ژماره‌یه‌ك له جووتیارانی سنووری شاری سلێمانی، نووسراوێك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له‌و زه‌وییانه‌یان كه ده‌كه‌وێته سنووری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانییه‌وه و وه‌زیری گواستنه‌وه‌ش به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان ده‌دات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م به‌شێك له جووتیارانى نیشته‌جێبووی نزیك فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى، له‌گه‌ڵ مه‌ولوود باوه‌مراد وه‌زیرى گواستنه‌وه و گه‌یاندن كۆ بوونه‌وه، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه جووتیاران داواى ئه‌و زه‌وییانه‌یان كرد كه‌وتووه‌ته ده‌ره‌وه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى و خاوه‌نه‌كانیشیان قه‌ره‌بوویان وه‌رگرتووه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى كاتى پێیان بدرێت بۆ كاركردن.
جووتیاره‌كان داوایان له وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن كرد به‌شێوازی گرێبه‌ست یانیش كرێ یاخود شێوازێكی تری گه‌ڕاندنه‌وه ئه‌و زه‌وییانه‌ی ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراوی فڕۆكه‌خانه‌كه‌وه، بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ جووتیاره‌كان تا خه‌ڵكی لادێكانی ئه‌و سنووره سوودی لێ وه‌ربگرن و كاری كشتوكاڵی تێدا ئه‌نجام بده‌ن.
مه‌ولوود باوه‌مراد وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندن بڕیاری دا به‌وه‌ی كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ری گشتیی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆ ببێته‌وه تا ڕێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو بدۆزرێته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی جووتیارانی ئه‌و ناوچه‌یه.
ئه‌و زه‌وییانه‌ى ده‌ره‌وه‌ی سنووری قه‌ده‌غه‌كراوی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی، نزیكه‌ی 600 دۆنم زه‌وی ده‌بێت كه زه‌وییه‌كانی كانی پان و به‌كره‌جۆ و كێله سپی ده‌گرێته‌وه، له سه‌ره‌تای پڕۆژه‌ی فراوانكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانیش، بڕیار بووه ئه‌و زه‌وییانه هه‌مووی بكه‌وێته ناو فڕۆكه‌خانه‌وه، به‌ڵام كاتێك پڕۆژه‌كه ده‌ستی پێ كرد، هه‌ندێك له‌و زه‌وییانه كه‌وتنه ده‌ره‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه.