حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە مەرج باوەشیان بۆ پژاك كردووەتەوە و داوایان لێ دەكەن، سەربەخۆ لە پەكەكە و لە چوارچێوەی ستراتیژێكی دیاریكراوی تایبەت بە رۆژهەڵاتدا خەبات بكەن. ئەوان، هەر جۆرە دەستێوەردانێكی پەكەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا رەت دەكەنەوە.
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) ئێستە لە دووەم دەیەی دامەزراندنی خۆیدا، دەیەوێ زیاتر لە حزبەكانی رۆژهەڵات نزیك بێتەوە و ئەمە لە دوایین كۆنگرەی ئەو حزبەدا، دووپاتی لێ كراوەتەوە. پژاك گەڕی كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتدا دەست پێ كردووە و دەیەوێ بەستەڵەكی نێوانیان بتوێنێتەوە.
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، ئاشكرای دەكات كە پژاك داوای كۆبوونەوەی لەوانیش كردووە و وەڵامەكەیان ئەوە بووە، "هەر كات دێن، بەخێر بێن".
حەمە نەزیف قادری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حدكا، هیوادارە دوا كۆنگرەی پژاك، پێداچوونەوەی فكری و سیاسیی بەدواوە بێت و ببێتە فاكتەرێكی ئەرێنی بۆ هاوخەباتی ئەو حزبە لەگەڵ حزبەكانی تری رۆژهەڵاتدا.
زۆربەی حزبەكانی رۆژهەڵات، پێشتر دووپاتیان كردووەتەوە كە پژاك پاشكۆی پەكەكە و سیاسەتەكانی ئەو حزبەیە، بۆیە بە دەگمەن راستەوخۆ كۆبوونەوەیان لەگەڵدا كردوون.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، تا رادەیەك زۆر جیاواز لە حزبەكانی تری رۆژهەڵات بیر دەكاتەوە و تا ئێستە چەندان كۆبوونەوەی لەگەڵ پەكەكە و پژاكدا هەبووە.
فەریبا محەمەدی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە، دووپات دەكاتەوە كە سەرەڕای بوونی رەخنەیان لەو حزبە، بەڵام پژاكیان وەك حزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستان ناسیوە، بەڵام وەك رەخنە، باس لەو "هێما پرسیارە" دەكات كە لەسەر پژاك و بوونی پێوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، جیا لەوەی كە پێشتر لەلایەن سەركردایەتیی ئەو حزبەوە هێرشی بەرفراوان كراوەتە سەر دیموكرات و كۆمەڵەكان.
ئەو دەڵێ، "هەر ئەوانەش بوونەتە هۆكارێك كە نیشانەی پرسیار لەسەر پژاك بێت و خەڵكی رۆژهەڵات لێی بكشێنەوە. پژاك بەهۆی بۆشایی ئامادەنەبوونی دیموكرات و كۆمەڵە لە رۆژهەڵاتدا دروست بوو، ماوەی چەند ساڵێكش زۆر بە باشی كاری كرد، بەڵام ئێستە بەرەو لاوازی دەچێت".
زیاتر لە 10 ساڵە پژاك لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستاندا خەباتی سیاسی و چەكداری دەكات و لەو ماوەیەشدا چەندان چالاكی گیراون، لە سێدارە دراون و بە دەیان گەریلای شەهید بوون. هەڵبەت ماوەی چەند ساڵێكیش ئاگربەستی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە و دواتر كۆتای پێ هێناوە.
حدكا، "نكۆڵی لەو واقیعە" ناكات، بەڵام رەخنەی تەواوی لە سیاسەتەكانی پژاك هەیە. حەمەنەزیف قادری بە "وشە" دەڵێ، "چالاكی سیاسی و چەكداری بەو مانایە نییە كە پژاك لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژییەدا كار دەكات كە كوردی ئێران شەڕی لە پێناودا دەكەن".
قادری زیاتر دەڵێ، "گوتاری نەتەوەیی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، شوناسی تایبەتی خۆی هەیە و بە شوێن كۆمەڵێك ئامانجە لە چوارچێوەی ستراتیژێكی دیاریكراودا، بەڵام سیاسەتی پژاك زیاتر لەو چوارچێوەیەدایە كە لەلایەن پەكەكەوە سەركردایەتی دەكرێ".
حزبەكانی رۆژهەڵات بەشێوەیەكی گشتی، داواكارییەكیان لە پژاك هەیە، ئەویش بوونی سیاسەتێكی سەربەخۆیە لە پەكەكە.
فەریبا محەمەدی دەڵێ، "سەركردایەتی و بەشێك لە گەریلاكانی پژاك، پێشتر لە ناو پەكەكەدا بوون و ئەو حزبە لە ناو قووڵایی كۆمەڵگەی رۆژهەڵات و بە هۆی پێویستی مێژویییەوە دروست نەبووە. پژاك تا ئێستە نەیتوانیوە سەربەخۆ لە پەكەكە خەبات بكات و پێم وایە ناتوانێ ئەو كارە بكات و هەر لە چوارچێوەی ئاپۆیزمدا دەمێنێتەوە".
ئەو زیاتر دەڵێ، "هەر پارچەیەكی كوردستان خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی، بەتایبەت رۆژهەڵات. پژاك زۆر جار هێرشی كردووەتە سەر كۆمەڵە و دیموكرات، بەڵام ئەو دوو حزبە خاوەن مێژوویەكی بەهێزن و پژاك ناتوانێ بیانسڕێتەوە".
هەموو حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەو مەرجەیان بۆ پژاك هەیە. حدكا، داوا لە پژاك دەكات بڕیارە سیاسییەكانی لە چوارچێوەی بیركردنەوە سیاسییەكانی خۆی و بە پێی واقیعی ئەو كۆمەڵگە بێت كە خەباتی تێدا دەكات.
حەمەنەزیف قادری دەڵێ، "پژاك دەبێ سەربەخۆ بێت. سیاسەتی دەستێوەردان یان جێگرەوە لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی لایەنێك كە گۆڕەپانی خەباتی پارچەیەكی تری كوردستانە و لە هەر شێوە و فۆڕمێكدا، یارمەتیدەری ئەو ئامانجانە نابێت كە كورد بە گشتی و حزبە كوردییەكان خەباتی بۆ دەكەن".
ههولێر/ كاوە جەم