به‌ڕێوبه‌ری داتا و زانیاری له فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و قه‌یرانه‌كان له هه‌رێمى كوردستان ڕاى گه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی داناوه، سێ كه‌مپ له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی بۆ پێشوازی له ئاواره‌كان ئاماده بكات و داوایشى له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه، هاوكاریی پێشكه‌ش بكه‌ن.
هه‌ر كه‌مپێك سێ هه‌زار خێمه له‌خۆی ده‌گرێت
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 21ى تشرینى یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، عه‌لی عیسا به‌رێوبه‌ری داتا و زانیاری له فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و قه‌یرانه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆ "وشه" گوتی، پلانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر شه‌ر به‌رده‌وام بێت خه‌ڵكێكی زۆر ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن له رۆژئاوای كوردستان، بۆیه بڕیاره سێ كه‌مپ ئاماده بكرێن له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی.
ڕوونیشى كرده‌وه كه هه‌ر كه‌مپێك سێ هه‌زار خێمه له‌خۆی ده‌گرێت و شوێنی نۆ هه‌زار كه‌سی تێدا ده‌بێته‌وه، چونكه هاتنی ئاواره‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه.
عیسا باسی له‌وه كرد، داوامان له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كردووه هاوكاری ئاواره‌كان بكه‌ن، چونكه له هه‌رێمی كوردستان 38كه‌مپ هه‌یه كه ملیۆنێك و37هه‌زار و446كه‌س ئاواره و په‌نابه‌رن له‌ناوكه‌مپ و له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپن، بۆیه حكوزمه‌تی هه‌رێم ناتوانی ته‌نها هاوكاریان پێشكه‌ش بكات وئه‌وانیش به‌ڵێنیان داوه كه هاوكاری ئاواره‌كان بكه‌ن.
دواى ئاڵۆزییه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان و هێرشى داگیركارى توركیا ژماره‌یه‌كى زۆر ئاواره ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه، به‌ڵام هێشتا له كه‌مپه‌كان جێگیر نه‌كراون.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراهیم