پەرلەمانتارێك لەبارەی خۆپێشاندانەكانی عێراق هۆشداری دەدات

:: PM:02:59:22/10/2019 ‌
بڕیارە لە هەینی داهاتوو خۆپێشانی گەورە لە عێراق ئەنجام بدرێت و ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراقیش رای دەگەێنێت، تێكچوونی باردۆخی عێراق لەڕووی سیاسی و ئابووری كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 22ی تشرینی یەكەم، بەهار مەحموود ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە"وشە"ی راگەیاند، لە كابینەكەی عادل عبدولمەهدی  پێوەندیییەكی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا دروستبوو و هەنگاوی باشیش نرا بەڵام بە تێكچوونی دۆخی عێراق كاریگەری لەسەر ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش دەبێت.

خۆپێشاندانه‌كه‌ كاریگه‌ری ئابووری و سیاسی له‌سه‌ر هەرێمی كوردستان ده‌بێت

بەهار مەحموود روونی دەکاتەوە، هیوادارین دۆخی عێراق نەگاتە ئەوەی حكوومەتی نوێ دروست بكرێت، یان سەرۆكوەزیران دەستلەكار بكێشێـتەوە، چونكە لە ئەگەرێكی وا ئێمە دەگەڕێنەوەی خاڵی سەرەتا، هەر تێكچوونێك و نائارامییەك كاریگەری  راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت لە رووی سیاسی و ئابوورەوە .

لەسەر  پڕۆژەی بودجەی ساڵی 2020 ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتی دەکاتەوە، تائێستە پڕۆژە بودجە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەكراوە، بەهۆی ئەوەی دۆخەكە جێگیر نییە، دیار نییە ڕەوانە دەكرێت یان نا.

لە چەند هەفتەی رابردوو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی حكوومەتەكەی عادل عبدولمەهدی دەستی پێ کرد و بەهۆیەوە چەندان هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون، بەهۆی رێوڕەسمی چلەی حوسێن، ئیمامی شیعەیان لایەنەکان داوایان لە خۆپیشاندەران کرد تا دوای ئەو رێوڕەسمە خۆپێشاندانەکان رابگرن و بڕیارە رۆژی هەینی 25ی تشرینی یەکەم سەرلەنوێ خۆپێشاندانەکان دەست پی بکەنەوە.



وشە - زریان تەها