سلێمانی.. سمێڵ بابڕەكان دەكرێتە كاریكاتێر

:: PM:09:39:20/10/2019 ‌

هونەرمەندی شێوەكار بەكر عەبدولڕەحمان لە پێشانگایەكی تایبەتیدا 42 تابلۆی كاریكاتێر سەبارەت بە "سمێڵ بابڕەكان" لە شاری سلێمانی دەكاتەوە.

پێشانگاكە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم لە هۆڵی گەلەری لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەكە لە شاری سلێمانی كرایەوە و بڕیارە سێ ڕۆژ بخایەنێت و ڕۆژانە لە سەعات 10-12ی بەیانیان و 3-6ی ئێواران لە چاوەڕوانی هاووڵاتییاندا دەبێت بۆ بینینی تابلۆ كاریكاتێرەكانی، كە ئەم پێشانگایە بە هاوكاری ناوەندی حەوت ڕەنگە كراوەتەوە.

بەكر عەبدولڕەحمان، /54ساڵ/، هونەرمەندێكی شێوەكاری سلێمانییە و لە بواری كاریكاتێریستدا رۆڵێكی باڵای هەیە، بە ئەكادیمی هونەری شێوەكاری نەخوێندووە، بەڵام حەز و خولیایی بۆ هونەر ئەوی كردووەتە شێوەكارێكی بەتوانا. ئەو هونەرمەندە یەكەم پێشانگای لە ساڵی 1992 كردووەتەوە و لەسەر دیوار و ئۆتۆمبێلی شكاو تابلۆكانی نمایش كردووە، لە ساڵی 1996 دەستی كردووە بە هونەری كاریكاتێرستی.

بەكر عەبدولڕەحمان سەبارەت بە پێشانگاكەی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێشەنگاكەم لەژێر ناوی (سمێڵ بابڕەكان) كردەوە كە 42 كاری كاریكاتێریم نمایش كردبوو، مەبەستی پێشانگاكە، سمێڵ هێمای پیاوسالاری و دەسەڵات و پارەیە، كاتێك كە ئەم سمێڵ بابڕییە لە مرۆڤێكدا بەرجەستە دەبێت، ئەوكاتە بەرانبەرەكەی دەسڕێتەوە و زۆر میزاجی دەبێت.

هونەرمەند ئاماژەی كرد، سەرجەمی تابلۆكان بە قەڵەم كێشراون لەسەر كاغەز و ئەمە 15مین پێشانگای تایبەتی منە و هەروەها بەشداریم كردووە لە زیاتر لە 10 پێشانگای هاوبەشدا.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد













وشە - مه‌حموود ئیسماعیل