كرێكارێك کەوتە بن شۆفڵ و گیانی لە دەست دا

:: PM:03:24:19/10/2019 ‌
كەمێك پێش ئێستە لە پارێزگای دهۆك كرێكارێك لەكاتی كاركردن لەسەر پڕۆژەی جووتسایدی رۆڤیا و گۆپاڵ كەوتە‌ ژێر شۆفڵەوە  و گیانی لە دەست دا.

کرێکارەکە دانیشتووی شارەدێی رۆڤیانە
ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم، ئیبراهیم دێزویی كارمەندی ناو پڕۆژەكە بە "وشە"ی راگەیاند، كەمێك پێش ئێستە هاووڵاتییەكی سنووری شارۆكەی بەردەڕەش لەكاتی كاركردن لەسەر پڕۆژەی جوتسایدی رۆڤیا و گۆپاڵ گیانی لەدەست دا.

زیاتر روونی دەكاتەوە، كرێكارەكە كەوتە ژێر شوفڵێكەوە كە لەناو پڕۆژەكەدا كاری دەكرد و دەماودەم گیانی لەدەست دا، ناوی محەمەد فەرەج / 20 ساڵ/ و دانیشتووی شارەدێی رۆڤیایە.

پڕۆژەی جووتسایدی گۆپاڵ و رۆڤیا دەكەوێتە سنووری شارۆكەی بەردەڕەش و ماوەی چەند مانگە دەستی پێ كردووە، ئەو پڕۆژەیە هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر پێكەوە دەبەستێت.

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو ئەوە سێیەم حاڵەتی گیان لەدەستدانی كرێكارانە و لە سنووری شارۆكەی زاخۆ رۆژی پێنجشەمی رابردوو دوو كرێكار لەسەر پڕۆژەیەك لەكاتی كاركردن گیانیان لەدەست دا.

بەردەڕەش/ نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان