بڵاوبوونەوەی ئامارێكی ئەمەریكا پێشی بە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت گرت

:: AM:10:23:06/11/2019 ‌

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسەوە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو  و بە رێژەیەكی بەرچاو لە نرخەكەی هەڵكشا، بەڵام نوێترین ئاماری نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا پێشی بە رەوتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت گرت.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت لە 59 دۆلار و 80 سەنتەوە بەرەو 63 دۆلار و 35 سەنت هەڵكشا، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەم ئاماری بەرزبوونەوەی بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا كەمێك لە نرخەكەی كەم كردەوە و بەگوێرەی livechart ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 62 دۆلار و 90 سەنت دەفرۆشرێت.

هەفتەی رابردوودا سەرووی چوار ملیۆن بەرمیل لە نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا بەرز بووەتەوە


بەپێی ئامارەكەی ئەمەریكا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سەرووی چوار ملیۆن بەرمیل لە نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی 440 ملیۆن بەرمیل نەوت.

لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵدان بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین لە لایەك و مەترسییەكان بۆ سەر كەمبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی خۆپێشاندانەكانی عێراق هۆكار بووە لەوەی نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.

ئەمەریكا لەگەڵ راگەیاندنی ئاماری نەوتی كۆگاكراوی، باسی لەوەش كرد كە هەوڵ دەدات كەمیی ئەو نەوتە قەرەبوو بكاتەوە رۆژانە دەخرێتە بازاڕەوە.



وشە - سلێمان تاشان