سووریا.. پووتین بێ جەنگ سەركەوت

:: PM:11:20:20/10/2019 ‌

رۆژنامەیەكی ئەڵمانی وتارێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە دەكات كە لە سووریا ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا چەند سەركەوتنێكی بێ جەنگی بەدەست هێنا، هاوكات شرۆڤەكارێك دووپاتی دەكاتەوە كە لە دوای رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكی رووسیا، توركیا بووەتە داردەستێكی رووسیا و بۆ دەستەمۆكردنیشی سوودی لە كورد بینیوە.

سەربازانی ئەمەریكا دەڕۆن و رووسەكان شوێنیان دەگرنەوە
رۆژنامەی "دی فیلت"ی ئەڵمانی ئەمڕۆ یەكشەم وتارێكی میخایل شتوورمەر، شرۆڤەكاری رۆژنامەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی كردووە كە پووتین لە سووریا چەند سەركەوتنێكی بێ جەنگی تۆمار كردووە، كاتێك زۆر مانادار بوو كە سەربازەكانی ئەمەریكا كە زۆرینەیان لە هێزە تایبەتەكان بوون، ئەوان شوێنی خۆیان جێدێڵن و سەربازانی رووسیا بەپێچەوانەی ئەوان بۆ شوێنگرتنەوەیان دەچن. بەوەش پووتین ئەوەی خەونێك بوو بۆ سەرجەم فەرماندە سەربازییەكان بەدرێژایی مێژوو، بەدەستی هێنا، ئەویش سەركەوتنی بێ جەنگ بوو. 

بەپێی ئەو شرۆڤەكارە پووتین ماوەیەكی درێژە سەركەوتووە لە گۆڕینی هێڵەكانی هێزی جیۆسیاسی لە نێوان دەریای بەلتیك و دەریای رەش و ئێستەیش لە دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، هیچ لایەنێك چ ئەمەریكا یان چین و تەنانەت ناتۆش، ناتوانن رێگری لە پووتین بكەن لە بەردەوامبوون لە یاری راستەوخۆ و گەورەی ململانێی دەسەڵات لە وڵاتانی دراوسێی و ناوچەی ئۆراسیا، ئەو یارییەی كە لە 1989-1990 دیار بوو كە رووسیا تیایدا تا هەتایە شكستی خواردبوو، كەچی ئێستە دۆخەكە تەواو گۆڕاوە.  

ئەو نووسەرە لە كۆتایی وتارەكەیدا ئاماژە دەكات كە زۆر روونە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی بۆ لەمەودوا ناتوانێت وەك ئەوەبێت بەدرێژایی دەیان ساڵ هەبووە لەسەردەمی جەنگی سارددا، وەك مسۆگەركار بۆ تەناهی و و بەرجەستەكاری بیرۆكەی بەرپەرچدانەوەی گەورە لەچاوی ئەوروپاییەكانەوە و بناخەیەكی پێگەی پێشەنگی ئەمەریكا لە زەریای ئەتڵەسیدا. 

لای خۆیەوە ڤلادیمێر ڤان ولنگبێرگ، شرۆڤەكاری سیاسی لە وتارێكی لە ماڵپەڕی "ئەحوال"ی بەرهەڵستكاری توركی ئاماژە دەكات كە سەرەڕای هەڵە سیاسییە دواییەكەكانی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا تەنیا یەكجار داوای لێبوردنی كردووە، ئەوەیش بۆ رووسیا لە حوزەیرانی 2016 لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی رووسی لە دیسێمبەری 2015 بەدەستی هێزی بەرگری ئاسمانی توركیا. 

لەو ساتەوە پێوەندییەكانی رووسیا و توركیا ئاراستەیەكی جیاوازیان وەرگرت كە تیایدا ئەنكەرە بووە سەر بە رووسیا لە بەرانبەر ناتۆدا، بەڵكو پووتین توانی كورد وەك بووكەڵە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربێنێت و ئەو لە 2016 پاڵپشتی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لە باكوری رۆژئاوای سووریا كرد "قەلغانی فورات لە 2016" و "چڵە زەیتوون لە 2018"، جیا لە ئۆپراسیۆنی دوایی بەناوی "كانی ئاشتی". 

ویلنبێرگ لە وتارەكەیدا ئاماژە دەكات، سەرۆكی رووسیا باش دەیزانی كە توركیا لە باكوری رۆژهەلاتی سووریا هێرش دەكاتە سەر كورد و ئەوكات كورد ناچاری داواكردنی یارمەتی سووریا دەبن، چونكە ئەوكاتەی توركیا لە 2018 هێرشی كردە سەر عەفرین، رووسیا دوو بژارەی لەپێش كورد دانا، رادەستكردنی عەفرین و ناوچەكە بەتەواوەتی بۆ بەشار ئەسەد یان رووبەڕووبوونەوەی توركیا، كە كورد بەرگریكردنیان هەڵبژارد.

ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت، ئەوكاتەی كورد داوایان لە حكوومەتی سووریا كرد بۆ پاراستنی سنوورەكان، كار لە كار ترازابوو، چونكە پێش ئۆپراسیۆنەكەی توركیا لە عەفرین، رووسیا پاڵپشتی كوردی كرد لەدژی گرووپەكان لە نزیك حەلەب و فەرماندەی هێزەكانی یەپەگە لە مۆسكۆ لە 2017 خەڵات كرا، بەڵام دوای مانگێك رووسیا لە عەفرین پاشەكشەی كرد و كورد هەستیان كرد كە ناپاكیان لێ كراوە. 

ئەو توێژەرەی كاروباری كوردی دەڵێت، ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا لەدژی كورد بووە هۆی كەمبوونەوەی هێزی گرووپە توندڕۆكان لە جەنگەكانیان لەدژی حكوومەتی سووریا لە حەلەب و دیمەشق و ئیدلب، هەروەها بووە هۆی دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان توركیا و ئەمەریكا لەبری ئەسەد و رووسیا، توركیاش توانی گرووپە توندڕۆكان لە جەنگ لەدژی كورد بەكاربێنێت نەوەك لەدژی ئەسەد.

دوای هەموو شتێكیش توركیا تەنیا گرنگی بە لەناوبردنی كورد لە عەفرین دا نەوەك ئیدلب، هەورەها توركیا چەندان گرێبەستی بۆ دوورخستنەوەی گرووپە توندڕۆكان لە بەرانبەر هێزەكانی ئەسەد دا و پاڵپشتی لە كۆنگرەكانی ئەستانە كرد كە رووسیا پاڵپشتی لێ دەكات و لەكۆتاییدا بۆ بەرژەوەندی مانەوەی ئەسەدە. 

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژە دەكات كە دوای راگەیاندنی ترەمپ بۆ پاشەكشەكردنی لە سورویا لە 2018 كورد پەنایان بۆ دیمەشق و مۆسكۆ برد، لەو ساتەوە هەریەك لە دیمەشق و مۆسكۆ چاوەڕوانی هەلی رووبەڕووبوونەوەیەكی توركیا و كورد یان پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا دەكەون بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن. ئێستەیش كاتێك هێزەكانی ئەمەریكا پاشەكشە دەكەن، پێدەچێت رووسیا هێزی سەرەكی بێت كە دوارۆژی سووریا دیاری دەكات، مەگەر گۆڕانكاری گەورە روو نەدات و پووتینش بەم دواییە رای گەیاند كە كار بۆ چوونەدەرەوەی هەموو هێزە بیانییەكان لە سووریا دەكات.     




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل