سەرۆك بارزانی و باڵوێزی بەریتانیا لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان کۆ بوونەوە

:: PM:01:16:23/10/2019 ‌

سەرۆک بارزانی و باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کۆ بوونەوە تاوتوێی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعشیان کرد.


نابێ ڕێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو بخرێنە ئەستووی حکوومەتی ئێستای عێراق

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی تشرینی یەکەم، بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیکس باڵوێزی بریتانیا لە عێراق كرد.

زیاتر روون کراوەتەوە، لە دیدارەكەدا كە جێمس سۆرنتن كونسوڵی گشتیی بریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵوێزی بریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكان لەگەڵ كوردستان و عێراق ڕاگەیاند.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێ كردنی هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

"لە دیدارەکەدا بە وردی ڕەوشی ڕۆژئاوا و هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس و هەردوولا دژایەتیی خۆیان بۆ ئەگەری گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچەیە ڕاگەیاند و بۆ ئەوەش وایان بە باش زانی ئەو پەنابەرانەی لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان بەجێ دەهێڵن، هەر لەناو خاکی سووریا و لە شوێنێکی ئارامی نزیک سنوور، کەمپیان بۆ دروست بکرێت و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوکاریی بەپەلەیان بۆ دابین بکات. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کە ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا زیان بە هەوڵە هاوبەشەکان دژی تیرۆر دەگەیەنێت و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و عێراق زیاتر دەکات" لە راگەیەندراوەی بارەگای بارزانیدا وا نووسراوە.

لە بەشێک تری کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی سیاسی و تەناهی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە داواکارییە ڕەواکانی هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێن و پڕۆژەی خزمەتگوازری لەناوچەکانی ناوەڕاست و عێراق جێبەجێ بکرێن و دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکرێت.

دووپات لەوەیش کراوەتەوە، هەر لەوبارەیەوە سەرۆک بارزانی رای گەیاند، نابێ ڕێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو بخرێنە ئەستووی حکوومەتی ئێستای عێراق و ئەوانەی خۆیان هۆکاری گەندەڵی و کەموکوڕییەکان بوونە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و بیانەوێ زیان بە کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن.


وشە - هیدایه‌ت جان