هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی 25ی ئۆكتۆبەر وەك وادەی دەست پێكردنەوەی خۆپێشاندانی جەماوەری لە عێراق كە سەرەتای ئەم مانگە دەستی پێ كرد و بەهۆی چلەی ئیمام حوسێنەوە هاتە وەستان، هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بۆ پێش لێگرتنەوەی خۆپێشاندانەكان بەردەوامە و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جیا لە بڕیارەكانی پێشووی، چەند بڕیارێكی تری دەركرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كۆبووەوە و زیاتر گرنگی بە دەركردنی بڕیارەكانی پێوەست بە دۆخی بژێوی خەڵك و دامەزراندن و ئابووری وڵات دا لەوانە:
خەرجكردنی كرێ و مووچەی كرێكارانی رۆژانە و گرێبەست لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو و خەرجكردنی دووەم رێژەی 50%ی شایستەی دارایی ئەوانە كاركردنی رۆژانە یان كرێكارانی كاتی و گرێبەست لە وەزارەتەكەیان جێهێشتووە كە تا ئێستە بۆیان خەرج نەكراوە.
خاوەن بڕوانامەی باڵا دادەمەزرێن
رەشكردنەوەی 100%ی قەرزی كڕینی پارچە زەوی نیشتەجێبوون لە ناوچەی قووش لە مەسیحییەكان بەمەبەستی رێگرتن لە كۆچكردنیان، دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لە وەزارەتەكانی پەروەردە و فێركردنی باڵا و وەزارەتەكانیتر و پارێزگاكان بەدەر لە رێنوێنییەكانی دامەزراندن لە بودجەی 2019 تەنیا بۆ ئەمساڵ و هەموو وەزارەتەكان دەگرێتەوە.