ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "وشه" به پێویستی ده‌زانێ هه‌ڵه‌بجه دوای به پارێزگابوونی، له ته‌واوی سێكته‌ره‌كاندا ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌ست پێ بكات. هاوكات له "وشه"وه داوا له حكوومه‌ت ده‌كات له رووی دارایی و مه‌عنه‌وه‌ییه‌وه پشتیوانی هه‌ڵه‌بجه بكه‌ن وه‌ك پارێزگا.
تۆفیق رای گه‌یاند "پێویستمان به كردنه‌وه‌ی دوو كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رمانگه‌كان هه‌یه تا له كرێچێتی رزگار بین" ئه‌وه‌یش دووپا ده‌كاته‌وه كه رێكاره‌كانی به شارۆكه‌بوونی خورماڵ، ره‌وانه‌ی حكوومه‌ت كراوه.
پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه له رێی "وشه"وه داوا له حكوومه‌ت ده‌كات بودجه‌ی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان بكات
دۆخی هه‌ڵه‌بجه چۆنه له رووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه له‌وه‌ته‌ی بووه‌ته پارێزگا؟
حكوومه‌ت ساڵانه ده‌بێ بودجه دابنێت. حكوومه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه به پارێزگا كه نزیك به 150 هه‌زار كه‌سی لێ ده‌ژی و چوار شاره‌دێ و ناوه‌ندی شارۆكه‌ی له‌سه‌ره، بۆیه پێویسته بودجه‌یه‌كی بۆ دابین بكات، داوا ده‌كه‌ین له خه‌مڵاندنی بودجه بۆ پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌یش چواره‌م پارێزگا بێ كه بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ دیاری ده‌كرێ.
ئێسته له هه‌ڵه‌بجه چه‌ند پڕۆژه ڕاگیراون و چه‌ند پڕۆژه كاریان تێدا ده‌كرێ؟
نزیك به 150 پڕۆژه كاركردن تێیاندا وه‌ستاوه، پڕۆژه‌كان پێوه‌ندییان به بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و پێتردۆلار هه‌یه، هه‌ڵه‌بجه به فه‌رمی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێم له 14/3/2014 بوو به پارێزگا، به‌ڵام له 10/6/2014 نزیك به دوو مانگ پاش به پارێزگابوونی، داعش مووسڵی گرت، نه‌وت له 100 دۆلاره‌وه بۆ 20 دۆلار دابه‌زی، حكوومه‌تی عێراق بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی، شه‌ڕ رووی كرده ناوچه كوردییه‌كان.
له هه‌ڵه‌بجه 150 پڕۆژه وه‌ستێنراون
ئه‌و دۆخه بووه هۆی ئه‌وه پاره
ی پڕۆژه‌كان بوه‌ستێت، به‌ڵام كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم كارێكی كردووه ئاسۆی تێپه‌ڕاندنی ته‌نگژه‌كان ده‌ربكه‌وێت، هیوادارین په‌ره‌پێدان بكرێته‌وه بۆ ئه‌و 150 پڕۆژه‌یه، هیچ نه‌بێت 50 پڕۆژه‌مان له سه‌ره‌تادا بۆ بخه‌نه‌وه كار، ته‌واوی ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێترۆدۆلارن هیچ كامیان كاریان تێدا ناكرێت، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و پڕۆژانه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانن به سستی كاریان تێدا ده‌كرێت.
هۆی چی بوو حزبه‌كان ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، به‌ڵام ڕێككه‌وتنه‌كه ڕاگیرا؟
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن له هه‌ڵه‌بجه، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجام نه‌داوه تا به‌پێی ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان كورسیی ئه‌نجوومه‌نیان به‌ربكه‌وێت، بۆیه ده‌بێ لایه‌نه سیاسییه‌كان ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌ن و پۆسته‌كانی حكوومه‌تی خۆجێیی دابه‌ش بكه‌ن. هه‌ركات هاوسه‌نگی له نێوان حزبه‌كان دروست بوو بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، ئه‌وه ئێمه هاوكاریان ده‌بین.
پرۆسه‌ی دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌نده‌ی سیاسییه، كارگێڕی نییه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئه‌وه وه‌ك پارێزگاكانی تر حزبه‌كان به‌پێی ده‌نگه‌كانیان كورسییان به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش نه‌كرێت، ئه‌وه ده‌بێ ڕێككه‌وتن بكه‌ن.
ڕێكنه‌كه‌و‌تنی لایه‌نه سیاسییه‌كان بووه‌ته گرفت له به‌رده‌م پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، لایه‌نه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان داوای پۆست ده‌كه‌ن، لایه‌ن هه‌یه ده‌ڵێ ده‌بێ پۆست به‌و لایه‌نه نه‌ده‌ین، لایه‌ن هه‌یه ململانێیانه له‌سه‌ر پۆسته‌كان، هه‌موو لایه‌نه‌كان پشكیان هه‌یه، به‌ڵام حزبه‌كان هاوئاهه‌نگن له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه و هیچ گرفتێكیان له به‌رده‌م كاره‌كانی پارێزگا دروست نه‌كردووه.
تا چه‌ند له كه‌رتی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی ڕازین؟
په‌روه‌رده و ته‌ندروستی دوو دامه‌زراوه‌ی حكوومین و پێوه‌ندییان به هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه، زۆرینه‌ی ماڵه‌كان دوو قوتابیان هه‌یه، هه‌موو ماڵێكیش پێویستییان به كه‌رتی ته‌ندروستییه، له دنیادا به‌رده‌وام چاكسازی له كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده هه‌یه، هه‌ڵه‌بجه‌یش به به‌رده‌وامی پێویستی به چاكسازییه، به‌ڵام له هه‌ردوو كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده وه‌ك كه‌رته‌كانی تر ڕازین له كاره‌كانیان.
چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراونه‌ته‌وه و چه‌ندیشیان به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه ده‌برێن؟
زۆرینه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه به وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه ده‌چن، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نییه. هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاره‌با و رێگه‌وبان نه‌كراونه‌ته‌وه، پێمان گوتراوه هه‌موو ئیمتیازێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رێگه‌وبانتان ده‌ده‌ینێ، به‌ڵام په‌له مه‌كه‌ن له كردنه‌وه‌ی، بۆ كاره‌با نووسراومان كردووه و به‌هیواین له‌م مانگه‌دا بكرێته‌وه، هه‌روه‌ها پێویستمان به‌وه‌یه دوو كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره‌ی فه‌رمانگه‌كان بكه‌ینه‌وه تا فه‌رمانگه‌كان ببن به خاوه‌نی باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت به خۆیان و له كرێچییه‌تی رزگارمان ببێت.
وه‌ك پارێزگای هه‌ڵه‌بجه نووسراوتان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی عێراق كردووه وه‌ڵامی نه‌دابێته‌وه؟
ئێمه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی پێوه‌ندیمان هه‌یه، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق كاتێك ده‌كه‌وێته كێشه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم، یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی زه‌قی ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه ده‌ست ده‌خانه قوڕگی هه‌ڵه‌بجه و ده‌ڵی پارێزگا نییه.
حكوومه‌تی عێراق له بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان هیچ بڕه پاره‌یه‌كی بۆ هه‌ڵه‌بجه دابین كردووه؟
ساڵی ڕابردوو حكوومه‌تی عێراق هیچ بودجه‌یه‌كی وه‌ك پارێزگا بۆ هه‌ڵه‌بجه دابین نه‌كرد، ئه‌مساڵ خه‌مڵاندنی بودجه بۆ پارێزگاكان ده‌كرێت، داوا له فراكسیۆنه‌كان به‌هه‌موو ڕه‌نگه‌كانه‌وه ده‌كه‌ین بۆ دابینكردنی بودجه و پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه یه‌كده‌نگ بن، خۆشبه‌ختانه تا ئێسته هه‌موو فراكسیۆنه كوردییه‌كان یه‌كده‌نگن له پرسی تایبه‌ت به هه‌ڵه‌بجه تا حكوومه‌تی عێراق له بودجه‌دا هه‌ڵه‌بجه بێبه‌ش نه‌كات.
پرسی به شارۆكه‌بوونی خورماڵ به گوێ گه‌یشت؟
هه‌موو ڕێكاره یاساییه‌كانمان بۆ به‌شارۆكه‌كردنی خورماڵ گرتووه‌ته‌به‌ر و نووسراومان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاراسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم كردووه، هیوادارین خورماڵ ببێت به شارۆكه، چونكه له ڕووی ژماره و جیۆگرافیاوه ده‌بێ خورماڵ له شاره‌دێوه ببێته شارۆكه، ئه‌وه به‌ده‌ست حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.
له هه‌ڵه‌بجه ژنان پۆستی باڵایان لایه، تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوون؟
ئه‌وه هاووڵاتییانن ده‌توانن وه‌ڵام بده‌نه‌وه، هیوادارین هاووڵاتییان له كاره‌كانیان ڕازی بن، ئێمه پێمانخۆشه ژن و پیاو پۆست به‌ڕێوه ببه‌ن و جیاوازی جێنده‌ری نه‌بێت، سه‌رۆكی زانكۆ و سه‌رۆكی شاره‌وانی و قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی مافی مرۆڤ، له‌لایه‌ن ژنه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن.
له ڕێی "وشه"وه داوا له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كاتێك هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه به پارێزگا، به كرده‌نی پارێزگا بێت له ڕووی دارایی و مه‌عنه‌وییه‌وه، به‌تایبه‌ت ئێسته كه ئاسۆی چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌كان له كوردستان ده‌ركه‌وتوون.
وشه/ هه‌ڵه‌بجه- عه‌زیز هه‌ورامی