یەكەكانی نیشتەجێبوون تاپۆ دەكرێن و دانەوەی قەرزەكانیش درێژ دەكرێتەوە

:: PM:11:45:22/10/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ پرسی سیتییەكان دەڵێت، تا ئێستە یەكەكانی نیشتەجێبوون لەسەر هاووڵاتییان تاپۆ نەكراون و لەگەڵ سەرۆكی وەبەرهێنانی كوردستان كۆبووینەتەوە و بە زووترین كات لەسەر هاووڵاتییان تاپۆ دەكرێن.

زیاد كاكە ڕەزا، ئەندامی لیژنەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پرسی یەكەكانی نیشتەجێبوون ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە وەبەرهێنەرەكان كە سیتییەكانیان دروست كردووە، بەشێك لەو سیتییانە تەواو نەكراون و رادەست نەكراونەتەوە و بەشێكیش لە خزمەتگوزاری ناو سیتییەكان تەواو نەكراون و شوقەكانیش تاپۆ نەكراون و خاوەنەكانیان چەندین ساڵە لەناویدان.

زیاتر گوتی، لیژنەكەی ئەنجوومەن كە پێكهاتبوو، ئەمڕۆ سێشەم سەردانی محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستانی كرد لەبارەی چەند پرسێكەوە، دیاریترینیان پرسی تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و سوودمەندبووانی قەرزی نیشتەجێبوون بوو.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگایە روونی كردەوە، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە بارەی تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بڕیاری دا كە بەزووترین كات ئەو یەكانە لەسەر دانیشتوانەكەی تاپۆ بكرێن و ئەو گرفتە كۆتایی بێت، هەروەها لە بارەی سوودمەندانی قەرزی نیشتەجێبوون بەهۆی ئەو دۆخەی لەماوەی ڕابردوو تووشی هاووڵاتییان و فەرمانبەران بوو، داوامان كرد دانەوەی ئەو قەرزە درێژ بكرێتەوە، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی كرد كە دەیانەوێ خزمەت بە هاووڵاتییان بگات و لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو قەرزە درێژ دەكرێتەوە.

هەموو پارێزگاكانی هەرێم دەگرێتەوە
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئەنجوومەن دووپاتی كردەوە، هەردوو تەوەرەكە كە تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و درێژكردنەوەی ماوەی دانەوە قەرزی نیشتەجێبوونە، بۆ هەموو هەرێمی كورستان دەبێت بەهەر سێ پارێزگاكە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل