‌نجوومه‌ن لیژنه‌مان بۆ دروست كردوون و پارێزه‌ریشمان بۆ گرتوون، ئێسته دۆسیه‌كه‌یان گه‌یشتووه‌ته دادگا و له‌وێیه."
"پارێزهرهكهمان و لیژنه‌كه‌یش وازیان له دۆسیه‌كه نه‌هێناوه، ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌یش شاندێكی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤی لاند دێنه‌وه ئه‌نجوومه‌ن و له‌وباره‌یه‌وه گفتوگۆ ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵیان". زیاد وای گوت.
"وشه" دوو ڕۆژ له هه‌وڵدا بوو به‌رپرسێكی كۆمپانیای چاڤی بدوێنێت له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، به‌ڵام دوای ده‌ستی ده‌ستی پێكردن، دواجار هه‌ر ئاماده نه‌بوون هیچ قسه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه بكه‌ن.