"زۆریك لە بابەتە هەستیارەكان دەبێ حیزب یەكلای بكاتەوە"

:: PM:10:11:08/11/2019 ‌
دواى ئه‌وه‌ى دادوەرانی فەرمانگەی داواكاری گشتی گەرمیان، مانگرتنیان ڕاگەیاند و هۆكارەكەشی بەهۆی جیاوازیكردن لە كارەكان و هەوڵدان بۆ چاكسازی و كاركردنی دادوەری لە سنوورەكە و بڕیاری دادگاییكردنیان دەرچوو، دادوەر و داواكارانی گشتی مانگرتوو لەڕێگەی پەیامێكەوە بۆ ڕای گشتی، وەڵامی ئەنجوومەنی دادوەری دەده‌نه‌وه‌.

زۆرێك لە بابەتە هەستیارەكان دەبێ حیزب یەكلای بكاتەوە
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی دادوەرە مانگرتووەكان كە بۆ ڕای گشتی یان بڵاو كردووه‌تەوە و وێنه‌یه‌كى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، تێیدا وەڵامی ئەنجوومەنی دادوەرییان داوەتەوە و ڕایان گه‌یاندووه‌، "كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كەواقیعی كوردستان هێشته‌ هەژموونی حیزبی زاڵە و بۆ زۆرێك لە بابەتە هەستیارەكان دەبێ حیزب یەكلای بكاتەوە، هەر بۆیە بەڕێز ئەنجوومەنی دادوەری ئێمەی ئاڕاستە كرد سەردانی حیزب بكەین، چونكە ئەم حەقیقەتەی دەزانی".

دەقی ڕاگەیەنراوی دادوەرە مانگرتووەكان:

وەڵامێك بۆ ڕای گشتی لەسەر وەڵامی ئەنجوومەنی دادوەری:

1. ئاكاری پیشەییمان ڕێمان پێ نادات هەموو بەڵگە و دۆكیومێنتەكان ئاشكرا بكەین، هەر بۆیە داوامان كردوە لیژنەیەك لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و دادگای پێداچوونەوە لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكەمان ئەنجام  بدات.

2. ئێمە لە وشەی خراپ و نەشیاو تێنەگەیشتین كە داومانەتە پاڵ سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان بەڵام دیارە مەبەستیان گەندەڵییە، وەنەمانتوانی بیسەلمێنیین، ئێ باشە شایەتی 13 دادوەر و داواكاری گشتی كافی نەبوو؟ كە لە نزیكەوە شاهێدی بەرچاویان هەیە، باشە ئێمە نەمانتوانی بیسەلمێنیین خۆ لەدادگای ده‌ستپاكى سلێمانی و گەرمیان دەعوا هەیە، بۆ هەشت مانگە لە چەكمەچەكانە؟.

3. بابەتی تەكەتول بازی پێوەندی بە بابەتی سەرەوە هەیە كە یەكەم جارە كۆمەڵێك دادوەر و داواكاری گشتی بێ دەنگی بشكێنن وە سكاڵا دژی كەسی یەكەم تۆماربكەن بۆیە تۆمەتی تەكەتول بازیان بۆ داتاشرا تاوەكو دەنگیان كپ بكرێتەوە.

4. دادوەر و داواكاری گشتی لەڕووی ئینتیمای حیزبیەوە سەربەخۆن و سەر بەهیچ لایەنێكی سیاسی نیین، ئیتر ئەگەر سەردانی چەند بەرپرسێكی حیزبی و حكوومی زۆنی سەوز كرابێ بۆ مەبەستی چارەسەری گرفتەكان بووە وە لەسەر پێشنیاری بەڕێز ئەنجوومەنی دادوەری بووە كە چارەسەری ئەم كێشانە لای حیزبێكی دەسەڵاتە چونكە ئەو كەسە لە سنووری دەسەڵاتی ئەوانە، ئیتر ئەگەر ئێمە جارێك یان دوو جار سەردانمان كردبێ ئەوا بەڕێز سەرۆكی دادگای گەرمیان دەیان جار سەردانی كردووە بۆچی بۆ ئێمە تاوان بێ و بۆ ئەو ماف و ئاسایی بێ؟ بۆچی ئەویشتان هەواڵەی لێژنە نەكرد وەكو ئێمە، ئەمە چ دادپەروەریەكە؟!.
 
5. كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە واقیعی كوردستان هێشته‌ هەژموونی حیزبی زاڵە و بۆ زۆریك لە بابەتە هەستیارەكان دەبێ حیزب یەكلایی بكاتەوە، هەر بۆیە بەڕێز ئەنجوومەنی دادوەری ئێمەی ئاڕاستە كرد سەردانی حیزب بكەین. چونكە ئەم ڕاستییه‌ى دەزانی.

بۆیە مەخابن لەیەكەم ئەزموون كە لە هەرێم ڕوو دەدات كە چەند دادوەرێك سكاڵا لەسەرۆكەكەیان بكەن دەرنەچوون، دەبوو دادگەریتان لا خۆشەویست تر بوایە لە ئەندامێكی ئە نجوومەنەكەتان كە سەرۆكی دادگای گەرمیانە. 

بۆیە تاوەكو داواكانمان لەناردنی لێژنە یەكی لێكۆڵینەوەی بێلایەن و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەی هەندێك لە ئێمە كە ئاماژەتان پێ نەكردووە چونكە دەزانن نایاساییە وە دەبوو لێژنەی كاروباری دادوەری دوای سەلماندنی تۆمەتەكان سزای دەركردایە وە هەواڵە كردنیشمان بۆ لێژنەی كارووباری دادوەران و داواكارانی گشتی كەپێشنیارتان كردووە بۆ وەزارەتی داد و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی بەنایاسایی دەزانیین و تانەی یاسایی لێ دەدەین. بەردەوام ئەبیین لە مانگرتنمان كە مافێكی مەدەنیانەی خۆمانە.
 
دادوەرو داواكارانی گشتی مانگرتوو - هه‌ینى هه‌شتى تشرینى دووه‌م


وشە - محەمەد میران