له ئێسته‌دا وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رقاڵی پشكنینه پزیشكییه‌كانه بۆ ته‌واوی كه‌مئه‌ندامان له كوردستان تا كه‌مئه‌ندامی ڕاسته‌قینه ده‌ركه‌وێت. وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌ڵێت له كۆی 82 هه‌زار كه‌مئه‌ندام له كوردستان تا ئێسته، 45 هه‌زاریان پكشنینی پزیشكی‌یان بۆ كراوه و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن به‌زووترین كات ئه‌وانی تریش ته‌واو بكرێت تا مووچه‌ی پێشووی خۆیان پێ بدرێت كه 150 هه‌زار دینار بوو.
محه‌مه‌د هاودیانی وه‌زیری كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌وان له وه‌زاره‌تی كار ته‌واوی ناوی كه‌مئه‌ندامانیان له شاره‌كانی كوردستان داوه‌ته لیژنه پزیشكییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌ڵام به‌هۆی كه‌می پزیشك تا ئێسته له كۆی 82 هه‌زار كه‌مئه‌ندام له شاره‌كاندا، 45 هه‌زار كه‌مئه‌ندام كاری پشكنینیان بۆ ته‌واو كراوه كه به‌شێكی زۆری له پشكنینه‌كه ده‌رنه‌چوون و به‌شێكیشیان هه‌ر نه‌چوون بۆ بینینی لیژنه‌كه .
ئه‌و ده‌ڵێت "پێشتر له دانیشتنێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا ئه‌وه‌م خستووه‌ته ڕوو، دوای ته‌واوبوونی پشكنینی پزیشكی، پێویسته مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامانی ڕاسته‌قینه وه‌ك پێشووی لێ بێته‌وه و پاشه‌كه‌وتی له‌سه‌ر هه‌ڵگیرێت، ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌م داواكارییه ."
محه‌مه‌د هاودیانی ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو به پێی یاسای په‌سندكراوی كه‌مئه‌ندامان، ئه‌وه‌ی ته‌نیا مووچه‌ی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت له كوردستان، ئه‌وا وه‌ك جاران بڕی 150 هه‌زار دیناری پێ ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه وه‌زیفه‌یه‌كی حكوومی هه‌بێت، ئه‌وه له تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی مووچه‌كه‌ی كه‌متره و 100 هه‌زار دیناری مانگانه وه‌رده‌گرێت.
به‌گوته‌ی وه‌زیری كار، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌سه‌ر هێڵن بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین كات پشكنینه پزیشكییه‌كان ته‌واو بن، به‌ڵام به بیانووی كه‌می پزیشك پرۆسه‌كه كه‌مێك دوا كه‌وتووه .
هه‌ولێر/ هێمن ڕه‌فیق