هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر 250 هەزار بەرمیل رێككەوتن

:: PM:05:38:23/10/2019 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێ، هەرێمی كوردستان بۆ بودجەی 2020 رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت دەداتە بەغدا. پەرلەمانتارێكی لیژنەی داراییش هۆشداری لە زیادبوونی قەبارەی كورتهێنان دەدات، دەڵێ 250 هەزار بەرمیلەكەی هەرێمیش رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە و لە پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، ماهیر حەماد جوهان بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق رای گەیاند، بودجەی 2020 لەسەر بنەمای هەرنادەی سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 250 بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان داڕێژراوە، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتیش لەنێوان 50 بۆ 56 دۆلار دەخەملێنرێت.
بەڵام جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی ئاشكرای دەكات نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 53 دۆلار خەملێنراوە، هۆشداریش لە زیادبوونی كورتهێنان دەكات بەهۆی داخوازی خۆپیشاندەران و بەڵێنی حكوومەت لە پێدانی بڕی 170 هەزار دینار بەهەموو ئەوانەی بێكارن.
بە قسەی جەمال كۆچەر بێت تا ئێستە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس ناوی خۆیان وەك بێكار تۆمار كردووە، ئەو ژمارەیە ئەگەر لە 170 هەزار دینارەكەی بدەی ئەوا ساڵانە حكوومەت دەبێت 27 ترلیۆن دینار وەك مووچەی بێكاران بدات، ئەمە جگە لە بەڵێنی دروستكردنی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێ كە ئەگەر هەر شوققەیەك 50 هەزار دۆلار تێچووی بێت ئەوا پێنج ملیار دۆلار لەسەر حكوومەت دەكەوێت.

وەزارەتی دارایی عێراق: بودجەی 2020 لەسەر بنەمای هەرنادەی سێ ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 250 بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان داڕێژراوە، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتیش لەنێوان 50 بۆ 56 دۆلار دەخەملێنرێت.


بریكاری وەزیری دارایی عێراق باس لە بنەمای سەرەكی داڕشتنی بودجە دەكات، دەڵێ، بودجەی 2020 تەواو جیاوازە لەوانەی پێش خۆی، بەوەی بودجەیەكی خزمەتگوزاری دەبێت بەپێی پێویستی هاووڵاتییان، گوتی "ئەمە لەژێر توێژینەوە دایە و بە چوار بۆ پێنج قۆناغ نووسینەوەی كۆتایی دێت".

جەمال كۆچەر، ئەوە روون دەكاتەوە كە سیاسەتی حكوومەت لە نووسینەوەی بودجە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئەمساڵ بڕی پارەی تەرخان كراو لەسەر خواست و پێویستی و پڕۆژەی وەزارەتەكان دادەڕێژرێت، گوتی "بۆ بودجەی 2020 ئەو پلانە لەسەر هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی جێبەجێ دەكرێت و ساڵی داهاتووش چەند وەزارەتێكی تر دەگرێتەوە و ساڵی 2022 هەموو وەزارەتەكان دەگرێتەوە".

جەمال كۆچەر: لە پەرلەمان بڕیار لەسەر پشكی كوردستان لە بودجە دەدرێت كە چەند نەوت بداتە بەغدا


ئەگەرچی لە ماوەی رابردوودا باس لە زیاتربوونی كورتهێنان لە بودجەی 2020 دەكرا، بەڵام ماهیر حەماد دەڵێ، هێشتا كورتهێنان دیار نییە، گوتی "ئەمەش بە سێ رێگا چارەسەر دەكرێت، ئەوانیش قەرزی دەرەكی، بڕی پارەی نەختینە لە وەزارەت، كەمكردنەوەی خەرجییەكان".
بەڵام جەمال كۆچەر هۆشداری لە زیادبوونی كورتهێنان دەدات بەهۆی بەڵێنەكانی حكوومەت بە خۆپیشاندەران و پێی وایە كورتهێنانەكە بە راكێشان لە نەخیتنەی بانكی ناوەندی پڕ دەكرێتەوە، ئەوەیشی رەتكردەوە بەڵێنەكانی حكوومەت بە خۆپیشاندەران و دابینكردنی بودجە بۆیان كاریگەری لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە هەبێت، گوتی "هەرێمی كوردستان بەشی 250 هەزار بەرمیلی خۆی لە بودجە دەبات"، زیاتر گوتی "بەڵام هێشتا ئەوە یەكلا نەكراوەتەوە كە 250 هەزار بەرمیل دەبێت یان زیاتر، ئەو پرسە لە پەرلەمان یەكلا دەكرێتەوە و هێشتا هیچ رێككەوتنێكی فەرمی نییە بەڵكو ئەوەی هەیە لێكگەیشتنە".



وشە - فه‌رمان سادق