سلێمانی.. دەستی نۆژەنكردنەوەی حكوومەت گەیشتووەتە 700 كیلۆمەتر رێگەوبان

:: PM:09:05:20/10/2019 ‌
 
بەڕێوەبەری چاككردنی ڕێگەوبانی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت كە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستیان كردووە بە چاككردنی ڕێگەوبانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و لە كاردان بۆ ئەوەی نزیكەی 700 كیلۆمەتر ڕێگە چاكسازی تێدا بكرێت.
تەواوی ڕێگەكان چاك دەكرێنەوە
 ئەمڕۆ یەكشەم 20ی تشرینی یەكەم، جەمال ڕەزا، بەڕێوەبەری چاككردنی ڕێگەوبانی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا پارە تەرخان بكات بۆ ڕێگەوبانەكان، ئێستە لە تەواوی سنووری پارێزگای سلێمانی دەست كراوە بە چاككردنەوەی ڕێگەوبانی ناوچەكان لە ڕێگە سەرەكی و لاوەكییەكان.

زیاتر گوتی، ئێستە لە ڕێگەی وارماوا بۆ دەربەندیخان و سلێمانی بۆ چەمچەماڵ و سلێمانی بۆ دوكان و دوكان بۆ خەلەكان و كەلار بۆ دەربەندیخان دەستی پێ كردووە و چاكسازی لەو ڕێگەیانە دەكرێت و قیڕە كۆنەكە هەڵدەكەندرێت و قیڕی نوێ دەكرێنەوە.

بەڕێوەبەری چاككردنی ڕێگەوبانی سلێمانی روونی كردەوە، سنووری پارێزگای سلێمانی خاوەنی سێ هەزار كیلۆمەتر ڕێگەیە بە ڕێگەی سەرەكی و لاوەكییەوە و لەو بڕە پارەیەی كە بۆمان تەرخان كراوە دەتوانین نزیكەی 700 كیلۆمەتر ڕێگا چاكسازی تێدا بكەین.

 دووپاتی كردەوە، دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تەرخانكردنی پارە بۆ ڕێگەوبانەكان، توانراوە بەشێكی زۆر لە گرفتی ڕێگەكانی سلێمانی چارەسەر بكرێن، ڕێگەكان ساڵانە پێویستیان بە چاكسازی هەیە و دەخوازین ئەو بڕە پارەیە ساڵانە بەردەوام بێت.

 لای خۆیەوە بەهزاد ئەسعەد، شۆفێر كە لە ڕێگەكانی دەرەوە كار دەكات بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێك دەبێت لە ڕێگەكانی دەرەوەی سلێمانی دەست بە كاركردن كراوە و لەهەر شوێنێك ڕێگەكە خراپ بووبێت، چاككراوەتەوە یان دەستیان بە چاككردنەوەی كردووە.

 زیاتر گوتی، بڕیاری دابینكردنی پارە بۆ رێگەكان چارەسەرێكی باشە، چونكە چەند ساڵێك دەبێت بەو شێوەی ئێستە نە پارە تەرخان كراوە و نە چاكسازی لە ڕێگەكان كرا بوو، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت تەواوی ڕێگەكان چاك دەكرێنەوە.

  سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل