پۆلیسى رووس چوونه‌ ناو كۆبانێ

:: PM:01:48:23/10/2019 ‌

میدیاكانى رۆژئاواى كوردستان بڵاویان كرده‌وه‌ هێزێكى پۆلیسى رووسى به‌ یاوه‌رى هێزێكى سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ربازى خۆسه‌ر، چوونه‌ته‌ ناو كۆبانێ و خه‌ریكى گه‌ڕانن.

 

چه‌ند ماڵپه‌ڕێكى هێزه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و ئۆپۆزسیۆنى سووریا بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، به‌یانى ئه‌مڕۆ  چوارشه‌م 23ى تشرینى یه‌كه‌م، هێزێكى رووسیا كه‌ به‌ پۆلیس ده‌ناسرێن چوونه‌ته‌ ناو كۆبانێ.


 به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، هێزێكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ربازى سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر یاوه‌رى پۆلیسى رووسى كردووه‌.


 ئه‌مه‌یش له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌ كه‌ توركیا له‌گه‌ڵ رووسیاى كردووه‌، به‌گوێره‌ى ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ هێزه‌كانى رووسیا و سووریا چاودێرى سنووره‌كان ده‌كه‌ن و هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ له‌ سنوورى توركیا دوور ده‌خرێنه‌وه‌.


 له‌ به‌رانبه‌ریشدا توركیا هێرشه‌كه‌ى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان راده‌گرێت.

به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنى توركیا و رووسیا پۆلیسى رووس چوونه‌ ناو كۆبانێ



 


دوێنێ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتینى سه‌رۆكى رووسیا گه‌یشته‌ رێككه‌وتنێك له‌باره‌ى رۆژئاواى كوردستان.


 توركیا پێشتر له‌ نۆى ئاب هێرشى كرده‌ سه‌ر رۆژئاوا تا 17ى ئه‌م مانگه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ى به‌رده‌وام بوو تا ئه‌و كاته‌ رێككه‌وتنى ئاگربه‌ستى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا كرد له‌ ئه‌نكه‌ره‌.

 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل