سەرجەم نۆرینگەكانی پێنجوێن مانیان گرتووە

:: PM:12:27:19/10/2019 ‌
نۆرینگەكانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن، مانگرتنیان لە كارەكانیان راگەیاندووە و بەرپرسێكی تەندروستیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، هەوڵ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكەیان دەدەین.

ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم، هێرش شەوقی لێپرسراوی نووسینگەی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، بەپێی یاسایەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی كە لە ساڵی رابردوو دەرچووە، تیایدا ئاماژە بەوە كراوە، دەبێت هەر نۆرینگەیەك لە 18 ئایتم واتە 18 جۆر دەرمان زیاتری هەبێت، پێویستە پزیشكی دەرمانسازییان هەبێت.

هەر نۆرینگەیەك لە 18 جۆر دەرمان زیاتری هەبێت، پێویستە پزیشكی دەرمانسازی هەبێت
زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێستە لە پێنجوێن پزیشكی دەرمانساز و كۆگای دەرمان نییە و لەبری ئەوە یاریدەدەری پزیشكەكان ئەو بۆشاییەیان پڕ كردووەتەوە، بەڵام لەمەودوا دەبێت كار بەو یاسایە بكرێت، ئەمەش تا ئاستێك لەگەڵ پێنجوێن ناگونجێت.

"بەهۆی دووریمان لە شاری سلێمانییەوە و بەو هۆیەی ناوچەیەكی سنوورین، وا باشتر بوو رەوشی شارۆكەكان لەبەرچاو بگیرایە، ئێمە داوای باشتركردن و فراوانكردنی یاساكە دەكەین، بۆیە سەرجەمیان هەڵوێستیان وەرگرتووە و نۆرینگەكانیان داخستووە، تا چارەسەرێكی گونجاویان بۆ دەدۆزرێتەوە". هێرش شەوقی وای گوت.

بەرپرسەكەی تەندروستی پێنجوێن دووپاتی دەكاتەوە، هەوڵەكانمان بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە و دۆزینەوەی رێچارەیەكی گونجاو  لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار و قایمقامیەت و ئاسایش و لیژنە تەناهییەكان چڕ كردووەتەوە.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە دوورە و دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، نەبوونی پزیشكی پسپۆڕی پێویست و كەموكوڕی لە بواری تەندروستی، بەردەوام یەكێكە لە نیگەرانییەكانی دانیشتووانی ناوچەكە.
 
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی


وشە - هیدایه‌ت جان