هاووڵاتییانی مەریوان دژی خراپی رێگاوبان و تانكەرە نەوتییەكان گردبوونەوە

:: PM:04:27:04/10/2016 ‌
ئەمڕۆ سێشەم دانیشتووانی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دژی هاتنی تانكەری نەوت و بەهۆی خراپی رێگاوبانەكان لەبەردەم فەرمانداری مەریوان كۆبوونەوە و ناڕەزایی و نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

خۆپێشاندەران بەیەكەوە چەندان دروشمیان بەرز كردبووەوە و بانگیان دەكرد كە هاتنی تانكەر قەدەغەیە و دواتر بەیاننامەی كەمپەینی "نا بۆ تانكەر مەرگ" خوێنرایەوە و هۆشداریان دا كە ئەگەر چارەسەری دۆخەكە نەكرێ، ئەوا لە رۆژانی داهاتوو ناڕەزایی و گردبوونەوەكانیان بەردەوام دەبێت.

خۆپێشاندەران ئاماژەیان بەوەدا، ئەگەر هیچ وەڵامی داواكەیان نەدرێتەوە، ئەوا رۆژی پێنجشەمی ئەو هەفتەیە جارێكی تر گردبوونەوە و ناڕەزایی لە مەریوان ئەنجام دەدەن.

بەهۆی خراپی رێگاوبان و هاتوچۆی تانكەرە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بەو ناوچەیەدا، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی دەبنە قوربانی و رووداوی هاتوچۆی زۆر لە رێگاوبانەكانی شارەكە ڕوو دەدات.

وشە/باز.






وشە - باز ئه‌حمه‌د