هەواڵە ناخۆشەكە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید گەیشت.. ماوەی دووركەوتنەوەی مۆدریچ و مارسێلۆ ئاشكرا كرا

:: AM:10:58:23/01/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی گورزێكی كوشندەی بەركەوت دوای ئەوەی ماوەی دووركەوتنەوەی هەردوو ئەستێرەكەی لۆكا مۆدریچی كڕواتی و مارسێلۆی بەڕازیلی ئاشكرا كران.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە كە هەردوو یاریزانەكە بۆ ماوەی 3 تا 4 هەفتە ناتوانن هیچ یارییەك بۆ یانەی شاهانە ئەنجام بدەن.

رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە كە دەستەی پزیشكی یانەی ریال مەدرید ئەمڕۆ سێشەم پشكنینی ورد بۆ هەردوو یاریزانەكە ئەنجام دەدەن و بەتەواوی ماوەر دووركەوتنەوەیان دیاری دەكەن.

ئەوەی تا ئێستا روونە كە هەردوو یاریزانەكە ناتوانن لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا یاریی بكەن كە بڕیارە سبەی چوارشەم لەنێو یاریگەی یانەی سێلتا فیگۆ بێتە ئەنجامدان، یانەی شاهانە هەفتەی رابردوو لە یاریی چووندا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دۆڕا بوو.

رەنگە هەردوو یاریزانەكە نەتوانن لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش بەرامبەر یانەی ناپۆلی ئیتاڵی یاریی بكەن كە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بێتە ئەنجامدان.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م