"غه‌سان شربل" ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری ناسراوی عه‌ره‌بی، له ڕۆژنامه‌ی "شه‌رق ئه‌وسه‌ت"ی سعوودی، چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه و ئه‌مڕۆ دووشه‌م بڵاو بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی ته‌واوی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یه:
داڤووس- غه‌سان شربل: له‌وه‌ته‌ی داعش هاتووه، ئه‌مه سێیه‌م چاوپێكه‌وتنمه له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان؛ له 10ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014 له پاریس بینیم. پێش ئه‌وه‌ی بگه‌مه لای، پێش چه‌ند سه‌عاتێك ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان خوێندبوویانه‌وه كه مووسڵ كه‌وتووه‌ته ده‌ستی داعش. بارزانی پێشبینی كرد قۆناغی دوای كه‌وتنی ئه‌و شاره گران و تاڵ بێت، ئه‌وه‌بوو كه ڕووی دا. له زستانی 2015 داوای چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵدا كرد، له باره‌گای خۆی له‌ناو هێڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش پێشوازی لێ كردم، ئه‌وكات گوتی: سنووری نوێی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان یان ناو ده‌وڵه‌ته‌كان به خوێن ده‌كێشرێ.. پێش چه‌ند ڕۆژێک له داڤووس كه به به‌فر نوقم بووه، بارزانیم بینی، بۆیه پێویسته گفتوگۆكه‌م له‌گه‌ڵی به پرسیار له‌سه‌ر جه‌نگی مووسڵ ده‌ست پێ بكات و دۆخی داعش پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه سه‌ر دۆخی تری عێراق.. ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قی وتووێژه‌كه‌یه:
* فه‌خامه‌تی سه‌رۆك، دوایین پێشهاتی جه‌نگی مووسڵ چییه؟
- دوا پێشهات، ئازادكردنه‌وه‌ی به‌شی چه‌پی شاره‌كه‌یه، ئه‌مه‌ش واته ئازادكردنه‌وه‌ی نیوه‌ی مووسڵ. سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه و لێدانی له‌ناوبردنی داعشه.
* چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ی كه‌ی ئه‌وه‌ی كه ماوه له ناو شاری مووسڵ ئازاد بكرێ؛ چه‌ند مانگێكی تر یان زیاتر؟
- هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له شه‌ڕدا ده‌كرێ. له هه‌ندێ ناوچه وامان ده‌زانی به‌رگریی "داعش" زۆر توند ده‌بێت، به‌ڵام تاكی شه‌ڕه‌كه ده‌ركه‌وت وا نه‌بوو. له هه‌ندێ شوێنی تر چاوه‌ڕێی به‌رگرییه‌كی لاوازمان ده‌كرد و بینیمان شه‌ڕێكی زۆر توند ده‌كه‌ن. به دڵنیایییه‌وه مووسڵ گرنگترین شوێنی داعشه و پایته‌ختیانه، بۆیه خۆكوژیی ده‌كه‌ن بۆ پاراستنی ئه‌و شاره. بۆیه زۆر گرانه خه‌مڵاندنی كات بكرێ.
* ده‌توانین بزانین قه‌باره‌ی زیانه‌كانی پێشمه‌رگه له جه‌نگی دژی داعش چه‌نده؟
-به‌ڵێ. به‌داخێكی زۆره‌وه، له ڕووی ژماره و جۆره‌وه جه‌رگبڕ بوو. ژماره‌ی قوربانییه‌كان له ساڵی 2014 تا ئێسته، گه‌یشته هه‌زار و 668 شه‌هید و نۆ هه‌زار و 725 بریندار. به‌پێی هه‌موو ڕاپۆرت و زانیارییه‌كانیش، زیانی داعش له شه‌ڕی دژ به هه‌رێمی كوردستان كه له ڕێگه‌ی سه‌رچاوه هه‌واڵگرییه‌كانی خۆمان و هاوپه‌یمانانه‌وه ده‌ستمان كه‌وتووه، گه‌یشتووه‌ته 15 هه‌زار كوژراو.
* ئایا له كاتی جه‌نگه‌كه‌دا، ته‌واوی ئه‌و هاوكارییانه‌تان پێ گه‌یشت كه چاوه‌ڕێ بوون؟
- له‌باره‌ی پشتیوانیی ئاسمانییه‌وه، به‌ڵێ، پشتیوانییه‌كی زۆر به‌هێز بوو، به‌ڵام پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه وه‌ك پێویست نه‌بوو.
* ده‌توانین بڵێین ئه‌گه‌ر بۆردومانی هێزی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكی نه‌بووایه، جه‌نگه‌كه درێژتری ده‌كێشا؟
- بێ گومان، پشتیوانیی پێشمه‌رگه بێت یان سوپای عێراق، ڕۆڵی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هێزه هاوپه‌یمانییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی گه‌وره بوو.
* ئایا لێدانه‌كانیان به‌هێز و ورد و كاریگه‌ر بوو؟
- زۆر ئامانجپێكه‌ر و كاریگه‌ر بوو. له هێڵی ئێمه، ده‌توانم به هه‌موو متمانه و شانازییه‌كه‌وه بڵێم كه هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه و سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان زۆر باش بوو، تا ئێسته له هیچ لێدانێك كه‌سانی سڤیل پێوه نه‌بووه، ئه‌مه‌ش له مێژووی جه‌نگه‌كاندا پێشینه‌ی نه‌بووه.
* ده‌زگه‌یه‌كی هه‌واڵگریی چالاكتان هه‌یه، ئایا زانیاریتان له‌سه‌ر شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی هه‌یه؟
- به دڵنیایییه‌وه ده‌زگه‌یه‌كی هه‌واڵگریی زۆر به‌هێزمان هه‌یه و ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان له جه‌نگه‌كه‌دا بینی. به‌ڵام به ڕاستی نه‌توانراوه هیچ شتێك له‌سه‌ر شوێنی به‌غدادی بزانرێ.
* ئایا شوێنگۆڕكێی ده‌كرد؟
- به‌ڵێ پێشتر له‌ناو مووسڵ ده‌یكرد، به‌ڵام له چ گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌یه‌ك بوو، نه‌ده‌زانرا. له مووسڵه‌وه بۆ ته‌له‌عفه‌ر و له نێوان سووریا و عێراق ده‌جووڵا. له چه‌ند مانگی كۆتادا خۆی ده‌پاراست و هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌ری نه‌ده‌زانی.
* ئایا داعش له ڕووی سه‌ربازی و ته‌ناهییه‌وه لێهاتوون؟
- له ڕاستیدا ناتوانم بڵێم لێهاتوویییه‌كی سه‌ربازیی تایبه‌تیان هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی بۆ سه‌ر مێشكی سه‌ربازه‌كانیان ده‌یانكرد، ویستێكی به‌هێز و ئاماده‌یییه‌كی زۆریان بۆ مردن هه‌بوو، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌بوو كه هه‌ستمان پێ كرد نه‌ك لێهاتوویی سه‌ربازی.
* ژماره‌ی ئه‌و داعشه دیلانه‌ی لای پێشمه‌رگه‌ن چه‌ندن و چ ناسنامه‌یه‌كیان هه‌یه؟
- ناسنامه‌ی چه‌ندان وڵاتی جیاوازیان پێیه، به‌ڵام ناتوانم ئاماژه به ژماره بده‌م.
* كه‌س هه‌یه به‌دواداچوونیان له‌سه‌ر بكات؟
- تا ئێسته نه‌خێر.
* ڕێژه‌ی به‌شداریی بیانیی (جگه له عێراقی) ناو ڕێكخراوه‌كه چه‌نده؟
- زۆرترین بیانیی ناو داعش، چیچانین، پاشان ئه‌وانه‌ی به توركی قسه ده‌كه‌ن: ئۆزباكستان، توركمانستان، كازاخستان، توركیا و ئازرباینجان، تا ده‌گاته ناوچه‌یه‌كی چین، له‌ناو عه‌ره‌بیشدا، توونسیی زۆر تێدایه.
* شه‌ڕێكی توندتان له ئازادكردنه‌وه‌ی شارۆكه‌ی به‌عشیقه له ده‌ستی داعش كرد، جۆری ئه‌و شه‌ڕه چۆن بوو؟
- به‌عشیقه 15 كیلۆمه‌تر له باكوری مووسڵ دووره. شارێكی گرنگه، چونكه پێكهاته‌كه‌ی له چه‌ندان نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زه‌وی جیاواز پێك هاتوون، له نێوان عه‌ره‌ب و كورد و مه‌سیحی و ئێزیدی. داعش له‌و شاره‌دا به شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رسوڕمان خۆی توند كردبوو.
كاتێك شه‌ڕی مووسڵ ده‌ستی پێ كرد، پێشمه‌رگه بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته گه‌مارۆی دان، پاشان ده‌ستیان به چوونه ناوه‌وه كرد، 113 چه‌كداری تێدا بوو، یه‌ك دانه‌ش خۆی به‌ده‌سته‌وه نه‌دا، 110 كه‌سیان كوژران و سێ دانه‌كه‌ی تریش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بریندار بوون، به دیل گیران. بیر بكه‌ره‌وه ئه‌وه چ شتێكه خراوه‌ته مێشكیانه‌وه!.
به‌عشیقه، هێمای پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زه‌وییه، راسته‌وخۆ دوای ئازادكردنه‌وه‌ی سه‌ردانم كرد، گردبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی زۆر جوانی لێ كرا. نوێنه‌رانی موسڵمان و مه‌سیحی و ئێزیدی و له هه‌موو مه‌زه‌و و هۆزێكی تر پێشوازییان كردم و بوخچه‌ی گوڵیان پێشكه‌ش كردم، لای من زۆر به به‌هایه ئه‌وه، چونكه هێمای ڕاستیی بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیانه. شارێكی ده‌وڵه‌مه‌نده به زه‌یتوون، گرنگییه‌كه‌شی زیاتر به‌و هێمایانه‌یه نه‌ك له ڕووی ئابوورییه‌وه.
* ئایا ڕاسته داعش كۆگه و مۆڵگه‌ی خۆی له‌ناو مزگه‌وت و كه‌نیسه‌دا دروست ده‌كرد؟
- به‌ڵێ ئه‌وه ڕاسته. چونكه هاوپه‌یمانان ڕێنوێنیی ڕوونیان دابوو به هێزه‌كانیان كه نابێ مزگه‌وت و كه‌نیسه و نه‌خۆشخانه بۆدومان بكرێن، ئه‌وانیش ئه‌وه‌یان قۆسته‌وه و كردبوویانن به باره‌گای خۆیان.
* ئایا هاوپه‌یمانان دواتر ناچار بوون كه له‌و شوێنانه بده‌ن؟
- به‌پێی زانیاریی من، به ده‌گمه‌ن نه‌بێ، هاوپه‌یمانان هیچ یه‌كێ له‌و شوێنانه‌یان نه‌پێكاوه.
* گوتت بۆردومانی هاوپه‌یمانان له ناوچه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و پێشمه‌رگه زۆر ورد نیشانشكێن بوو؟
- به شێوه‌یه‌كی بێ وێنه ئامانجپێكه‌ر بوون كه وێنه‌ی نه‌بووه له هیچ جه‌نگێكی پێشوودا، به‌پێی زانیارییه‌كانی من، هیچ سڤیلێك پێوه نه‌بوو، زۆر به وردی كاره‌كانیان ده‌كرد و نموونه‌یی بوون كه شایه‌نی باسكردنه.
* دوای ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، بۆ چ عێراقێك ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
- مووسڵ شارێكه له هه‌موو شاره‌كانی تری عێراق جیاوازه، وه‌ك ناوه‌ندی شاره‌كه و وه‌ك ته‌واوی پارێزگاكه‌ش به گشتی. مووسڵیش شارێكی فره نه‌ته‌وه‌یییه، پێش ئه‌وه‌ی داعش بێت، له‌ناو مووسڵ 300 هه‌زار كوردی لێ ده‌ژیا، ئێسته زۆربه‌یان به‌جێیان هێشتووه، مه‌سیحی، توركمان، وابزانم كوردی شیعه و عه‌ره‌بی شیعه‌شی لێ ده‌ژیا، بۆیه پێم وایه ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندی بدرێتێ.
كاتێك له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌مه‌ریكییه‌كان پلانمان داده‌ڕشت، ده‌بوو پلانێكی ته‌واو بۆ دوای ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ داڕێژین، به‌ڵام په‌له كرا له جێبه‌جێكردنی كرده‌وه‌گه‌لی سه‌ربازی، بۆیه لیژنه‌یه‌كی باڵامان بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه‌یه‌كی نه‌خوازراو و دامه‌زراند تا ئه‌گه‌ر دوای ئازادكردنه‌وه‌ی شاره‌كه ڕووی دا، بۆی بگه‌ڕێینه‌وه.
هه‌ندێ ناوچه‌ی مووسڵ سه‌ر به هه‌رێمی كوردستانه، وه‌ك شنگال كه زۆرینه‌كه‌ی كوردن، هه‌روه‌ها شێخان، ته‌نانه‌ت شارۆكه‌ی ئاكرێ كه له سه‌رده‌می به‌عسه‌وه لێی دابڕاوه، بۆیه نابێ به‌و شێوه‌یه بهێڵرێته‌وه، وه‌ك ده‌گوترێ هه‌موو بڕیاره‌كانی سه‌رده‌می به‌عس هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌بێ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پابه‌ندین به بڕیاری گشتپرسی.
* چه‌ند ساڵی ته‌مه‌نت له جه‌نگدا به‌سه‌ر بردووه؟
- سێ له چواری ته‌مه‌نم له شاخ و خه‌بات و شه‌ڕدا به‌سه‌ر بردووه. ته‌مه‌نم 16 ساڵ بوو كه بۆ یه‌كه‌م جار چه‌كم هه‌ڵگرت، تا ئێسته به‌رده‌وامم.
* كامیان توندتر بوون، سه‌دام حسێن یان ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی؟
- سته‌مكاره‌كان زۆر بوون، هه‌ریه‌كه‌شیان نماینده‌ی قۆناغێك ده‌كات.
* ئایا داعش ڕكێكی تایبه‌تی له كورد هه‌بوو؟
- ئه‌وه‌ی ئه‌وان ڕك بوو له مرۆڤایه‌تی، زۆرینه‌ی كورد مسوڵمانی سوننه‌ن و كراوه‌ن و باوه‌ڕیان به پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێمه باوه‌ڕمان پێیه، دژی بانگه‌شه‌كانی داعشه، ده‌یانویست ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوچانه بسه‌پێنن، به‌ڵام كورد ڕایگرتن، ئه‌مه‌ش ئه‌و هۆكاره بوو كه ڕكیان له كورد ده‌بووه‌وه.
* ئێوه دیلتان لایه، له‌وانه‌وه بۆتان ده‌ركه‌وتووه كه پیلانیان داناوه بێنه كوردستانیشه‌وه؟
- به دڵنیایییه‌وه ئامانجیان گرتنی هه‌ولێر و ته‌واوی كوردستان بوو. ئامانجی ئه‌وان هه‌ولێر نه‌بوو، به‌ڵكو گه‌یشتنه به هیندستان تا ئیسپانیا، ئه‌گه‌ر بهاتنایه‌ته كوردستان، نازانم كێ ده‌یتوانی له‌و شاخانه ده‌ریان بهێنێ، بۆیه كورد به ئاسته‌نگی سه‌ره‌كیی تێكچوونی ئه‌و پیلانه‌یان داده‌نێن.
* پێوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا چۆن وه‌سف ده‌كه‌ی؟
- له كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا هه‌بوو، ده‌توانین بناخه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و پێشكه‌وتنه ئه‌رێنییه دروست بكه‌ین له داهاتوودا. به‌ڵام له لایه‌نه‌كانی تر، له ڕاستیدا هیچ پێشكه‌وتنێك له نێوان پێوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا دروست نه‌بووه. له سه‌ردانی دواییمدا بۆ به‌غدا پێم گوتن، به‌داخه‌وه شكستمان خوارد له دروستكردنی پشكدارییه‌كی ڕاستی له نێوانمان، بۆیه پێویسته بۆ شێوه‌یه‌كی تر بگه‌ڕێین. با ببین به دوو دراوسێكی باش له‌گه‌ڵ یه‌كتر.
* ئه‌وه‌ت به حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوت؟
- به عه‌بادی و سه‌ركرده‌كانی "هاوپه‌یمانیی نیشتمانی"م گوت.
* چۆن وه‌ڵامیان دایته‌وه؟
- باش لێم تێده‌گه‌یشتن.
* بۆچی تا ئێسته به‌غدا بودجه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه؟
- به‌ڵێ ئه‌وه ڕاسته. ده‌شبێ ئه‌و پرسیاره له به‌غدا بكه‌ی، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئێمه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌وان وه‌به‌رهێنانی نه‌وت ده‌كه‌ین، به‌ڵام كورد له دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وان بودجه‌یان نه‌نارد، ده‌ستی به فرۆشتنی نه‌وت كرد.
* عه‌بادی به‌ڵێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه‌ی پێ نه‌دای؟
- به‌ڵێنی زۆر دراوه و جێبه‌جێ نه‌كراوه. ڕێگری و كێشه زۆرن.
* كێ ڕێگره له‌وه‌ی عه‌بادی بڕیاره‌كانی جێبه‌جێ بكات؟
- پێم وایه ڕێگری و په‌ستان و پیلانگێڕیی زۆر له دژی عه‌بادی ده‌كرێ تا شكست بهێنێ. ته‌نانه‌ت له كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵیش، ئه‌وانه‌ی شاره‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه دا، هه‌موو ڕێگه‌یه‌كیان به‌كار هێنا تا ئه‌و كرده‌وه‌گه‌له شكست بهێنێ.
* ئایا "حه‌شدی شه‌عبی" ڕۆڵی هه‌بووه له ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ؟
- له‌ناو شاره‌كه‌دا نا، به‌ڵام له ڕۆژئاوای شاره‌كه به‌ڵێ، ئه‌وان بوون كه ته‌له‌عفه‌ریان ئازاد كرد.
* هه‌ندێك جار لێدوانی دژ به هه‌رێمی كوردستان له سه‌ركرده‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" ده‌بیستین. ئایا له‌وه ناترسن ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داهاتووی پێشمه‌رگه له دژی ئه‌وان بێت؟
- هه‌ندێ جار گوێبیستی لێدوانی نابه‌رپرسیار ده‌بین. به دڵنیایییه‌وه له‌ناو "حه‌شد" كه‌سانی تێدایه كه هه‌ست به به‌رپرسیارییه‌تی ده‌كه‌ن. ئێمه ده‌مانه‌وێ لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبده‌ینه‌وه و خۆمان بۆ گه‌شه‌پێدان و باشتركردنی دۆخی ژیانی خه‌ڵك ته‌رخان بكه‌ین.
گومانی تێدا نییه ئه‌و لێدوانانه دڵه‌ڕاوكێ بۆ ئێمه دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ر كه‌س بیه‌وێ سنووری هه‌رێمی كوردستان ببه‌زێنێ، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی توندی ده‌بێت، هیوادارین نه‌گاته ئه‌و قۆناغه.
* له‌م شه‌ڕانه‌دا هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه؟
- هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان هه‌ماهه‌نگیی هه‌یه، به‌ڵام حه‌شد له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یانه.
* له ئێسته‌دا پێوه‌ندیی ئێوه و توركیا چۆن وه‌سف ده‌كه‌ی، ئایا ئه‌وان ئاسته‌نگی پێوه‌ندی نێوان ئێوه و ئێرانن؟
ـ پێوه‌ندییه‌كی نایابمان هه‌یه، پێوه‌ندی ئێمه و توركیا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی پێوه‌ندیی نییه له‌گه‌ڵ ئێران.
* ده‌گوترێ ئێران خاوه‌نی قسه‌ی یه‌كه‌م و كۆتایه له به‌غدا، ئایا له هه‌ولێریش ئه‌وه ڕاسته؟
- له‌سه‌ر به‌غداش قسه‌ی یه‌كه‌م و كۆتا لای ئێران نییه، به‌ڵام ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كه‌من له به‌غدا.
* هه‌ولێر ده‌توانێ له‌گه‌ڵ به‌غدا لێكتێگه‌یشتن بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تاران لێك تێ بگه‌ن؟
- ئێران ده‌ستڕۆیشتووی سه‌ره‌كییه له به‌غدا، باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ لێكتێگه‌یشتنێك له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌بێ پیرۆزبایی ئێران جێبه‌جێ بكرێ.
* ده‌ڵێن به‌عسییه‌كان ئاسانكارییان بۆ چوونی داعش كرد بۆ مووسڵ، ئێسته‌ش ڕۆڵیان هه‌یه؟
- ڕۆڵیان زۆر به‌رته‌سك بووه‌ته‌وه، كاتێك داعش چوونه مووسڵ، ژماره‌یان نه‌ده‌گه‌یشته 500 كه‌س، به‌عسییه‌كان و خه‌ڵكی تر هاوكارییان كردن، به‌ڵام دواتر داعش لێیان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و زۆربه‌یان له‌ناو بردن.
* له‌لایه‌ن ده‌زگه‌كانتانه‌وه زانیاریتان له‌سه‌ر "عیزه‌ت دووری" جێگری سه‌دام حوسێن هه‌یه؟
- هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر عیزه‌ت دووری نییه، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی پێشوو، له ده‌ره‌وه‌ی عێراقه.
* له كوێی ده‌ره‌وه‌ی عێراق؟
- ماوه‌یه‌ك له یه‌مه‌ن بوو، به‌ڵام دوای ڕووداوه‌كانی ئه‌و وڵاته باوه‌ڕ ناكه‌م مابێته‌وه.
* هه‌وڵی نه‌داوه پێوه‌ندیتان پێوه بكات؟
- هه‌رگیز.
* هه‌ندێك جار ده‌گوترێ كه پێوه‌ندیی نهێنیتان له‌گه‌ڵ به‌عسییه كۆنه‌كان هه‌یه؟
- هیچ پێوه‌ندییه‌كی نهێنیمان نییه، هه‌ر پێوه‌ندییه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌بێ ئه‌وه به ئاشكرا ده‌بێت. هه‌رێمی كوردستان كراوه‌یه بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌كی عێراقی، به‌و مه‌رجه‌ی كێشه‌ی یاسایی‌یان نه‌بێت. ئێمه لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێمان هه‌ڵداوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌س.
* چۆن له دۆخی ئێسته‌ی عه‌ره‌بی سوننه له عێراق ده‌ڕوانی؟
- عه‌ره‌بی سوننه له دۆخێكی باش‌دا نین. به‌داخه‌وه كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه مه‌رجه‌عێكی سیاسی و ئاینییان نییه، ئه‌وه‌ش كێشه مه‌زنه‌كه‌یه، پارچه‌پارچه‌ن و ڕێككه‌وتوو نین.
* ئایا ڕاسته كه ته‌رازووی مێژوویی له نێوان شیعه و سوننه‌ی عێراق شكاوه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له ئه‌نبار ڕووی دا؟
- بێ گومان، ته‌رازووی هێز له به‌رژه‌وه‌ندیی سوننه نییه.
* ده‌گوترێ شاندێكی سه‌ركرده سوننه‌كان دوای ڕووخانی سه‌دام حوسێن سه‌ردانیان كردوویت و ئامۆژكاری ئه‌وه‌ت كردوون كه هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی هه‌رێمێك پێك بهێنن؟
- به‌ڵێ ئه‌وه ڕاسته، هاوكاریشمان كردن تا كۆنگره‌یه‌ك له هه‌ولێر ببه‌ستن.
بۆ ئه‌وه‌ی راشكاوتر بم، من قسه‌م له‌گه‌ڵ نوێنه‌ران و سه‌ركرده‌كانیان كرد. بۆم ڕوون كردنه‌وه كه دۆخی عێراق ده‌گۆڕێ، ناوچه‌كه و دنیایش ده‌گۆڕێ، بۆیه پێویسته شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌تان بگۆڕن، ئه‌گه‌ر پێتان وایه شیعه و كورد سته‌متان لێ ده‌كه‌ن، من په‌یمانتان ده‌ده‌مێ كه پشتیوانتان بم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێتان وابێت كه ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه له خه‌وندان، به فیدراڵیی ڕازی بن. به‌داخێكی زۆره‌وه بایه‌خیان به گرنگیی بابه‌ته‌كه نه‌دا، هێشتا له‌ژێر كاریگه‌ریی كولتووری پێشوودا بوون، كولتووری یه‌ك حزبی. هه‌ندێكیان هه‌بوو له مه‌ترسییه‌كه تێ ده‌گه‌یشت، به‌ڵام له موزایه‌ده ده‌ترسان.
* ئایا ئه‌و كاته شیعه به هه‌رێمێكی سوننه ڕازی ده‌بوون، له‌گه‌ڵ كه‌سیان له‌وباره‌یه‌وه قسه‌ت كردبوو؟
- شیعه ئاماده بوو ئه‌و هه‌رێمه قبووڵ بكات، به دڵنیایییه‌وه قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن، به‌ڵام سوننه پێی ڕازی نه‌بوون. ئێسته هاوكێشه‌كه گۆڕاوه؛ سوننه ڕازییه و شیعه ڕه‌تی ده‌كاته‌وه. ئێسته دۆخی عه‌ره‌بی سوننه زۆر قورسه، ناوچه‌كانیان وێران بووه و ژماره‌ی ئاواره‌كانیان زۆره و هیچ مه‌رجه‌عێكیشیان نییه.
* ده‌ستڕۆیشتنی ئه‌مه‌ریكا له عێراق چۆن ده‌بینی، ئایا لاوازه؟
- هیچ ده‌ستڕۆیشتنێكی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا نابینم، به لایه‌نی كه‌مه‌وه ڕووكه‌ش وایه، ئیتر نازانم ئه‌گه‌ر له‌ودیو په‌رده شتێك هه‌بێ.
* پێشبینی ده‌كه‌ی له سه‌رده‌می تره‌مپ گۆڕانكاری به دۆسییه‌ی عێراق بێت؟
- هه‌موو كه‌س چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كات كه به ته‌واوی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا بگۆڕێ، نه‌ك ته‌نیا له‌باره‌ی عێراق.
* پێت وایه تره‌مپ زیاتر پشتیوانی كورد ده‌بێت؟
- وا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین.
* هیچ پێوه‌ندییه‌كتان له‌گه‌ڵ پایه‌كانی كارگێڕیی نوێی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه؟
- به‌ڵێ پێوه‌ندییه‌كی باش له نێوان كارگێڕیی نوێی ئه‌مه‌ریكا و ئێمه هه‌یه و باش ده‌یانناسم، به‌شێكیان له ناوچه‌كه كاریان كردووه و سه‌ردانی كوردستانیان كردووه و زانیاری باشیان له‌سه‌ر دۆخی ئێمه هه‌یه.
* مه‌به‌ستت له تیمی به‌رگری و ته‌ناهییه؟
- تیمی به‌رگری و ته‌ناهی و ته‌نانه‌ت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ش باش ده‌ناسم، كاتێك سه‌رۆكی "ئیكسۆن مۆبێل" بوو، چه‌ند جارێك بینیومه.
* به پێشبینی تۆ، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ی تره‌مپ سه‌رۆكێكی جیاواز بێت له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران‌دا؟
- وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، له لێدوانه‌كانی ئه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه كه توندتر بێت له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
* ئه‌و پێشبینییانه‌ت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك كردووه؟
- له‌سه‌ر لێدوان و هه‌ڵوێسته‌كانی، هه‌روه‌ها لێدوانی تیمه‌كه‌ی و منیش باش ده‌یانناسم.
* ئایا گه‌ڕانه‌وه بۆ عێراقێكی یه‌كگرتوو ده‌بێ؟
- قورسه، زۆریش قورسه.
* ئایا پێكه‌وه‌ژیانی عه‌ره‌ب و كورد له عێراقدا ڕووخاوه؟
- ئه‌گه‌ر به ته‌واویش نه‌ڕووخابێت، گه‌یشتووه‌ته قۆناغێكی زۆر گه‌وره به‌داخه‌وه. برایانی عه‌ره‌ب به پشكداریی ڕاستی كورد ڕازی نه‌بوون.
* به‌غدات خۆش ده‌وێ؟
- به‌غدا جیایه له‌و سیاسه‌ته‌ی حوكمڕانی ده‌كات. من له به‌غدا ژیاوم و خوێندوومه، وه‌ك شار خۆشم ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌ركی من ڕوونه، ئه‌وه‌یە شتێك بۆ گه‌لی كورد بكه‌م.
ساڵی 2005 ماوه‌ی 53 ڕۆژ له به‌غدا مامه‌وه و زۆر به ڕژدی كارم بۆ داڕشتنی ده‌ستوور كرد، له‌و ماوه‌یه‌دا 36 جار بۆردومانی باره‌گاكه‌م كرا.
هه‌موو شتێكمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كپارچه‌یی عێراق بپارێزین، به‌ڵام هه‌ندێ سیاسی كه به‌ناوی عێراقه‌وه كار ده‌كه‌ن، ئه‌و پردانه‌یان ڕووخاند، مێژوو و پێوه‌ندی و نیازپاكی و ڕاستگۆییمانیان نه‌خوێنده‌وه، ئێسته ده‌بێ ته‌نیا لۆمه‌ی خۆیان بكه‌ن.
* ئه‌گه‌ر هه‌ستایت له خه‌و و بینیت نووری مالیكی جارێكی تر بووه به سه‌رۆكی حكوومه‌ت له به‌غدا، چی ده‌كه‌ی؟
- من نامه‌وێ شته‌كان ببه‌ستمه‌وه بۆ هیچ كه‌سێك، به‌ڵام هیوادارم ئه‌وه ڕوو نه‌دات، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی عێراق.
* پرسیاره‌كه‌م دووباره ده‌كه‌مه‌وه: ئه‌گه‌ر مالیكی هاته‌وه چی ده‌كه‌ی؟
- هه‌ر له‌و ساته‌ی مالیكی ده‌بێته‌وه سه‌رۆك وه‌زیران، یه‌كسه‌ر سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نم، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ هیچ كه‌سێك. نامانه‌وێ وێرانبوونی عێراق ته‌واو بكه‌ین. له سه‌رده‌می ئه‌و هه‌زاران خه‌ڵكی عێراق كوژران و ناوه‌كانیانمان هه‌یه. ناڵێم خۆی ئه‌وه‌ی كرد، به‌ڵام له سه‌رده‌می ئه‌ودا ڕوویان دا، بێگومان ڕازی بوو له‌سه‌ری. به‌داخه‌وه پێڕه‌وێكی تایفی جێبه‌جێ ده‌كرد، وای ده‌زانی كه حاكمی یه‌كه‌می عێراقه. ناتوانم له عێراقێكدا بمێنمه‌وه كه مالیكی حوكمی تێدا بكاته‌وه، به‌داخه‌وه هه‌رگیز چاوه‌ڕێم نه‌ده‌كرد بگاته ئه‌و ئاسته له ڕك و دژایه‌تیی كورد.
* له‌به‌ر ئه‌وه‌یه مالیكی بۆ تۆ قورسه؟
- خیانه‌تی له متمانه‌ی برایه‌تی و هاوكاری كرد.
* مالیكی ده‌یویست وه‌ك سه‌دام بێت؟
- ئه‌گه‌ر ئه‌و توانایه‌ی سه‌دام هه‌یبوو، ئه‌میش هه‌یبوایه، پێشی ده‌دایه‌وه.
* دوای ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ جارێكی تر له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێم و بابه‌تی بودجه گفتوگۆ ده‌كه‌نه‌وه؟
- له‌سه‌ر ئه‌وه گفتوگۆ ده‌كه‌ین كه چۆن ببین به دراوسێیه‌كی باشی یه‌كتر.
* پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌كراوت هه‌یه؟
- به‌ڵێ.
* مه‌به‌ستت چییه له دراوسێی باش، وه‌ك به‌شێك له عێراق ده‌مێننه‌وه؟
- با بزانین شته‌كان چۆن ده‌بێ، به‌ڵام به‌م شێوه كۆنه سه‌ركه‌وتوو نابین، هه‌موو ئامانجیشم ئه‌وه‌یه جارێكی تر عێراق و كوردستان خوێنی یه‌كتر نه‌ڕێژن.
* مه‌به‌ستت له‌وه‌یه ئه‌گه‌ر نه‌بنه دراوسێیه‌كی باش، پێكداپژان دروست ده‌بێ؟
- له‌وه ده‌ترسم، هیوادارم له داهاتوودا ڕوو نه‌دا.
* دۆخی سه‌رۆكایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان چۆن؟
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دوو خوله، هه‌ر خوله‌ش چوار ساڵه، بۆ دوو ساڵیش درێژ كرایه‌وه. كه چووینه جه‌نگی داعشه‌وه، داوام له په‌رله‌مان و حزبه‌كانی ناو حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی كرد ماده‌م له شه‌ڕداین، بڕیارێك بده‌ن. یان دۆخه‌كه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، یان هه‌ڵبژاردن ڕابگه‌یه‌نن، یاخود كه‌سێكی تر له جێی من ده‌ستنیشان بكه‌ن تا كاره‌كان به‌ڕێوه ببات، چونكه من پابه‌ند نیم به كورسییه‌وه و نامه‌وێ. هه‌ندێك كه‌س كردارێكی نیمچه كۆده‌تایان له په‌رله‌مان دروست كرد و بنه‌مای سازانیان تێك دا، بۆیه ناچار بووین به‌رپه‌رچی بده‌ینه‌وه، كۆده‌نگییه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌وه دروست بوو كه له شوێنی خۆمان بمێنینه‌وه تا سه‌رۆكێكی نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێ.
* ده‌توانی سه‌رۆك نه‌بیت؟
- به‌ڵێ ده‌توانم. چونكه سه‌رۆك بم یان نا، پێگه و شوێنی من ناگۆڕێ و ده‌توانم خزمه‌تی گه‌لی خۆم بكه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكیش بم.
* ئایا لابردنی هۆشیار زێباری وه‌زیری دارایی پێشوو له دژی تۆ بوو؟
- دژی من نه‌بوو، به‌ڵكو دژی عه‌بادی بوو، دژی كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ بوو. بۆیه گوتم ئه‌وه پیلانگێڕییه. پیلانه‌كه بۆ ئه‌وه‌بوو پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ عه‌بادی و به‌غدا بپچڕێنم، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه چووم بۆ به‌غدا و بڕیارم دا پشتیوانیی له عه‌بادی بكه‌م، چونكه ئامانجه‌كه ئه‌وه‌بوو ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ شكست بهێنێ.
* بۆ ڕووخانی عه‌بادی و هاتنی كه‌سێكی تر بوو؟
- به‌ڵێ، ئامانجیان هێنانه‌وه‌ی مالیكی بوو، ئه‌وانیش داروده‌سته‌كه‌ی ئه‌و بوون له‌گه‌ڵ هه‌ندێك كورد كه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراو بوون.
* ئێسته پێوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی چۆنه؟
- به‌داخه‌وه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ده‌ست لێكترازانه‌وه ده‌ناڵێنێ، ئه‌مه‌ش دوو تا سێ باڵی دروست كردووه. من ئامۆژگاریم كردن كه یه‌كده‌نگ بن، من هاوكاریم له‌گه‌ڵ ئه‌وان پێ خۆشتره له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و تێبینییانه‌ش كه هه‌یه، به‌رده‌وام ده‌بین له هاندانیان بۆ ئه‌وه‌ی ڕیزه‌كانیان یه‌ك بخه‌نه‌وه، دوای ئه‌وه پێكه‌وه كێشه‌كان چاره ده‌كه‌ین.
* ده‌گوترێ ئه‌و قۆناغی بووژانه‌وه‌ی ژێرخانه‌ی كوردستان ڕێگه‌ی له به‌رده‌م گه‌نده‌ڵی خۆش كرد، ئێوه چیی له‌سه‌ر ده‌ڵێن؟
- ناتوانرێ حاشای لێ بكرێت، به‌ڵام هه‌ندێك له زێده‌ڕۆییشی تێدایه. ئێمه سوورین له‌سه‌ر به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و هه‌نگاوی كرداریشمان بۆ ناوه تا سنوورێك بۆ ئه‌و گه‌نده‌ڵی و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و قۆرخكارییه بكرێت.
* پێت وایه سووریا ده‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی جاران؟
- ئه‌سته‌مه.
* ده‌كرێ ببێته فیدراڵی بۆ نموونه؟
- پێم وایه ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای فورات دابه‌ش ده‌بن، ئه‌و دوو ناوچه‌یه هه‌ریه‌كه‌یان دۆخێكی تایبه‌ت به خۆیان ده‌بێ. ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا له‌سه‌ر دابه‌شكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كیان له سووریا گرێبه‌ستێكیان كرد، به‌ڵام كێ زیانمه‌ند بوو؟ كێ فرۆشتی؟ كێ كڕی؟ نازانم.
* پێت وایه ده‌ستێوه‌ردانی ڕووسیا هاوكێشه‌كه‌ی له سووریا گۆڕی؟
- به دڵنیایییه‌وه، ڕووس زانییان چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن و چی‌یان ده‌وێ.
* ڕژێمه‌كه‌یان پاراست؟
- بێگومان.
* ئێسته ڕووس له‌سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستانن به‌وه‌ی چوونه‌ته سووریا؟
- ئه‌وان له ڕۆژئاوای فوراتن و هێشتا نه‌گه‌یشتوون، به‌ڵام ئێمه پێوه‌ندییه‌كی باشمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕووسیا، یه‌كه‌م وڵاتی زلهێزه كه كونسوڵخانه‌ی له هه‌ولێر كرده‌وه.
* ده‌كرێ بۆ بینینی به‌شار ئه‌سه‌د بچیته سووریا؟
- له دۆخی ئێسته‌دا قورسه، له داهاتووشدا هیچ شتێك ئه‌سته‌م نییه.
* پێشبینی مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ی؟
- پێشهاته‌كانی ئه‌وێ نیشانی ده‌دات.