مارك زۆكربێرگ دامه‌زرێنه‌ری فه‌یسبووك له چه‌ند مانگی رابردوودا، هه‌ندێك هه‌نگاوی ناوه كه جێگه‌ی گومانن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان لێ ده‌كرێت له داهاتوودا خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا بپاڵێوێت.
گۆڤاری ئاتلانتیك باسی له‌وه كردووه كه له ساڵی ٢٠١٧دا مارك زۆكربێرگ هه‌ندێك هه‌نگاو ده‌نێت كه ده‌ریده‌خه‌ن زۆكربێرگ ده‌یه‌وێت له داهاتوودا رێگه بۆ ئه‌وه خۆش بكات خۆی بۆ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بپاڵێوێت. ئه‌و ئێسته ته‌مه‌نی ٣٢ ساڵه و گۆڤاره‌كه هه‌نگاوه‌كانی ئه‌وی به كه‌مپێنی شاراوه ناو بردووه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
زۆكربێرگ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ هه‌ندێك قسه‌ی كرد كه بۆنی سیاسه‌تیان لێ ده‌هات و گوتی، "پێ ده‌چێت خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی مێژوویی به‌جێ بێڵین. چه‌ندان ده‌یه له پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا ئێمه‌ی به یه‌كترییه‌وه گرێ دا و به‌رهه‌مه‌كانیشی به‌رز كرده‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ژیان بۆ زۆرێك خه‌ڵك ئه‌سته‌متر بووه و بۆشایییه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌كان هاتووه‌ته كایه‌وه كه به درێژایی ته‌مه‌نم تا ئه‌و راده‌یه‌ی ئێسته هه‌ستم پێی نه‌كردووه، بۆیه ده‌بێت یارییه‌كه به شێوه‌یه‌ك بگۆڕین هه‌موو كه‌سێك لێی سوودمه‌ند بێت."
ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌كی تایبه‌تیشی كردووه‌ته‌وه كه ناوی ساڵی سفری لێ ناوه و ده‌یه‌وێت تیایدا وێنه‌ی ئه‌و گه‌شتانه بڵاو بكاته‌وه كه بۆ ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامیان ده‌دات.
هه‌روه‌ها له كۆمێنته‌كانیشی ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه گرنگی به ئاین ده‌دات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی جووه، به‌ڵام خۆی به كه‌سێك ناسراوه باوه‌ڕی به خوا نییه و ئه‌وه‌نده‌ی باوه‌ڕی به زانست هه‌یه باوه‌ڕی به ئاین نییه. له كۆمێنته‌كانیدا وا پێ ده‌چێت گۆڕانكاری به‌سه‌ر بۆچوون و باوه‌ڕه‌كانی هێنابێت و ئاین به پڕ بایه‌خ هه‌ژمار ده‌كات. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له ئه‌مه‌ریكا ئه‌گه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی به خوا نه‌بێت، هه‌رگیز چانسی ئه‌وه‌شی نابێت له‌سه‌ر كورسیی سه‌رۆكایه‌تی دابنیشێت.
هه‌نگاوه‌كانی دامه‌زرێنه‌ری فه‌یسبووك له ساڵی رابردووه‌وه ده‌ستی پێ كردووه و ته‌نانه‌ت له پشكه‌كانی خۆی له فه‌یسبووك هه‌ندێك گۆڕانكارتی كردووه تا بتوانێت دوای ئه‌وه‌ی پۆستی حكوومی به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێت، كۆنترۆڵی كۆمپانیاكه‌شی بكات و به یه‌كجاری لێی دوور نه‌كه‌وێته‌وه.
به‌گوێره‌ی یاساكانی ئه‌مه‌ریكا، كه‌مترین ته‌مه‌ن بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ٣٥ ساڵ ده‌ستنیشان كراوه و تا ئه‌وكاتیش مارك زۆكربێرگ ته‌مه‌نی ده‌گاته ٣٦ ساڵ. هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك له چاودێران ده‌ڵێن ئه‌گه‌ری خۆپاڵاوتنی زۆكربێرگ له ساڵی ٢٠٢٤ زۆر زیاتره له هی ساڵی ٢٠٢٠.