ئەو بڕە نەوتەی كە بەغدا ڕەوانەی شاری سلێمانی دەكرد بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیان، ڕاگیراوە و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانیش دەڵێت، لیژنەیەكمان ڕەوانەی ئێران كردوە بۆ دابینكردنی نەوت.
ئەو بڕە نەوتە بەكارتی زیرەك دابەش دەكرا كە نرخەكەی 9 هەزار و 500 دینار بوو، هەروەها نەوتەكەش بە 47 هەزار دینار دابەش دەكرا، بەڵام تا ئێستا بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیان ئەو نەوتەیان وەرنەگرتوە، محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئەمڕۆ دوو شەممە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێك دەبوو بەغداد بە تەنكەرێك و دوو تەنكەر نەوتی ڕەوانەی سلێمانی دەكرد ئەوەش بڕێكی زۆر كەمبوو، پرۆسەكە زۆر بە خاوی بەڕێوە دەچوو.
ئەوەشی گوت، ئێستا نەوتەكەی بەغداد بۆ سلێمانی ڕاگیراوە و ڕەوانە ناكرێت، بەغداش دەڵێت، ئەو ناوچانەی كە لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش بوون ڕزگاركراون و خۆشم فریا ناكەوم نەوت دابەش بكەم و ئەیكڕم.
ڕاگرتنی ئەو نەوتە لە كاتێك دایه كە بە پارە دەدرایە هاووڵاتیان، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكان گوتیشی: "ئێستا لیژنەیەك لە شاری سلێمانییەوە چونهته كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی ڕەوانەكردنی نەوت بۆ هاووڵاتیان".
دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رای گهیاند چیر ناتوانێت نەوتی سپی بۆ ماڵان دابین بكات، بەغداد بڕیاری دا نەوت ڕەوانەی شارەكان بكات و بۆ ئەو مەبەستە دەستی بە ڕەوانەكردنی نەوت كرد بۆ شاری سلێمانی، بەڵام ڕۆژانە تەنها بڕێكی كەم نەوتی دەناردە سلێمانی، ئەوەش وایكرد پرۆسەكە بە خاوی بچێتە پێشەوە و تا ئێستا لە تەواوی شاری سلێمانی نەوت دابەش نەكراوە.
سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 500 هەزار خێزانی هەیە و بۆ دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوت بەسەر هاووڵاتیان پێویستی بە 101 ملیۆن لیتر نەوت هەیە.
وشە، چەندجارێك پەیوەندی به سەردار قادر، لە بری پارێزگاری سلێمانی كرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندیەكانی نەدایەوە.
سلێمان: هۆشیار عەلی