هاوخەمیی "وشە" بۆ مەرگی جەنەڕاڵی پایز

:: AM:09:36:23/10/2019 ‌

جەنەڕاڵی پایز كە نازناوی شاعیری ناوداری كورد محەمەد عومەر عوسمانە، نەك تەنیا نازناو، بەڵكو بووەتە ناو و دەستەواژەیەكی خۆشەویست لەلای هەموو ئەوانەی دوو وشەیان خوێندبێتەوە.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو تەرمی ئەو شاعیرە گەورەیە لەناو ماڵەكەی خۆی بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە، كەمتر لە دوای سەعاتێك لەلای دەزگەی "وشە"ەوە بووە گەرمترین هەواڵی شۆك. بۆیە جێی خۆیەتی وەگ دەزگەی "وشە" دیسان هاوخەمیی خۆمان بۆ مردنی ئەو شاعیرە رابگەیەنین.

ستایلێكی دروست كوردی و لەگەڵیدا پڕاوپڕ لە لیریكییەت لە شیعردا
شیعرەكانی جەنەڕاڵ بەوە دەناسرانەوە كە زۆر بەئاسانی دەچنە هەموو دڵەكانەوە، ستایلێكی دروست كوردی و لەگەڵیدا پڕاوپڕ لە لیریكییەت لە شیعردا.

كاری ئێمە نییە وەك دنیای ئەدەب هەڵسەنگاندن بۆ شیعرەكانی جەنەڕاڵ بكەین، ئەوەندە نەبێ كە ژمارەیەك لە شیعرەكانی ئەو شاعیرە لەلایەن هونەرمەندانەوە كراون بە گۆرانی، بەڵام چۆن و كام ئاستی هونەر لە گۆرانیدا؟

دیقەت بدەن ئەوانەی شیعرەكانی جەنەڕاڵیان ئاوێتەی میلۆدی كردووە، لەناو هونەرمەندانی كورددا كەسانی ئاسایی نین، واتە كاركردن لەسەر شیعرەكانی بوێرییەكی گەورەی دەویست و نەدەكرا میلۆدییەك بەباڵای شیعرەكانیدا بدووری و وەك گۆرانیی ئاسایی لێی بڕوانی. یان دەبوو لێی بگەڕێی بۆ ئەدەب و جوانكارییەكانی، یان دەبوو لە هونەردا شاكاری لێ دروست بكەیت، بۆیە ئەو تەنیا لە جوانییەكانی پایزدا جەنەڕاڵ نەبوو، بەڵكو لە هونەر و گۆرانیشدا، هەر جەنەڕاڵ بوو.

ئەو هونەرمەندانەی شیعرەكانی ئەویان كردووەتە گۆرانی زۆرن، پێم وایە عەدنان كەریم و ئاڵا عومەر بەسن بكرێنە نموونە.

محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان له‌ كۆتایی په‌نجاكان له‌ سلێمانی له‌ دایك بووه‌ و خاوه‌نی دیوانی "له‌ غوربه‌تا"یه‌، به‌ به‌راورد به‌ نه‌وه‌ی خۆی له‌ناو شاعیرانی كورد، كه‌مترین شیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ناو دنیای ئه‌ده‌بدا ناوێكی زۆر گه‌وره‌ی بۆ خۆی دروست كردووه‌.

جەنەڕاڵی پایز بە مردنت خەمبار و نیگەرانت كردین و تۆمان خۆش دەوێ.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د