ژەنەڕاڵێكی ئەمەریكی: ئازادكردنەوەی مووسڵ چەند هەفتەیەكی دەوێ

:: AM:10:28:17/10/2016 ‌

فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا ڕای دەگەیەنێ كە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی پارێزگای مووسڵ، چەند هەفتەیەك و ڕەنگە زیاتریشی بوێت.

ستیڤن تاونسند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، ئەمڕۆ دووشەم ڕای گەیاند كە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ بەیانی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتەوە دەستی پێ كردووە، ئەگەرچی شەڕێكی سەخت دەبێ، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە و عێراقییەكان دەستیان پێ كرد و ئێمەش وەك هێزە هاوپەیمانەكان پشتیوانیان دەكەین.

ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئامادەكردنی ئەم شەڕە، بە پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقەوە، ڕاهێنانمان بە 54 هەزار كەس كردووە و تا ڕادەیەكی باش لە ئامادەباشیدان.

لەبارەی ئەوەی چەند دەخایەنێ ئەو شەڕە، ستیڤن تاونسند گوتی: شەڕەكە ئاسان نییە و درێژەش دەكێشێ، لەوانەیە چەند هەفتەیەك یان زیاتریش بخایەنێ.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم بە فەرمانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، بە بەشداریی چوار هەزار پێشمەرگە دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ گوندەكانی خوارووی چیای زەرتك لە میحوەری خازر (خۆرهەڵاتی مووسڵ) و تا ئێستە هێرشەكە بەردەوامە و تیرۆریستان لە شكستدان و زیانی زۆریان بەركەوتووە.

كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە پێنج میحوەرەوە دەبێ: گەیارە، گوێڕ، خازر، بەعشیقە و سەدی مووسڵ و ئاسكی مووسڵەوە بەرەو ناوەوەی مووسڵ هێزەكان پێشڕەوی دەكەن.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، ئەمڕۆ دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوە: سكای نیوز.


وشە - كوردۆ شابان