رۆژئاواى كوردستان.. له‌ 120 سه‌عاته‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ 150 سه‌عاته‌كه‌ى رووسیا

:: PM:03:17:23/10/2019 ‌
له‌ فیلمى "ویسكى تانگۆ فۆكسترۆت" كه‌ باس له‌ ژنه‌ رۆژنامه‌نووسێك ده‌كات ده‌چێته‌ ئه‌فغانستان و له‌وێ یاوه‌رى سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كات، یه‌كێك له‌ دیمه‌نه‌كانى هاوشێوه‌ى ئه‌و رووداوانه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان رووى داوه‌.

 سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان و كچه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ده‌چنه‌ گوندێكى دووره‌ ده‌ست له‌ ئه‌فغانستان، پیاوێكى به‌ ساڵاچوو سه‌یرى سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌ى شوره‌وى گه‌ڕانه‌وه‌" مه‌به‌ستى سه‌ربازانى یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جارانه‌. ره‌نگه‌ ئه‌م دیمه‌نه‌ى فیلمه‌كه‌ كورتكراوه‌ى ئه‌م رووداوه‌كانى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى رۆژئاوا بێت، كه‌مێك به‌ گۆڕانكارییه‌وه‌، له‌وانه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌فغانستان رووى دا 20 ساڵى پێ چوو. كه‌چى ئه‌وه‌ى رۆژئاواى كوردستان به‌ هه‌فته‌یه‌ك بوو.

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا رۆژئاواى كوردستانیان جێهێشت و ئه‌مڕۆ هێزه‌كانى رووسیا چوونه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى رۆژئاواى كوردستان، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ رووسیا و ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان ساڵه‌ له‌ سووریا ركابه‌رى یه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر دۆسیه‌ى رۆژئاواى كوردستان ئاڵوگۆڕ به‌ رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن.

له‌ ماوه‌ى سێ مانگ سێ رێككه‌وتن له‌ دژى رۆژئاواى كوردستان كراوه‌



له‌ نۆى ئه‌م مانگه‌ هێزه‌كانى توركیا هێرشیان كرده‌ سه‌ر باشوورى كوردستان، له‌ 17ى مانگ توركیا رێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا كرد، بۆ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى 120 سه‌عات ئاگربه‌ست بكرێت و توركیا هێرشه‌كه‌ى رابگرێت، له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنى داوه‌، سزاكانى سه‌ر توركیا جێبه‌جێ نه‌كات و هه‌وڵ بدات هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ سنووره‌كانى توركیا دوور بخاته‌وه‌. دوێنێ ئه‌م 120 سه‌عاته‌ كۆتایى هات.

هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ كۆتاهاتنى ماوه‌ى ئاگربه‌سته‌كه‌ توركیا بۆ جه‌مسه‌ره‌كه‌ى ترى شانۆى جه‌نگى سووریا په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌ویش مۆسكۆیه‌، له‌وێش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتینى سه‌رۆكى رووسیا رێككه‌وتنێكیان ئه‌نجام دا، به‌گوێره‌ى یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانى ده‌بێت له‌ ماوه‌ى 150 سه‌عات هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ سنوورى توركیا بكێشنه‌وه‌ و سنووره‌كان له‌ لایه‌ن هێزى خولاوى رووسى و توركی چاودێرى بكرێن.

هه‌روه‌ها هه‌ردوولا ده‌بێت هاوكارى یه‌كتر بكه‌ن له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر. هه‌ڵبه‌ته‌ ماوه‌یه‌كى كورت به‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌، كه‌چى به‌ په‌له‌ هێزه‌كانى رووسیا ئه‌مڕۆ چوونه‌ ناو كۆبانێ و چه‌ندان شوێنى ترى  رۆژئاواى كوردستان، هاوكات به‌رپرسانى رووسیا له‌باره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ لێدوانى ئه‌و تۆ ده‌ده‌ن كه‌ ده‌یسه‌لمێنن رێككه‌وتنى ئه‌وان ته‌واوكه‌رى رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكایه‌.

رووسیا ئه‌مه‌ریكا به‌ "ناپاك له‌گه‌ڵ كورد" وه‌سف ده‌كات و خۆیشى هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ دیمترى بیسكۆڤى گوته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى رووسیا له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ئه‌مه‌ریكا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ پشتى له‌ كورد كردووه‌ و ناپاكى له‌گه‌ڵ كردوون. كه‌چى خۆیشى له‌ لێدوانه‌ى فه‌رمییه‌كه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كورد ده‌كات. بیسكۆڤ ده‌ڵێ "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا نزیكترین دۆستى هاوپه‌یمانى كورد بوو له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا، به‌ڵام له‌ كۆتادا پشتى له‌وان كرد و ته‌نانه‌ت سته‌مى لێ كردن".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، "ئێسته‌یش ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێیان باشه‌ كورده‌كان له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ توركیا جێبهێڵن و حه‌ز ده‌كه‌ن ئه‌وان له‌گه‌ڵ توركیا شه‌ڕ بكه‌ن".

له‌باره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه‌ رووسیا و توركیا دوێنێ سێشه‌م ئه‌نجامیان داوه‌، بیسكۆڤ ده‌ڵێ "كورد ده‌بێت له‌و ناوچانه‌ بكشێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا مۆسكۆ به‌ ته‌نیا جێیان ده‌هێڵێ بۆ ئه‌وه‌ى ببن به‌ نێچیرى هێرشه‌كه‌ى توركیا".

 به‌رپرسانى كورد له‌ رۆژئاواى كوردستان هه‌ڵوێستى خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌رخستووه‌، ئه‌وان ده‌زانن كاتێك هاوپه‌یمانه‌كه‌ "ئه‌مه‌ریكا" سوودى بۆ ئه‌وان نه‌بێت، ئه‌وا چاوه‌ڕوانى شتى گه‌وره‌تر له‌ رووسیا ناكرێت، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ چوار ساڵى رابردوودا پشتى رژێمى ئه‌سه‌دى گرتووه‌. 

 مه‌زڵووم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، "ناكرێت پشت به‌ رووسیا ببه‌ستین چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ سووریا هاوپه‌یمانه‌ و هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، سیاسه‌تى رووسیا له‌ ناوچه‌كه‌ى بۆ پاڵپشتى رژێمى سووریایه‌ نه‌ك پاراستنى كورد".

رێككه‌وتنه‌كه‌ى رووسیا ته‌واوكه‌رى رێككه‌وتنى ئه‌مه‌ریكا و توركیایه‌



عه‌بدى دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كورد پێشتر ئه‌زموونى له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تى له‌و چه‌ند ساڵه‌ى رابردوودا، ئه‌ویش ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ رێى به‌ هێزه‌كانى توركیادا جینۆساید له‌ عه‌فرین بكه‌ن و داگیرى بكه‌ن. 

 له‌ نۆى ئابى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێسته‌ هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ى له‌باره‌ى رۆژئاواى كوردستان ده‌كرێت كه‌ له‌سه‌ر زارى به‌رپرسانى ئه‌م وڵاته‌ زلهێزانه‌ به‌ ناوچه‌كانى "رۆژهه‌ڵاتى فوڕات" و "باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا" ده‌ناسرێت، هیچ كاتێك له‌ به‌ژه‌وه‌ندى  كورد نه‌بووه‌. 

 له‌ نۆى ئاب رێككه‌وتنى دانانى ناوچه‌ى ئارام له‌ نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام درا، له‌ 17ى تشرینى یه‌كه‌م رێككه‌وتنى ئاگربه‌ستى توركیا و ئه‌مه‌ریكا كرا و دوێنیش له‌ 22ى تشرینى یه‌كه‌م رێككه‌وتنى رووسیا و توركیا كرا.
 
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل