توركیا هه‌وڵ ده‌دات رووسیایش له‌ دژى كورد به‌ كار بهێنێت

:: PM:02:06:20/10/2019 ‌
مه‌ولوود چاوش ئۆغڵوى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا راى گه‌یاند، له‌گه‌ڵ رووسیا تاوتوێى بابه‌تى ده‌ركردنى هێزه‌كانى یه‌په‌گه‌ ده‌كه‌ن له‌ مه‌نبه‌ج و كۆبانێ.
  
 ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 20ى تشرینى یه‌كه‌م، مه‌ولوود چاویش ئۆغڵو له‌ لێدوانێكى كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسى رۆیته‌رز بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ دیداره‌كانى نێوان پوتین و ئه‌ردۆغان ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ رووسیا به‌ڕێوه‌ بچێت.


توركیا داوا ده‌كات رووسیا هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ مه‌نبه‌ج و كۆبانێ ده‌رباكت


چاوش ئۆغڵو باس له‌ كارنامه‌ى به‌رپرسانى توركیا و رووسیا ده‌كات و ده‌ڵێ هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ رووسیا تاوتوێى ده‌ركردنى یه‌په‌گه‌ بكه‌ین له‌ مه‌نبه‌ج و كۆبانێ.

بڕیاره‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌رۆدغانى سه‌رۆكى توركیا، رۆژى سێشه‌مى داهاتوو به‌ره‌و شارى سۆچى رووسیا به‌ڕێ بكه‌وێت.

 مه‌ولوود له‌باره‌ى ئامانجى ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌ڵێ نابێت له‌م پێنج رۆژه‌دا هیچ چه‌كدارێكى یه‌په‌گه‌ له‌ مه‌نبه‌ج و كۆبانێ و ئه‌و شوێنانه‌ ببینرێت، كه‌ هێزه‌كانى رژێمى ئه‌سه‌دى تێدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو توركیا و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئاگربه‌ستێكى پێنج رۆژى رێككه‌وتن، كه‌ به‌ گوته‌ى چاودێران توركیا له‌م رێككه‌وتنه‌ سوودمه‌ندى یه‌كه‌مه‌ و ئه‌مه‌ریكاى بۆ مه‌به‌ستى خۆى به‌كار هێناوه‌.
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل