فیلمی ئەنیمەیشنی تێکشکێنەری ئەفسانە لە هەولێر نمایش دەکرێت

:: PM:02:26:04/11/2019 ‌

فیلمی "تێکشکێنەری ئەفسانە" کە باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆر دەکات، لە دەستپێکی یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی کورتە فیلمی ئەنیمەیشن لە هەولێر نمایش دەکرێت.

چیڕۆکی فیلمەکە شەڕە سەختەکانی میحوەری گوێڕ و موسڵ و شەنگال لە خۆ دەگرێ
ئەمڕۆ دووشەم چواری تشرینی دووەم، پشتیوان عەبدوڵا خاوەنی سیناریۆی فیلمەکە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فیلمەکە بەشێوەی ئەنیمەیشن بە جۆر و کوالیتییەکی بەهێز و بە پێشکەوتووترین سیستەم و تەکنیکی هونەری ساز دەکرێت کە تێچوویەکی زۆری هەبووە، بەڵام لەچاو فیلمە ئەنیمەیشنە جیهانییەکان  تێچووەکەی  ئەوتۆ نیە و لە ڕووی  کارکردن و کوالیتییەوە هیچی لە فیلمە جیهانییەکان کەمتر نیە. 

زیاتر روونی دەکاتەوە، چیڕۆکی فیلمەکە لە داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە دەست پێ دەکات و بە ئازدکردنی  شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کۆتایی دێت، هەروەها شەڕە سەختەکانی  میحوەری گۆیر و مەخمور و سەدی موسڵ و زومار و شەنگاڵ لەخۆ دەگرێت و لەسەر بڕیاڕ و راسپاردەی سەرۆک بارزانی، جگە لە ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە، پاڵەوانییەتی  هیچ کەسێک و سەرکردەیەک دەرناخرێت و لۆگو و دروشمی هیچ فەرماندەیەکی سەربازیش پێشان نادرێ، جگە لە لۆگۆ و ئاڵای کوردستان.

 "فیلمەکە کارێکی تازەیە لە ناوچەکە و هاوشێوەی نییە، فیلمەکە جگە لە کوردستان لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاش نمایش دەکرێت" پشتیوان عەبدوڵا وای گوت.

فیلمی ئەنیمەیشنی تێکشکێنەری ئەفسانە ماوەکەی 70 خولەکە، ئەم فیلمە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر و کەرتی تایبەتە و لە بیرۆکە و نووسینی پشتیوان عەبدوڵایە و لە دەرهێنانی موهەنەت کاتبە، جگە لەوەی لە یەکەمین  دیداری کورتە فیلمی ئەنیمەیشن لە هەولێر پیشان دەدرێت، لە 2020 لە سینەماکانی کوردستان و جیهانیش نمایش دەکرێت.

هەولێر/ گەرمیان گلی



وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌