خاوەن گەراجەكانی ئۆتۆمبێل ئاگەدار دەكرێنەوە

:: PM:02:44:19/10/2019 ‌

ماوەیەكە لە هەولێر خاوەن گەراجەكانی وەستاندنی ئۆتۆمبێل بە ئارەزووی خۆیان پارە وەردەگرن، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رای دەگەیەنێت، ئەوانە سزا دەدرێن كە پابەند نابن.

ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم، نەبەز عبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە"وشە"ی راگەیاند، ئێمە هەموو خاوەن گەراجەكانی وەستانی ئۆتۆمبێلمان ئاگەدار كردووەتەوە كە دەبێت پابەندی ئەو نرخە بن كە بۆیان دیاری كراوە.

ئه‌وه‌ی پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت

قایمقام گوتی، ئەو گەراجانەی سەریان كراوەیە دەبێت هەزار دینار لە خەڵك وەربگرن، هەروەها ئەوانەشی سەریان داخراوە دەبێت دوو هەزار دینارە، هەر خاوەن گەراجێكیش پابەند نەبێت ئەوا سزا دەدرێت و  هەروەها بەشێك لەوانەمان سزا داوە، بەڵام خۆ ناكرێت لە هەموو شوێنێك پۆلیسێك دابنێین.

نەبەز عبدولحەمید ئەویشی خستەڕوو، هەموو شارەوانییەكانمان ئاگەدار كردووتەوە، بەرنامەیەكیان بۆ ئەو شوێنانە هەیە كە موڵكی شارەوانییە بەتایبەتی بەردەم كافتریا و ڕێستورانتەكان كە پارە لە خەڵك وەردەگرن بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل.



وشە - زریان تەها