ئازیتا لوقمان /12 ساڵ/ یه‌كێك بوو له به‌شدارانی پرۆگرامی " Kurdistan kids voice" و توانی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بێنێت، خاوه‌نی پێنج به‌رهه‌می تایبه‌ت به خۆیه‌تی. ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه" ده‌ڵێ، ئێسته سه‌رقاڵی سێ به‌رهه‌می ترم كه یه‌كیان نوێكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند له‌یلا فه‌ریقییه.
ئازیتا كێیه؟
له بنه‌ماڵه‌یه‌كی پێشمه‌رگه و له باوكێكی ڕۆژهه‌ڵاتی و دایكێكی باشووری كوردستان له هه‌ولێر ساڵی 2007 چاوم به دنیا هه‌ڵهێناوه.
سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریت چۆن بوو و كه‌ی ده‌ركه‌وتیت؟
زۆر منداڵ بووم له بۆنه‌كاندا له كۆرسی سروود به‌شداریم ده‌كرد، جاروباریش هه‌ر له‌م كۆرسانه گۆرانیم ده‌گوت، به‌ڵام سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنم بۆ ئه‌وكاته ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌شداریم له پڕۆگرامی "Kurdistan kids voice" كرد.
له پرۆگرامی Kurdistan kids voice چۆن بوو؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شداربووی زۆر به توانا و ده‌نگخۆش له پرۆگرامه‌كه‌دا هه‌بوون و هه‌مووان له‌گه‌ڵ یه‌كتر له كێبه‌ركێدا بووین، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه توانیم بگه‌مه فیناڵی پرۆگرامه‌كه و پله‌ی یه‌كه‌میشم به ده‌ست هێنا و ناسناوی ئه‌ستێره‌ی "Kurdistan kids voice"ـم برده‌وه.
پێش به‌شداریكردنت له پرۆگرامی "Kurdistan Kids Voice” تا چه‌ند ئاشنایه‌تیت له‌گه‌ڵ هونه‌ر و موزیك هه‌بووه؟
دوای به‌شداریم له پرۆگرامی "Kurdistan kids voice" زیاتر به هونه‌ر و موزیك ئاشنا بووم، بۆ داهاتوویش هه‌وڵی زۆر ده‌ده‌م ڕێچكه‌ی هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كان بگرم، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ندان هونه‌رمه‌ند و موزیكژه‌نی به توانا له پڕۆگرامه‌كه‌دا كاریان ده‌كرد، هونه‌رمه‌نده‌كان وه‌ك لیژنه چاودێری پرۆگرامه‌كه‌یان ده‌كرد، ئه‌وانه هه‌موویان یارمه‌تیده‌ری من و هه‌موو به‌شدارانی پرۆگرامه‌كه بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانمان ڕاست بكه‌نه‌وه و ئاشنامان بكه‌ن به شێوازی دروستی و كاری هونه‌ری.
ئه‌گه‌ر جارێكی تر هاوشێوه‌ی ئه‌م پرۆگرامه هه‌بێ ئاماده‌ی به‌شداری تێدا بكه‌ی؟
پێمخۆشه هه‌میشه له كێبه‌ركێدا بم، ئه‌گه‌ر پرۆگرامێكی هاوشێوه هه‌بێت و بۆم بڕه‌خسێیت، جا چ له ناوخۆ یا ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌شداری ده‌كه‌م و بڕوام به خۆم زۆره كه جارێكی تر بگه‌مه‌وه فیناڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێ پێشبینی ئه‌وه بكه‌ین كه ده‌گه‌مه فیناڵ، چونكه له‌م جۆره پرۆگرامانه‌دا كه‌سانی زۆر به توانا ده‌رده‌كه‌ون.
خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌می هونه‌ریت؟
پێنج به‌رهه‌می تایبه‌ت به خۆم هه‌یه، یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانم كلیپ كردووه و بڵاوم كردووه‌ته‌وه به‌ناوی "مه‌متۆرێنه" و ئێسته‌یش له هه‌وڵی كلیپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی تردام. هه‌روه‌ها ئێسته سێ كاری ترم له به‌رده‌ستدایه و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه، یه‌كیان گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره "له‌یلا فه‌ریقی"یه كه به موزیكێكی تازه نوێم كردووه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی به‌نیازی بڵاویان بكه‌یته‌وه چین؟
یه‌كێكیان به‌ناوی "دڵداری"ـیه و سه‌رده‌مییه، به‌رهه‌مێكی ترم به‌ناوی "گله‌یی"ـیه و كارێكی تایبه‌ته و زۆر له‌لام خۆشه‌ویسته، به‌رهه‌مه‌كه‌ی تریشم وه‌ك گوتم نوێكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند له‌یلا فه‌ریقییه به ناوی "ئه‌ی براكه‌م".
بۆ داهاتوو به‌نیازی ئه‌لبوومێك بڵاو بكه‌یته‌وه؟
پێمخۆشه ئه‌لبوومێكی خۆم هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌لبووم خه‌رجی زۆری ده‌وێ كه هونه‌رمه‌ند به‌بێ پاڵپشتی و هه‌بوونی سپۆنسه‌ر ئه‌سته‌مه بتوانێ ئه‌م كاره بكات، منیش ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هه‌بن پاڵپشتیم بكه‌ن، ده‌توانم كاری زۆر جوان بكه‌م.
ئاماده‌ی له داهاتوو به‌شێوه‌ی دوێت گۆرانی بڵێی؟
بێگومان ئاماده‌م گۆرانی به‌شێوه‌ی دوێت بڵێم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێك نا، ئه‌و كه‌سه‌ی دوێتی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م ده‌بێ له هه‌موو بواره‌كاندا پێی ئاسووده‌بم.
كێ پاڵپشته بۆ كاره‌كانت؟
به‌تایبه‌تی باوكم و براكه‌م زۆر پاڵپشتمن، هاوكات له بابه‌تی كاره هونه‌رییه‌كانم كاك "شادمیهر نامۆ" زۆر پاڵپشتمه و هاوكاریم ده‌كات.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال