ڤیدیۆ.. خانووی جووەكانی زاخۆ مەترسی رووخانی لەسەرە‌

:: PM:03:29:19/10/2019 ‌
لە سەنتەری شارۆكەی زاخۆ 150 خانووی جووەكان هەبوو، بەڵام بەهۆی تێپەڕبوونی كات و دەستدرێژی هاووڵاتییان و گوڕانكارییەكانی تر هەمووان خاپوور كراون، ئێستە تەنیا حەوت‌ خانوو‌ ماون، بەڵام ئەوانیش ئێستە مەترسی رووخانیان لەسەرە‌.

ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم، محەمەد یوسفی بەڕێوەبەری شوێنەوارەكانی زاخۆ بە "وشە"ی راگەیاند، لە كۆی 150 خانووی جووەكان تەنیا حەوت خانوو لە سنووری شارۆكەی زاخۆ ماون و دەكەونە سەنتەری شارۆكەكەوە.

لە کۆی 150 خانوو تەنیا حەوت خانوو ماون
زیاتر روونی دەكاتەوە، خانووی جووەكان لە زاخۆ دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی میرنشینی بادینان، هیچ زانیاری و لێكۆڵینەوەیەك نییە كە باس لە بوونی جووەكانی پێش میرنشینی بادینان بكەن، ئێستە لە سەنتەری شارۆكەی زاخۆ حەوت خانوو هەن، بەناوبانگترینیان خانووی "موشی گابان"ە، بەڵام خانووەكان مەترسی رووخانی لەسەرە.

"لە دەوروبەری خانووی جووەكان پێشتر خانووی مەسیحی، ئێزیدی، مسوڵمانەكانیش هەبوو، بەڵام ئێستە هیچ خێزانێكی جوو لە زاخۆ نەماون و هەمووان كوچیان بۆ ئیسرائیل كردووە، ئێستە خانووەكان لە دەستی خەڵكانی ترە و شوێنەوارەكانی زاخۆ لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار رێ نادەن هاووڵاتییان خانووەكان بڕووخێنن". یوسفی وای گۆت.

بەڕێوەبەری شوێنەوارەكانی زاخۆ دووپاتی دەكاتەوە، لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار هەوڵ دەدەین خانووەكان نۆژەن بكەینەوە، بۆ ئەوەی وەك مۆزەخانەیەكی شوێنەواری و شارستانی بمێننەوە، بەڵام هەوڵەكان تەنیا بڕیاری سەر كاغەزە و نەبوون بە‌ كردار.

ئێستە حەوت خانوو لە زاخۆ ماون و خانووەكان دەكەونە نزیك پردی دەلال لە سەنتەری شاری زاخۆ، كە یەكێكە لە شوێنە ستراتیجییەكانی ئەو شارۆكەیە.

زاخۆ/ نەوزاد هلۆری





وشە - هیدایه‌ت جان