ئەبوبەكر بەغدادی بۆ لە ئیدلب بوو.. شەش مۆبایل و كۆمپیوتەرەكە چییان تێدایە

وێنەیەك لە ئاسمانەوە: ئەو شوێنەی ئەبوبەكر بەغدادی تێدا كوژرا
:: PM:12:00:31/10/2019 ‌
تا دێت زانیاری نوێ لەسەر ئۆپڕاسیۆنی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی بڵاو دەكرێتەوە، بەرپرسانی ئەمەریكی دەڵێن، بەغدادی بەرانبەر پاراستنی گیانی پارەی بە گرووپە تیرۆریستییەكانی ئیدلب داوە. ئەمەریكییەكان دەیانەوێت زانیاری زیاتر لەسەر داعش كۆ بكەنەوە لە رێی دەست بەسەرگرتنی شەش مۆبایل و چوار كۆمپیوتەر.

ئەمڕۆ پێنجشەم 31ی تشرینی یەكەم، رۆژنامەی "نیویۆڕك تایمز" لە راپۆرتێكیدا زانیاری نوێی لە بارەی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش و ئۆپراسیۆنە تایبەتەكە بڵاو كردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە بێت، ئەوا ئەبوبەكر بەغدادی لە پارێزگای ئیدلب نیشتەجێ بوو، لەگەڵ گرووپی میلیشیاكانی "حوڕاسە دین"ـی نەیاری، رێككەوتنی هەبووە بەرانبەر بە پێدانی پارە بیپارێزن.

گرنگە زانیاری زیاتر لەسەر داعش لەو كۆمپیوتەر و مۆبایلانە دەست بخەین


دوو بەرپرسی ئەمەریكی زانیاری ئەوەیان بە رۆژنامەكە داوە كە بەغدادی توانیویەتی ئەندامانی ئەو گرووپە رازی بكات، ئەگەرچی پێشتر شەڕیش لە نێوانیان هەبووە و لە یەكتریان كوشتووە. 

بەگوێرەی ئەو دەفتەرەی دەست ئەسعەد ئەلمحەمەد لێكۆڵەر لە زانكۆی جۆرج واشنتن كەوتووە كە پێشتر خۆی سیخوڕی هەوڵگری ئەمەریكی بووە، هەشت نامەی تێدا تۆمار كراوە لە نێوان ساڵی 2017 تا هاوینی 2018، لەو نامانەدا رەوانەكردنی ئەو بڕەپارانە تۆمار كراوە كە داعش بە حوڕاسە دینی داوە بەرانبەر بە دابینكردنی شوێنێكی پارێزراو بۆ كەلوپەلی ژووری راگەیاندنی داعش، هەروەها مووچە و تێچووی لۆجستی. 

لە یەكێك لە نامەكاندا، میلیشیاكانی حوڕاسە دین بڕی حەوت هەزار دۆلار لە داعش وەدەگرن بەرانبەر بە رەخساندنی بارەگا بۆ داعشەكانی ویلایەتی خێر.

ویلایەتی خێر، دەوروبەری دێرزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە كە پێشتر داعش تێیدا حوكمڕان بووە و ئەم ناوەی لێ ناوە.

بەگوێرەی رۆژنامەكە بێت، داعش لە مانگی شوباتی رابردووەوە توانیویەتی گرووپی میلیشیاكانی حوڕاسە دین بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار بهێنن، هاوكات ئەبوبەكر بەغدادی لە مانگی تەمووزی رابردوو رووی لە ئیدلب كردووە و ئەمەریكییەكان ماوەی سێ مانگە چاودێری دەكەن. 

 بەرپرسانی ئەمەریكی بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، ترس هەبووە لە چوونە ناوەوەی سوپای تایبەتی ئەمەریكی بۆ ئەو ناوچەیە، چونكە ئاسمانی ناوچەكە بە دەست رووسیا بووە، بەڵام پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكای لە رۆژئاوای كوردستان دا، ئۆپراسیۆنی لەناوبردنی بەغدادی پێش خرا لە ترسی بزربوون و هەڵاتنی ناوبراو.

بە قسەی بەرپرسانی ئەمەریكی بێت، بەغدادی دووچاری ترس بووبوو، متمانەی بە كەس نەما بوو جگە لە گرووپێكی كەمی دەوروبەری، ئەمەش هۆكار بووە لە كەمی ژمارەی پاسەوانانی.

بەپرسانی ئەمەریكی ئاماژە بە دەستگرتن بەسەر شەش مۆبایل و چوار كۆمپیوتەر دەكەن لەو ماڵەی ئۆپراسیۆنەكەی كراوەتە، دەڵێن گرنگە زانیاری زیاتر لەسەر داعش لەو كۆمپیوتەر و مۆبایلانە دەست بخەین.



وشە - فه‌رمان سادق