ئەمەریكا بۆ یەكەم جار لە هێرشی مووسڵ مووشەكی زیرەكی بەكار هێنا

:: AM:10:52:17/10/2016 ‌

هێزەكانی ئەمەریكا، بۆ یەكەم جار مووشەكی زیرەكیان لە شەڕی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ بەكار هێنا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێش ئەوەی خۆر هەڵبێت، هێزەكانی ئەمەریكا كە سەرپەرشتی هێزە هاوپەیمانەكان دەكەن بۆ جەنگی دژی داعش، لە میحوەری گەیارە مووشەكی زیرەكیان بەكار هێنا، پاشان سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەستیان كرد بە هێرش لەو میحوەرەوە.

لە میحوەری گەیارە، بە پشتیوانیی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و فڕەنسا، هێزە عێراقییەكان پێشڕەوی دەكەن، لە میحوەرەكانی ڕۆژهەڵات و باشووری مووسڵیش هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەستیان بە پێشڕەوی كردووە و تا ئێستە بەبێ زیانی گیانی، چەندان گوندیان لە دەست داعش سەندووەتەوە.

لای خۆیەوە فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا ڕای گەیاند كە شەڕی ئازادكردنەوەی پارێزگای مووسڵ لە مەیداندا تەنیا هێزە عێراقییەكان دەبێت و هێزە هاوپەیمانەكانیش سەرپەرشتی دەكەن و لە ئاسمانەوە مووشەكبارانی داعش دەكەن، ئەوەشی خستە ڕوو كە شەڕەكە ئاسان نییە و درێژە دەكێشێ، لەوانەیە چەند هەفتەیەك یان زیاتریش بخایەنێ.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم بە فەرمانی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، بە بەشداریی چوار هەزار پێشمەرگە دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ گوندەكانی خوارووی چیای زەرتك لە میحوەری خازر (خۆرهەڵاتی مووسڵ) و تا ئێستە هێرشەكە بەردەوامە و تیرۆریستان لە شكستدان و زیانی زۆریان بەركەوتووە.

كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە پێنج میحوەرەوە دەبێ: گەیارە، گوێڕ، خازر، بەعشیقە و سەدی مووسڵ و ئاسكی مووسڵەوە بەرەو ناوەوەی مووسڵ هێزەكان پێشڕەوی دەكەن.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، ئەمڕۆ دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ، هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - كوردۆ شابان