حكوومەتی كوردستان بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان ده‌رده‌كات

:: PM:06:24:23/01/2017 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا ئەو پێشمەرگە خۆبەخشانەی لەكاتی شەردا و لەریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەهید دەبن وەك شەهیدی پێشمەرگە مامەڵە لەگەڵ خانەوادەكەیاندا دەكرێت و سەرجەم ئەو ئیمیتیازاتانە دەیانگرێتەوە كە پێشمەرگەیەكی شەهید وەری دەگرێت.

فوئاد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بریاری داوە ئەو پێشمەرگە خۆبەخشانەی شەهید دەبن دواتر وەك پێشمەرگەیەكی شەهید مامەڵە لەگەڵ خانەوادەكەیاندا دەكرێت و دووپلەشی پێدەدرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو شەهیدە خۆبەخشانەی تۆماركردووە و چەند داواكارییەكیش لەوبارەیەوە رەوانەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان كراوە.

فوئاد ئاشكرای دەكات، ئەوانەی كەسوكاریان خۆبەخش بووە و لە شەڕی چەكدارانی تیرۆریستی داعش شەهید بوون دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی ناوی شەهیدەكەیان تۆمار بكرێت، چونكە هەر وەزارەتێك لیستی خۆی هەیە و ناوی شەهیدانی خۆی تۆمار كردووە.

بەپێی گوتەی ناوبراو، دوا لیستی وەزارەتی پێشمەرگە كە رەوانەی وەزارەتی كاروباری شەهیدانی كردووە ناوی ١٧٠٠ شەهید تۆماركراوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی چەكدارانی داعش ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەشێوەی خۆبەخش چوونە ریزەكانی هێزی پێشمەرگە و بەشداری شەرەكەیان كرد.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم