ئه‌گه‌ر تاوانباریش بین، هه‌موومان مرۆڤین و هه‌موومان به ئه‌زموونه مرۆییه‌كاندا تێده‌په‌ڕین، هه‌ندێك جاریش حه‌ز ده‌كه‌ین ئه‌و ئه‌زموونه مرۆییه به چێژه‌وه تاقى بكه‌ینه‌وه كه هه‌ر مرۆڤێك حه‌ز ده‌كات رێكه‌وتى بكات، بڕواشمان به‌وه نییه خاوه‌ندارێتى و ئه‌نجامدانى ئه‌و ئه‌زموونانه ته‌نیا له‌سه‌ر كه‌سانى شه‌ره‌فمه‌ند و رابردووپاك قه‌تیس كرابێت.
بۆ نموونه لێره‌دا ده‌كرێت پرسیارى ئه‌وه بكه‌ین، ئایا گونجاوه كه‌سێكى بكوژ عاشق بێت؟ ره‌نگه وه‌ڵامى زۆربه‌مان "به‌ڵێ" بێت، له‌و روانگه‌یه‌ى ئێمه هه‌ریه‌كه‌مان له چركه‌ساتێك هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت هه‌رچه‌نده هه‌ڵه‌كه‌یش گه‌وره بێت، ئه‌مه ماناى ئه‌وه نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵه‌یه هه‌موو هه‌سته مرۆییه‌كانمان ره‌ش بكرێنه‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر دووباره پرسیاره‌كه بكه‌ینه‌وه و بڵێین ئه‌ى چى ئه‌گه‌ر بكوژه‌كه كه‌سێك نه‌بێت به‌هۆى هه‌ڵه و كێشه‌یه‌كه‌وه تاوانى كوشتنى له‌ده‌ست ده‌رچووبێت، به‌ڵكو خۆى كه‌سێكى پیشه‌یی بێت، ته‌نیا به پاره ئه‌م كاره بۆ كه‌س و لایه‌ن و رێكخراوه‌كانى تر بكات؟ ئایا ئه‌و كه‌سه پێشبینى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت هه‌ستى مرۆیى تێدا مابێته‌وه؟ خۆ ئه‌و له به‌رانبه‌ر بڕێك پاره مرۆڤ له لیستى زیندوو ره‌ش ده‌كاته‌وه، چۆن ده‌كرێت به لووله‌ى تفه‌نگ بێ بوونى هیچ پاساوێك مرۆڤ ره‌ش بكه‌یته‌وه و هه‌ستى مرۆییشت هه‌بێت؟
ره‌نگه حه‌ز بكه‌ین زانیاریمان له‌سه‌ر نموونه‌یه‌كى وه‌ها هه‌بێت، تا هه‌ست به دۆخه‌كه بكه‌ین. نووسه‌رى چیلى لویس سیپۆلڤیدا له رۆمانى "یاداشته‌كانى بكوژێكى عاشق" ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه.
لویس سیپۆلڤیدا له ساڵى 1949 له دایك بووه، چه‌ندان رۆمانى نووسیوه، رۆمانى هه‌ره به ناوبانگى ئه‌و به‌ناوى "ئه‌و پیره‌مێرده‌ى رۆمانه دڵدارییه‌كانى ده‌خوێنده‌وه" بڵاو كراوه‌ته‌وه، دواتریش رۆمانى یاداشته‌كانى بكوژێكى عاشقى بڵاو كردووه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌نده یاداشته‌كانى بكوژێكى عاشق رۆمانێكى بچووكه، به‌ڵام یه‌كێكه له كاره گرنگه‌كانى سیپۆلڤیدا. به ته‌كنیكێكى ساده‌ى گێڕانه‌وه، باس له‌و كێشه ئاڵۆزه مرۆییه ده‌كات كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد.
بگێڕه‌ره‌وه‌ى رووداوه‌كان هه‌ر كه‌سه بكوژه‌كه‌یه
بكوژێك كه خۆى به بكوژێكى پرۆفیشناڵ وه‌سف ده‌كات، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكى كه‌مه كه‌وتووه‌ته داوى دڵدارى و پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ كچێكى فڕه‌نسایى هه‌رزه‌كار دروست كردووه و هه‌ندێك جار هه‌ست ده‌كات خۆشى ده‌وێت.
بگێڕه‌ره‌وه‌ى رووداوه‌كان هه‌ر كه‌سه بكوژه‌كه‌یه، كۆى رۆمانه‌كه‌یش له شێوه‌ى یاداشتى رۆژانه بڵاو كراوه‌ته‌وه و له شه‌ش به‌ش پێكهاتووه. واته به‌شه‌كانى به‌سه‌ر رۆژه‌كانى هه‌فته‌یه‌ك دابه‌ش كراوه.
رۆژى یه‌كه‌م به‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه بكوژه‌كه چاوه‌ڕوانى یار ده‌كات له مه‌كسیك بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌و به جۆرێك له جۆره‌كان په‌رۆشه بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر له نزیكه‌وه چێژ له پێوه‌ندیى كچه فڕه‌نسییه‌كه وه‌ربگرێت، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یه‌كتریان ناسیوه و له‌و ماوه‌یه‌یش به یه‌كه‌وه ژیاون.
بكوژه‌كه له‌مه‌شدا جه‌ربه‌زیى كردووه، چونكه وه‌ك خێزاندارێك له‌گه‌ڵ كه‌سێك ده‌ژی، ئه‌مه‌یش پێشێلكردنى رێساكانى بكوژى پیشه‌گه‌ره، چونكه نابێت ئه‌وان پێوه‌ندى دڵدارى دروست بكه‌ن، به‌ڵكو له‌برى ئه‌مه ده‌توانن شه‌وێك له كۆكتێلى له‌شفرۆشان سوودمه‌ند بن كه له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌ست ده‌كه‌وێت.
له‌و كاته‌دا پێشنیازى ئیشێكى بۆ دێت، ئه‌ویش كوشتنى كه‌سێكى به‌ناوبانگه، وێنه و ناوه‌كه‌ى له زه‌رفێكدا بۆ هاتووه، ده‌بێت به زووترین كات له‌ناوى ببات، ئه‌و كه‌سه به ناوى ڤیكتۆر مۆجیكا، كه‌سێكه له سییه‌كانى ته‌مه‌ندایه.
بۆ یه‌كه‌مجار بكوژه‌كه له رێساى دووه‌مى بكوژى پیشه‌گه‌ر ده‌رده‌چێت، كاتێك به سیماى كه‌سه‌كه نیگه‌ران ده‌بێت و حه‌ز ده‌كات بزانێ ئه‌مه كێیه؟ به تێپه‌ڕبوونى ده‌یان ساڵ له‌م پیشه‌یه، ئه‌و نه‌بووه به‌م جۆره بیر بكاته‌وه و بنه‌ماكانى كاره‌كه‌یشى رێى ئه‌وه‌ى پێ ناده‌ن.
له هه‌ر پێشنیازێكى كوشتن، كه‌سێك كه خاوه‌ن كاره‌كه‌یه‌تى و تا ئێسته نه‌یبینیوه، ته‌له‌فۆنى بۆ ده‌كات و ئه‌ركه‌كه‌ى پێ راده‌سپێرێت، ئه‌ویش بێ بیركردنه‌وه له‌وه‌ى كه‌سى به ئامانجكراو كێیه، ئه‌ركه‌كه‌ى خۆى راده‌په‌ڕێنێ و له ناوى ده‌بات.
به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان وا نییه، له خۆى ده‌پرسى چی به‌سه‌ر هاتووه؟ له‌و كاته‌دا نامه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ى پێ ده‌گات، داواى لێبوردنى لێ ده‌كات كه ناگه‌ڕێته‌وه، چونكه كه‌سێكى تر‌ى دۆزیوه‌ته‌وه و وای لێ هاتووه له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه نوێیه دنیا به جۆرێكى تر ببینێت. له رۆژێكدا ئه‌مه دووه‌م هۆكارى نیگه‌رانی بكوژه‌كه ده‌بێت.
دواجار له سێ رۆژى دواتر بكوژ هه‌وڵ ده‌دات له ئیستانبوڵ ئامانجه‌كه‌ى ده‌دۆزێته‌وه، به‌ڵام له كوشتنى سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئه‌مه بۆ یه‌كجارى ده‌یخاته دڵه‌ڕاوكێیه‌وه. له‌لایه‌ك شكست له ئامانجه‌كه‌ى، له‌لایه‌كى تر كیژۆڵه‌ى فڕه‌نسایى جێى هێشتووه.
له هه‌موو ئه‌مانه‌یش زیاتر شتێكى تر نیگه‌رانى ده‌كات، ئه‌ویش شوناسى بكوژه‌كه‌یه، ئه‌و پیاوه له وێنه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌سێكه له بوارى خێرخوازى كار ده‌كات، هاوكارى په‌نابه‌ر ده‌كات، كه‌سێكى رۆشنبیر و مرۆڤدۆست دیاره، كه‌چى له لایه‌نێكى نه‌ناسراوه‌وه بڕیارى كوشتنى دراوه و ده‌بێ به زووترین كات له‌ناو ببرێت، بۆ ئه‌مه‌یش بكوژێكى خاوه‌ن ئه‌زموون راسپێدراوه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ى هه‌موو جاره‌كانى تر، ئه‌مجاره‌یان بكوژه‌كه دوودڵ ده‌رده‌كه‌وێ.
پێوه‌ندى به سه‌رۆكه‌كه‌ى ده‌كات و بۆ یه‌كه‌مجار له ماوه‌ى ته‌مه‌نى كاركردنیدا، داواى دیدارى لێ ده‌كات، سه‌رۆكه‌كه‌یشى به‌مه رازى ده‌بێت و دێته دیده‌نى بكوژه‌كه كه یه‌كێك بووه له سه‌ركه‌وتووترین پیاوه‌كانى.
له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكه‌كه‌ى موژده‌ى ئه‌وه‌ى پێ ده‌دات، خانه‌نشینى بكات و وه‌ك له رێساى بكوژان هه‌یه له ناوى نه‌بات، بۆیه ده‌توانێ بۆ خۆى وه‌ك كه‌سێكى به‌ڕێز له شوێنێك پاشماوه‌ى ژیانى به‌سه‌ر به‌رێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى ڤیكتۆر مۆجیكا له‌ناو به‌رێت.
پرسیارى دووه‌م كه ئاراسته‌ى سه‌رۆكه‌كه‌ى ده‌كات ئه‌وه‌یه، بۆچى ده‌بێت ڤیكتۆر مۆجیكا له‌ناو ببرێت؟ وه‌ڵامى سه‌رۆك ئه‌وه‌یه مۆجیكا پیاوێكى ترسناكه، هه‌موو ئه‌مه‌ریكاى باكورى تۆقاندووه، چونكه باندێكى مافیایى هه‌یه، ماده‌ى هۆشبه‌ر به‌و كیشوه‌ره و ناوچه‌كانی تر‌ى دنیادا بڵاو ده‌كاته‌وه، بۆیه كه‌سانێك هه‌ن بۆ كوشتنى ئه‌و تینوون.
لێره‌وه دوایین بڕیار ده‌درێت، بكوژه‌كه به‌ره‌و مه‌كسیك ده‌كه‌وێته رێ، ئه‌مجاره دوودڵى له كوشتنى ئامانجه‌كه‌ى ناكات. ئه‌ى چى له‌باره‌ى كچه فڕه‌نساییه‌كه؟ لێره‌وه كلیلى بابه‌ته‌كه ده‌دۆزینه‌وه. كاتێك بكوژه‌كه ده‌گاته مه‌كسیك و ماڵى مۆجیكا ده‌دۆزێته‌وه. بۆى ده‌رده‌كه‌وێت كچه فڕه‌نساییه‌كه پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ مۆجیكا دروست كردووه، هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یش بووه كه له نامه‌كه وا باسى كردووه، گوایه به‌هۆى ناسینى ئه‌وه‌وه دنیاى به‌شێوه‌یه‌كى تر ده‌بینى!
خوێنه‌ر لێره‌دا بۆى ده‌رده‌كه‌وێت، بكوژه‌كه بۆچى هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نیگه‌ران بووه، بۆچى هه‌میشه به پێچه‌وانه‌ى جارى پێشتر كه كه‌سانى تر‌ى ده‌كوشت و بێ ئه‌وه‌ى بایه‌خ به ناسینیان بدات، ئه‌مجاره دنیایه‌ك پرسیارى له‌سه‌ر شوناسى ئه‌و كه‌سه هه‌بوو.
ئه‌و نیگه‌رانییه‌ى كه له رۆژى یه‌كه‌مى راسپاردنى ئه‌ركه‌كه هه‌یبووه، به هۆى ئیره‌یی نێرینه‌ییه‌وه بووه، ئه‌و هه‌ستى كردووه ئه‌و كه‌سه بۆ ئه‌م كه‌سێكى ئاسایى نییه، به‌ڵكو كه‌سێكه خۆشه‌ویسته‌كه‌ى ڕفاندووه، ئه‌مه‌یش واتاى ئه‌وه‌یه بكوژه‌كه عاشق بووه.
به‌ڵام ئێسته چۆن چاره‌سه‌رى ئه‌م دوو هه‌سته ده‌كات؟ هه‌ستى ئه‌وه‌ى كه‌سێكى ترسناك هه‌یه ماده‌ى هۆشبه‌ر به هه‌رزان به‌ناو خه‌ڵك بڵاو ده‌كاته‌وه، وه‌ك تۆڵه‌یه‌كى سیاسیش ئه‌م كاره ده‌كات. له‌گه‌ڵ هه‌ستى ئه‌وه‌ى كچێكى خۆشه‌ویستووه ئێسته له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه‌دایه؟
ئه‌و بكوژه ناتوانێ هه‌ست ناسك بێت، بۆیه بێ ئه‌وه‌ى بڕیارێك بدات و له‌گه‌ڵ خۆى تاوتوێى بكات، سه‌ره‌تا ئامانجه‌كه‌ى ده‌كوژێت و دواتریش خۆشه‌ویسته‌كه‌ى له ئامێز ده‌گرێت، ئینجا فیشه‌كێك به مه‌مكى راستییه‌وه ده‌نێ و ئه‌ویش ده‌كوژێت، وه‌ك راسپێردراوه ده‌بێت هیچ شوێنه‌وارێك له دواى خۆى جێنه‌هێڵێ. بۆیه گازى ماڵه‌كه ده‌كاته‌وه و هه‌ردووكیان ده‌كوژێت.
وێڕاى ئه‌مه، بكوژه‌كه ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه یاره‌كه‌ى خۆشویستووه، بۆیه له دواین دێڕى رۆمانه‌كه‌دا هاتووه "ئاره‌زووى رۆیشتنى هه‌بوو، سه‌یرى نه‌گبه‌تى منیشى ده‌كرد، قه‌ده‌رى من وابوو ئه‌مشه‌و خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌ده‌ست بده‌م".
هه‌ڵبه‌ته هه‌ر چاپێكى رۆمانه‌كه به هه‌ر زمانێك بێت، ناگات به 90 لاپه‌ڕه، كه‌چى له‌م رۆمانه بچووكه‌دا به شێوازێكى زۆر ساده و سه‌رنجڕاكێش سپۆلڤیدا تاوتوێى ئه‌و ئه‌زموونه مرۆییه ده‌كات.
ره‌نگه ئه‌وه‌ى لێره‌دا باس كراوه، ته‌نیا ره‌هه‌ندێكى رۆمانه‌كه بێت، چونكه وه‌ك تێبینى ده‌كرێت چه‌ندان ره‌هه‌ندى تری هه‌یه، له‌وانه ده‌كرێ پرسیارى ئه‌وه بكرێت ئایا كامه هه‌ست به‌سه‌ر بكوژه‌كه‌دا زاڵ ده‌بێت؟ راسته ئه‌و دواجار خۆشه‌ویسته‌كه‌یشى كوشت، ئه‌ى بۆچى بڕیارى دا واز له كاره‌كه‌ى بهێنێ؟ هه‌ڵبه‌ته له وتارى تر ره‌خنه‌گران هه‌وڵیان داوه وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌یش بده‌نه‌وه.