پۆلیسی سلێمانی هەموو هەوڵێكی داوە زوو دۆسیەی ئامانج بابانی دابخات

:: AM:09:00:24/10/2019 ‌
دواین رەفتاری لانە دەریدەخات ویستوویەتی لەگەڵ ئامانج درێژە بە ژیان بدات

شەوی چوارشەم 16ی ئۆكتۆبەر، "هاوكاتی بەرنامەی بێ سنووری ئامانج بابانی كە شەوانی چوارشەم سەعات نۆ و پێنج خولەك" پێشكەشی دەكرد، لە رووداوێكی تەمومژاویدا دوو رۆژنامەنووسی دیاری سلێمانی و منداڵەكەیان لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان بە فیشەك كۆتا بە ژیانیان هێنرا. هەرزوو پۆلیسی سلێمانی هۆی رووداوەكەی دیاری كرد، بەڵام بەشێكی كەمی هاووڵاتییان و رۆژنامەنووسان متمانەیان بە گوتە و بەڵگەكان هەبوو، پێیان وایە بەشێكی زۆری بەڵگەكان شاراونەتەوە و هیچ شایەتحاڵێكیش كاتی ئەنجامدانی تاوانەكەی نەبینیوە.

ئامانج بابانی، لانە محەمەد و هامۆ ئامانج، ئەو خێزانەی بە گولە كۆتایی بە ژیانیان هات، چەندان لێكدانەوەی جیاواز بۆ رووداوەكەیان دەكرێت و هەندێك بە سیناریۆ باسی دەكەن و بەشێك لە هاووڵاتییانیش پێیان وایە شاردنەوەی راستییەكان، ئەم چیرۆكانەی بەدوای خۆیدا هێناوە. هەرچەندە كێشە خێزانییەكانی نێوان ئەم ماڵباتە یەكێك بوو لەو بەڵگانەی یارمەتیدەر بوو بۆ پۆلیس تا بە زوویی ئەنجامەكان رابگەیەنێت، بەڵام ئەوە یەكەم جارە رووداوێكی وا گەورە لە ماوەیەكی ئەوەندە كەمدا كۆتایی پێ بهێنرێ.

لەبارەی متمانە نەكردنی هاووڵاتییان بەو بەڵگانەی بڵاو كرانەوە، جەزا والی توێژەری كۆمەڵایەتی، بە"وشە"ی راگەیاند، ''ئاساییە و دەگونجێ بەشێك لە هاووڵاتییان سروشتیان وابێت هەمیشە بیانەوێ دژی بەرانبەرەكەیان قسە بكەن، كۆمەڵگەی كوردیش بەدەر نییە لەو جۆرە كەسانە، نابێت هەموو كۆمەڵگە بە یەك ئاراستە بڕوات''.

ئەو گوتی، "بەشێك لە هاووڵاتییان دەرفەت دەبینن لە كێشەكان و هەوڵی خۆدەرخستن دەدەن، هەوڵ دەدەن رووی میدیاكان بەلای خۆیاندا رابكێشن، لەم دۆسیەشدا بەشێك لە بەڵگەكان ناڕوونن، بۆیە هاووڵاتییان مافی خۆیانە داوای بەڵگەی زیاتر و باوەڕپێكراو بكەن''.
لەبارەی باوەڕنەكردنی هاووڵاتییان بەوەی بڵاو كرایەوە و دەڵێن ئەو خێزانە قوربانی دەستی كەسانی ترن و تیرۆر كراون، جەزا والی دەڵێت ''بەشێكی پێوەندی بەلایەنی تەناهیی كوردستانەوە هەیە كە دەبوو گوتەبێژەكان یان ئەو كەسانەی روونكردنەوە بۆ هاووڵاتییان دەدەن لەسەر تاوانەكان، كەسانی پسپۆڕ و شارەزابن لە بواری دەروونی و كۆمەڵایەتی تا بتوانن باوەڕ بە بەشی زۆری هاووڵاتییان بێنن لە ئاشكراكردنی بەڵگەكان، چونكە بەشێك لە كارەكانیان نهێنییە و دەبێ ئەو كەسانەی روونكردنەوە دەدەن، هێندە شارەزاییان لە دەروونی هاووڵاتییان هەبێت، بتوانن بەبێ ئاشكراكردنی نهێنییەكان باوەڕ بە هاووڵاتییان بێنن''.

عەمید ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە كاتی ئاشكراكردنی شێوازی كوشتنی لانە محەمەد، ئامانج بابانی و كوڕەكەیان، گوتی، ''كوشتنی لانە و ئامانج خۆكوژی بووە و هیچ پێوەندی بە تیرۆرەوە نییە، ئامانج، لانە و منداڵەكەی كوشتووە و دواتر خۆیشی كوشتووە".
زیاتر گوتی، ''ئەو دەمانچەیەی تاوانەكەی پێ كراوە، لە بەردەمی ئامانج بابانی دۆزیومانەتەوە، هەمان فیشەكی ناو دەمانچەكە لە جەستەی قوربانییەكان دۆزراونەتەوە كە شەش فیشەك بە كەسەكانەوە نراوە و فیشەكێك بە دەرگەی ئۆتۆمبێلكەوە بووە و حەوت فیشەك لەناو دەمانچەكەدا ماوە".

بەڵام دكتۆر كازم فاڕووق پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر بەڵگەكانی پۆلیس، بە"وشە"ی راگەیاند، چەند گومان و تێبینییەكیان هەیە، خۆی چووەتە پزیشكی دادوەری و داوای لێ كردن رێی بدەن وەك پەرلەمانتارێك كە نوێنەری خەڵكە و وەك پزیشكێكیش كە شارەزای بەڵگەكانە، بچێتە ژوورەوە و بە چاوی خۆی جەستەكان ببینێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێیان نەدا، لە كاتێكدا چەندان بەرپرسی حزبی و تەناهی رێیان پێ درا بچنە ژوورەوە.
دەڵێن ئۆتۆمبێلەكە وەرگەڕاوە، ئەم دەمانچەیە چۆن نەپەڕیوە و لە شوێنی خۆی ماوەتەوە

كازم كە خۆی پزیشكیشە و ماوەیەك لە پزیشكی دادوەریدا كاری كردووە، دەڵێ، لەبەرئەوەی وەك دەڵێن دەمانچەكە لە بەردەم ئامانج بابانیدا بووە، ئیتر بەڵگە نییە لەسەر ئەوەی خۆی ئەنجامی دابێت، ئەگەر وەك دەڵێن ئۆتۆمبێلەكە وەرگەڕاوە، ئەم دەمانچەیە چۆن نەپەڕیوە و لە شوێنی خۆی ماوەتەوە، بۆچی كامێرای پێش رووداوەكە ئۆتۆمبێلەكە بە ڕوونی پێشان دەدات.

 بەڵام ئەو شوێنەی كە رووداوەكەی تێدا روو دەدات، كامێراكان باش وێنەیان نەگرتووە. رووداوەكە لە پشتی فامیلی مۆڵی شاری سلێمانی لە نزیك تێرمیناڵی شارەزوور بووە كە پۆلیس تەنیا یەك ڤیدیۆی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردووەتەوە بە بیانووی تۆمارنەكردنی كامێراكان، لە كاتێكدا پەیامنێری "وشە" سەردانی شوێنی رووداوەكەی كردووە و چەند كامێرایەكی لە چەند ئاراستەیەكی جیاوازەوە بەدی كردووە، لەگەڵ بەجێمانی چەند بەڵگەیەكی تاوانەكە.

لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسەكە و یەكلاكردنەوەی تاوانكار و تاوانلێكراو، یادگار جەلال لێكۆڵەری دادی، بە"وشە"ی گوت، ''لە تاوانە قورسەكانی كوشتن، دەبێ دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند بەو ناوچەیە و داواكاری گشتی لێ ئاگادار بكرێتەوە و سەردانی شوێنەكە بكەن، بەڵام ئێستە بەهۆی كەمی دادوەر، دادوەرەكانی لێكۆڵێنەوە كەمترین جار سەردانی شوێنەكە دەكەن، لەم كەیسەدا پۆلیس دیاری كردووە كێ تاوانبارە و كێ قوربانییە''.

ئەوەیش دەیخاتەڕوو، "ئەوەندەی وەك لێكۆڵەرێك بەدواداچوونم كردووە، تا ئێستە هیچ شایەتحاڵێك نییە بیسەلمێنێت ئامانج ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت".

سەیران عەبدولڕەحمان ساڵح پارێزەری تایبەتی رۆژنامەنووس لانە محەمەد لەبارەی ناكۆكیی ئەو دوو هاوسەرە، بە"وشە"ی راگەیاند، دوو جار بریكارنامەی لە لانە وەرگرتووە بۆ جیابوونەوە لە ئامانج بابانی، واتا ئەمە بۆ دووەمین جار بوو لانە محەمەد‌ داوای جیابوونەوەی لە ئامانج بابانی دەكرد.

ئەو پارێزەرە دەڵێت، "كێشەكانی نێوانیان زیاتر لەوەدا بوو كە لەگەڵ یەكتر نەدەگونجان و متمانە نەمابوو لە نێوانیاندا، بەڵام ئامانج نەیدەویست لە لانە جیا ببێتەوە، تەنانەت لانە بە ئامانجی گوتووە "من لە هەموو مافەكانی خۆم خۆش دەبم، بەڵام با جیا ببینەوە"، كەچی ئامانج قبووڵی نەكردووە.

هاوڕێیەكی نزیكی ئامانج كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە"وشە"ی گوت، ''بەشی زۆری كێشەكانی ئەو ژن و پیاوە پێوەست بوو بە ماڵ و موڵكەوە، گەورەترین پرسیاری ئامانج كە هەرگیز وەڵام نەدرایەوە، ئەوەبوو لانە چۆن دەتوانێ كۆمپانیای هەبێت و ئەو پارانەی لە كوێوە دەست دەكەوێت".

خاوەنی ماركێتی ماڵی شاژن، بە"وشە"ی راگەیاند، "رۆژێك پێش رووداوەكە خاتوو لانە لای ئێمە كەلوپەلی جوانكاری بۆ ماڵەكەی كڕیوە كە پێكهاتبوو لە فەرش و راخەر، پێی گوتین دەمەوێ ماڵەكەم نوێ بكەمەوە". 

وەك خاوەن ماركێتەكە لە زاری لانەی گواستەوە "خوالێخۆشبوو كە هات بۆ لامان كۆمەڵێك كارتی پێ داین رێكلامی بۆ بكەین بۆ كۆمپانیاكەی، گوتیشی ماڵ دروست دەكەمەوە ئەم ماوەیە كەلوپەلی زۆریشتان لا دەكڕم".

پیاسەكەی ئامانج و لانە بۆ كڕینی جلوبەرگی زستانەی هامۆ و گوتەی ئەو خاوەن ماركێتە كە لە لانەی بیستووە بەوەی ماڵ نوێ دەكاتەوە، ئاماژەی ئەوەن كە باسی كوشتن لە نێوان ئەو دوو رۆژنامەنووسەدا نەبووە. جیا لەوەی شڵەژانی پۆلیس لەكاتی خێراكەی راگەیاندنی ئەنجامی تاوانەكەدا، دۆسیەكەی هەمووی خستووەتە ژێر پرسیار و دەنگۆی ئەوەیش بڵاوە كە ئەو ئۆتۆمبێلەی خراوەتەوە روو، هەمان ئۆتۆمبیل نییە.

ئێستە پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی دروست كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە، ئەوان گەیشتوونەتە سلێمانی و لەگەڵ ماڵی قوربانییەكان و لایەنە پێوەندارەكان كار دەكەن تا دەگەن بە ئەنجام، لە كاتێكدا نیوەی دۆسییەكە كە تەرمی قوربانییەكانە، بە پەلە بەخاك سپێدران و تەنیا گوتە ماوەتەوە بۆ گەیشتن بە راستی.


وشە/بەدواداچوونی رەوەز سەڵاح



وشە - وشه‌