بەیانی ئەمڕۆ ئاسمانی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی ترافیکێکی زۆری فڕۆکەی لەسەر بوو و فڕۆکەکان روویان لە هەردووک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەکرد بۆ نیشتنەوە، سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی هەولێریش ئاسکرای دەکات، ئەو ترافیکە پێوەندی بە دۆخی ناوخۆی عێراقەوە هەیە.
ئەو ترافیکە پێوەستە بە دۆخی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە و رەنگە لە رۆژانی داهاتوو زیاتر هەڵکشێت
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی تشرینی دووەم، ئاسمانی هەولێر و سلێمانی بەهۆی دووکەڵی فڕۆکەوە سپی بوون و لە سەعاتێکدا زیاد لە 10 فڕۆکە بەسەر ئاسمانەوە رووەو فڕۆکەخانەکان دەڕۆیشتن و ئەوەیش کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە.
سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بە "وشە"ی راگەیاند، زۆربوونی ژمارەی ئەو فڕۆکانەی روو لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەکەن پێوەستە بەو دۆخەی ئێستای لە خوارووی عێراقەوە هاتۆتە ئاراوە.
ئەو سەرچاوەیە دووپاتی لەوەیش کردەوە، زۆربەی ئەو فڕۆکانەی لە هەولێر نیشتوونەتەوە فڕۆکەی مەدەنین و رەنگە بەهۆی هەڵکشانی نائارامییەکانی عێراق ژمارەی کەشتەکان بۆ هەولێر و هەرێمی کوردستان لە رۆژانی داهاتوو روو لە هەڵکشان بکات.
لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی عێراق تا دێت گرژی زیاتر لە نێوان هێزە تەناهییەکان و خۆپێشاندەران درووست دەبێت و هاتنی ئەوهەمۆ فڕۆکەیە بۆ هەرێمی کوردستان دوو ئەگەری لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە، یەک لەو ئەگەرانە چۆڵکردنی بارەگا و کۆنسوڵخانەکانی بەغدا و گواستنەوەی ستافەکان بێت بۆ ناوچەی ئارام و هەروەها ئەو بەرپرس و سەرمایەدارانەی لە بەغدان و لەگەڵ هەڵکشانی نا ئارامییەکان روو لە کوردستان دەکەن.
هەرچەند هیچ یەک لەو بۆچوونانە تا ئێستە بە فەرمی نە لە بەغدا و نە لە هەولێر هیچ لێدوانێکی لەبارەوە نەدراوە، بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتەکان بۆ هەولێر و سلێمانی لەو دۆخەی ئێستادا رەنگە ئاسایی نەبێت و بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش پشتڕاستی سووڕانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی فڕۆکە لە ئاسمانی شارەکە دەکات.
تاهیر عهبدوڵا، بهڕێوهبهری فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکی ئەوتۆی لەبارەی ئەو ئەگەرانەوە نەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خراونەتە روو و بۆ "وشه" گوتی، ئاسمانی كوردستان بهشێكه له ئاسمانی عێراق، ههر فڕۆكهیهك لە ئاسمانی عێراق بفڕێت، به ئاسمانی سلێمانیشهوه، لهژێر چاودێری وردی حكوومهتی عێراقیدایه.
فڕۆكهخانهی سلێمانی زانیاری له بارهی ئهو فڕۆكانهوە نییه كه به ئاسمانی شاری سلێمانیدا دهسوڕێنهوه، تەنیا ئەو گەشتانە نەبێت کە له خشتهی فڕۆكهخانه بۆ هاتن یاخود ڕۆیشتن تۆمار کرابن.
تاهیر عەبدوڵا گوتی، ئەو فڕۆکانەی لە ئاسمانی سلێمانی سووڕاونەتەوە فڕۆکەی مەدەنین و بە خشتە هاتوون بۆ سلێمانی و لە فڕۆکەخانە نیشتونەتەوە.
تا ئێستا روون نییە ئەو ژمارە زۆرە فڕۆکەیەی لە کوردستان نیشتونەتەوە تەنیا کەسی ئاساییان گەیاندووە یاخود لەناو سەرنشینەکانیاندا کەسایەتی سیاسیی و حزبی عێراقیشی تیادا بووە، وەک سەرچاوەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش ئاماژەی پێدا، ئاڵۆزی دۆخی بەغدا و خوارووی عێراق هۆکاری زیادبوونی ئەو گەشتانەیە رووەو فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەکرێن.
وشە/ سلێمانی - هەولێر