پێشمەرگە گەیشتە چواڕیانی شارۆكەی حەمدانییە

:: AM:10:29:17/10/2016 ‌

هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوامن و ئێستە گەیشتوونەتە چواڕیانی شارۆكەی حەمدانییە و زیانی زۆریان بە تیرۆریستان گەیاندووە و بەتەواویش نزیكبوونەتەوە لە مووسڵ.

شارۆكەی حەمدانییە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی مووسڵ و هەریەك لە شارەدێكانی بەرتلە و كرملێس و بەعشیقە و بخدیدا سەر بەو شارۆكەیەن، یەكێكە لەناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا و زۆرینەی دانیشتووانی مەسیحی و ئێزدی و شەبەكن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، پێشمەرگە توانیویەتی گوندی شاقۆڵی و بەدەنەی گەورە و بچووك و شێخ ئەمیر كۆنتڕۆڵ بكاتەوە و ئێستە گەیشتووەتە چواڕیانی حەمدانییە و نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسلەوە دوورە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم بەسەرپەرشتی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان و بە بەشداری چوار هەزار پێشمەرگە لە میحوەری خازری رۆژهەڵاتی مووسڵ، پێشمەرگە دەستیان بە پێشڕەوی كرد و تا ئێستەش توانیویانە نزیكەی پێنج گوند ئازاد بكەن و گورزی كوشندەش لە تیرۆریستان بوەشێنن.

درەنگانی شەوی ڕابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست پێ كردنی هەڵمەتی رزگاركردنەوەی مووسڵی ڕاگەیاند، لە هەڵمەتەكەشدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق و پۆلیسی فیدرالی و حەشدی نیشتمانی سونەكان و دژە تیرۆری عێراق بەشداری دەكەن، ئەمە جگە لەوەی هاوپەیمانان بە فڕۆكە و تۆپی دوورهاوێژ پشتیوانی تەواوی هێزەكانی وشكایی دەكەن.

مووسڵ لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكداری چوار فیرقەی سوپا و هێزەكانی پۆلیسی ناوخۆیی كەوتە دەست تیرۆریستان، بەوهۆیەوە نزیكەی 350 هەزار هاووڵاتی مووسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، لە ڕووی جوگرافیەوە مووسڵ دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و رۆژئاوای هەولێر و لە رۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، هەریەك لە عەرەبی سونە و كوردانی سونە و ئێزدی و شەبەك، مەسیحییەكان نیشتەجێی شارەكەن.

تایبەت


وشە - باز ئه‌حمه‌د