هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان پاشەكشە بە ئابووری ناوچەكە دەكات

:: PM:03:38:19/10/2019 ‌

جەنگ و ئابووری دوو ئاراستەی دژ بە یەكن و سەرهەڵدانی جەنگ لە هەر شوێنێك، دەبێتە هۆی پاشەكشەی سەرجەم كەرتەكانی ئابووری و دارایی، تاكە شتێك لەم بازنەیەدا بازاڕی گەرم بێت، ساغكردنەوەی ئەو فیشەك و چەكانەیە كە وڵاتانی گەورەی پیشەسازی بەرهەمی دێنن.

لە نۆی تشرینی یەكەمی 2019 هێرشی داگیركاری سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستی پێ كردووە، لە هەموو جەنگێكی داگیركاریش زیان زیاتر بەو لایەنە دەكەوێت كە داگیر دەكرێت، بەتایبەت ئەگەر لایەنێك بە هەمان عەقڵیی فراوانخوازی لە ژێر پەردەی ئیسلام بیەوێت پەرە بە سنوورەكەی بدات. لەو كاتەشدا نەك هیچ كەسێك پارێزراو نابێت، بگرە هەموو ئەو موڵك و سامانەیش كە لە شوێنەكە هەن، دەستیان بەسەردا دەگیرێت یان لەناو دەبرێن.

رۆژئاوای كوردستان چ لە رووی كشتوكاڵی و چ لە رووی سامانی سروشتی، بە دەوڵەمەندترین ناوچەی سووریا هەژمار دەكرێت. لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی دەسەڵاتێكی خۆجێیی لەو پارچەیەی كوردستان دروست بووە، خۆیان ئابووری خۆیان هەڵدەسووڕێنن.
جگە لە ئاژەڵداری، لە كشتوكاڵ بەرهەمەكانی گەنم و لۆكە و زەیتوون و لە سامانی سروشتیش ئاو و نەوت و گاز، بە گرنگترین سەرچاوەی ئابووری رۆژئاوا هەژمار دەكرێن كە یەك لەسەر سێی خاكی سووریا پێك دێنن. 
یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وایكرد لە رابردوودا توركیا عەفرین داگیر بكات، دەوڵەمەندیی و خێروبێری ناوچەکە بوو
یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وایكرد لە رابردوودا توركیا عەفرین داگیر بكات، دەوڵەمەندیی و خێروبێری ئەو ناوچەیەی كوردستان بوو كە بە بەرهەمهێنانی زەیتوون بەناوبانگە.

 بیرە نەوتەكان كە پێشتر لە ژێر دەستی حكوومەتی سووریادا بوون و ماوەیەكیش داعش بەشێكیانی كۆنترۆڵ كردبوو، بەشی زۆریان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان هەڵكەوتوون. بەشێكی ئابووری رۆژئاوای كوردستان پشت بەم سەرچاوانە دەبەستێت.
شەڕ و هێرشە داگیركارییەكان زیانی قورسی بۆ سەرجەم ئەم كەرتانەی رۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەو ئابوورییەی چەند ساڵێكە لەناو شەڕ و پاشاگەردانی ناوچە جیاجیاكانی سووریا توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، خەریكە رووبەڕووی مەترسی و زیانی گەورە دەبێتەوە. 

زیانی ئەو هێرشە داگیركارییە تەنیا بۆ رۆژئاوای كوردستان نییە، بەڵكو كاریگەری خراپی بۆ سەر هەرێمی كوردستانیش هەیە، ئەگەر درێژە بكێشێت و نەوەستێنرێت.

رووداو و تەنگژەكانی هەر پارچەیەكی كوردستان كاریگەریی بۆ سەر پارچەكانی تری كوردستان هەبووە و لە داهاتوویشدا دەیبێت. بۆ نموونە، ئێستە هەر لەو تەنگژە ئابوورییەی بەرۆكی رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووە، بە دەیان هەزار كرێكار روویان لە باشوور كردووە بۆ ئەوەی كار یان كاسبییەك دەست بخەن، پێچەوانەی ئەمەیش لە رابردوو رووی داوە. 

تێكچوونی رۆژئاوای كوردستانیش وەك چۆن لە رابردوودا كاریگەری هەبووە، لە داهاتووشدا كاریگەرییەكانیان زیاتر دەبێت.
ئەگەر جەنگەكە نەوەستێنرێت، پێشبینی دەكرێ بە سەدان هەزار ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان روو لە هەرێمی كورستان بكەن و هەموو ئەو ئاوارانە پێویستیان بە شوێن و رێ و خۆراك و پێداویستی هەیە كە دەبێ هەرێمی كوردستان بۆیان دابین بكات.

دكتۆر ئەرشەد تەها پسپۆڕی ئابووری، بۆ "وشە" روونی كردەوە، "نەك ئەم جەنگە، سەرجەم جەنگەكانی ناوچەكە وەك ئەو جەنگەی لە یەمەن دەكرێت و ئەو كێشەیەی لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندایە، تەنانەت خۆپێشاندانەكانی بەغدا، كاریگەرییان بۆ سەر ئابووری ناوچەكە هەیە و هەرێمی كوردستانیش كاریگەریی بەردەكەوێ".
یەكێك لە گرنگترین ئەو كاریگەرییە خراپە ئابوورییانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەگەری ئاوارەبوونی كوردی رۆژئاوای كوردستانە

ئەو دەڵێ "یەكێك لە گرنگترین ئەو كاریگەرییە خراپە ئابوورییانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەگەری ئاوارەبوونی كوردی رۆژئاوای كوردستانە، لە دۆخێكدا كە هێشتا هەرێم نەیتوانیوە كاریگەرییەكانی تەنگژەی دارایی لا ببات و هێشتا مووچەی مانگانە چەند رۆژێك دوا دەكەوێت، زیادبوونی خەرجییەكانی زیان بە ئابوورییەكەی دەگەیەنێت".

بۆ نموونە، ئەگەر سەدان هەزار ئاوارە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەو ئاوارانە پێویستیان بە شوێن و خواردن و خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و پێداویستی پزیشكی و چەندان شتی تر هەیە، ئەركە سەرەكییەكەش دەكەوێتە سەرشانی هەرێمی كوردستان.

دكتۆر ئەرشەد تەها باسی لەوەش كرد، ئەگەر جەنگەكە فراوانتر بێت و تەنانەت بە بیانووی لێدانی پەكەكە سەرجەم سنوورەكانی هەرێمی كورستانیش بگرێتەوە، ئەوا كاریگەرییە خراپەكان زۆر بەرفراوانتر دەبن، چونكە بەشێك لە داهاتی هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا.

پێویستە بگوترێ لە هەرێمی كوردستان ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەر دۆخێكی نائاسایی ببێتەوە، بەتایبەت لە ئەگەری هاتنی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان.

نەجات شەعبان عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كورستان، بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، پێشتر بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك، تا ئاستێكی زۆر باری دارایی هەرێمی كوردستانی قورس كرد.

بۆ ئەمجارەش هیوای خواست هیچ شتێك روو نەدات و جەنگەكە بەكۆتا بێت، بەڵام لە ئەگەری هەر روودانێكیش پارێزگاری دهۆك و ئەنجوومەنی پارێزگاكە ئامادەكاری و رێوشوێنی پێویستیان وەرگرتووە بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان.

كاریگەرییە ئابوورییەكانی ئەم جەنگە بەرۆكی ئەو لایەنەش دەگرێتەوە كە بە داگیركار هەژمار دەكرێت، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای لیرەی توركیا بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و  هەر 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 592 لیرە دەفرۆشرێت كە بە نزمترین نرخی لیرە لە پێنج مانگی رابردوو هەژمار دەكرێت و هێشتایش ئەگەری داڕمانی لیرە، چاوەڕوانكراوە.





وشە - سلێمان تاشان