بەرپرسان روو لە بازرگانی زێڕ دەكەن

:: PM:12:43:05/11/2019 ‌
ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان روو لە بازرگانی كڕین و فرۆشتنی زێڕ دەكەن، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای زێڕینگرانیش ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ، ماوەیەكە ئەمە پەیدا بووە و نازانین هۆكارەكەی چییە.

ئومێد ئەحمەد سەرۆكی لقی هەولێر سەندیكای زێڕینگرانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەیەكە بەرپرسان و بازرگانان روویان لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ بە قاڵب كردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، بەرپرس هەبووە سەدان هەزار دۆلاری خستووەتە بەردەست زێڕینگر تا ببێتە هاوبەش لەگەڵ زێڕینگرەكە لە كڕین و فرۆشتنی زێڕەكە، ئەمە هاوكاتی بەرنامەی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە گومانی سپیكردنەوەی پارەی لێ دەكرێت.

ماوەیەكە بەرپرسان و بازرگانان روویان لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ بە قاڵب كردووە


یەكێك لەو زێڕینگرانەی قسەی بۆ "وشە" كردووە، دەڵێ زێڕینگر هەبووە داواكاری بەرپرسانی رەت كردووەتەوە بۆ ئەوەی بازرگانی بە پارەكەی بكات لە كڕین و فرۆشتنی زێڕ.

زێڕ لە بۆرسەی جیهانیدا رۆژ دوای رۆژ نرخەكەی بەرزتر دەبێتەوە و لە هەرێمی كوردستانیش لە ماوەی مانگی رابردوو تا ئێستە زیاتر لە 40 هەزار دینار هاتووەتە سەر نرخی یەك مسقاڵ.

ئومێد ئەحمەد دەڵێ، كڕیاری زێڕ بە مسقاڵ زۆر كەمی كردووە و تەنیا ئەوانەی ژیانی هاوسەری پێكدەهێنن ناچارن زێڕ بكڕن، بەڵام خەڵك بەگشتی ئێستە زێڕ كەم دەكڕن.

لەبارەی هاتنە ناوەوەی بەرپرسان بۆ بازاڕی زێڕینگران، گوتی "ماوەیەكە بەرپرسانێك هاتوونەتە ناو ئەو بازاڕە و زێڕ بە قاڵب دەكڕن، ئەمە بۆ ئێمەش جێی سەرنجە و پێشتر بەرپرسان نزیكی بازرگانی زێر نەبوونەتەوە، نەك تەنیا ئەوان، بەڵكو ئێستە ژمارەیەك بازرگانیش سەرقاڵی ئەو كارەن".


وشە - فه‌رمان سادق