بەنگین رێكانی: عەبدولمەهدی دەست لەكار ناكێشێتەوە

:: PM:04:27:23/10/2019 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەست پێكردنەوەی خۆپێشاندانەكانی عێراق لە 25ی ئەم مانگە كە یەكەم داوای خۆپێشاندەران گۆڕانكاری پرۆسەی سیاسییە، هاوكات باسی بوونی هەوڵی بەشێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ لادانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت، بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق رای گەیاند كە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست لەكار ناكێشێتەوە، چونكە ئەو كارە بە هەڵاتن لە بەرپرسیارەتی دەزانێت.

حكوومەت بەڵێنەكانی جێبەجێ كردووە یان جێبەجێیان دەكات
رێكانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق گوتی، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست لەكار ناكێشێتەوە و دەستلەكاركێشانەوە لەو دۆخە سەختەی عێراق بە هەڵاتن لە بەرپرسیارەتی دەزانێت، روونی كردەوە، حكوومەت زۆرینەی بەڵێنەكانی جێبەجێ كردووە و ئەوانەشی ماوەن بەمنزیكانە جێبەجێیان دەكات.

پێش ماوەیەك بەهۆی جێبەجێ نەكردنی پڕۆگرامی حكوومەتەكەی كە لە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو پەسند كرابوو، دەنگۆی بوونی هەوڵ لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ لادان یان ناچاركردنی عەبدولمەهدی بۆ دەستلەكاركێشانەوە هەبوو، لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە خەڵك رژانە سەر شەقامەكان و چەند داوایەكیان خستە روو لەوانە گۆڕینی رژێمی فەرمانڕەوایی لە عێراق، لە بەرانبەردا هێزە تەناهییەكان هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندانەكانیان بە هێز و گولە دایەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 كەس كوژران و نزیكەی چوار هەزار كەسیش بریندار بوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل