رۆناڵدۆ بڕیار دەدات لە یارییەكەی سێلتا فیگۆ یاریی بكات

:: PM:01:17:23/01/2017 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و باشترین یاریزانی جیهان بڕیاریداوە لە یاریی داهاتووی یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ یاریی بكات هەرچەندە ئازار و پێكانی هەیە.

رۆناڵدۆ ماوەیەكە ئازار و پێكانی لە ژێرەوەی پێی هەیە و بەو هۆیەشەوە نەیتوانیوە لەچەند یارییەكی رابردووی یانەی ریال مەدرید یاریی بكات، لە یارییەكەی ئەم هەفتەیەشدا بەرامبەر یانەی مەلەگە لە خولی ئیسپانیا نەیتوانی ئاستێكی شایستە پێشكەش بكات و رووبەڕووی رەخنەیەكی توندی هاندەران بووەوە هەرچەندە یانەكەی بەزەحمەت توانی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بباتەوە.

یانەی ریال مەدرید دووسبەی چوارشەم لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 8ی جامی شای ئیسپانیا دەبێتە میوانی یانەی سێلتا فیگۆ، هەفتەی رابردووش یانەی شاهانە لە یاریی چووندا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ یارییەكەی دۆڕاندبوو.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ دووشەم رۆناڵدۆ لەلایەن دەستەی پزیشكی یانەی ریال مەدریدەوە پشكنینی وردی بۆ دەكرێ بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئازارەكانی بدۆزنەوە.

رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە كە رۆناڵدۆ دەچێتە هەمان ئەو نەخۆشخانەی كە ئێستا یاریزانانی تری یانەی ریال مەدرید لەوانە پیپی، كوێنتراو، خامیس رۆدریگیز، لۆكا مۆدریچ، مارسێلۆ، دانی كارڤاخال و گاریس بێڵ چارەسەری وەردەگرن.

سەرچاوەكە كە نزیكە لە یانەی ریال مەدرید بڵاویشی كردەوە كە رۆناڵدۆ هەرچەندە ئازارێكی زۆری هەیە، بەڵام پێداگیری كردووە لە یارییەكەی دووسبەی چوارشەم بەشداری بكات، چونكە پێیوایە لەو یارییەدا یانەی شاهانە پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی لە ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا دانەبڕێت.

رۆناڵدۆ هەروەها دەیەوێ لە یارییەكەدا وەڵامی رەخنەی هاندەران بداتەوە و رۆلی سەرەكی بگێڕێ لە سەركەوتنی یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م