هاووڵاتییەك بە 15 دەفتەر دۆلاری ساختەوە گیرا

:: PM:09:15:23/01/2017 ‌
ئاسایشی چۆمانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، هاووڵاتییەكی بەرەگەز عێراقی و بەبڕی سەدو چل و حەوت هەزار و 300 دۆلاری ساختەوە دەستگیر كرد كە بەنیاز بوو پارەكە لە وڵاتی ئێرانەوە داخلی كوردستان بكات.

عەلی ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند" تیمەكانی ئاسایشی چۆمانی سەر بەڕێوەبەرایەتیمان، هاووڵاتییەكی عێراقی بەناوی ( ه، ح، ح ) تەمەن 29 ساڵ بە بڕی سەد و چل و حەوت هەزار و 300 دۆلاری ئەمریكی كە دەكاتە نزیكەی 15 دەفتەر دۆلار دەستگیركرد".

جێگری ئاسایشی سۆران، ئاشكرای كرد" هاووڵاتییەكە لە وڵاتی ئێران بە رێگەی نایاسایی ویستبووی پاركە بهێنێته‌ شارەكانی كوردستان، خۆشبەختانە تیمەكانی ئاسایش لە شارۆكەی چۆمان توانییان هاووڵاتییەكە دەستگیر بكەن و ئێستا لە دادگای چۆمان بەندە".

ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەو پارە ساختەی دەستگیرمان كردوە بەشێوەیەكی وا دروست كراوە زۆر بە پارەی دروست و یاسایی و ئاسایی دەچێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین هاوكارمان بن لە بینینی هەر پارەیەكی ساختە و ئاگادارمان بكەنەوە تاكو ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ سەرپێچی كاران بكه‌ین".

بەپێی زانیاریەكانی وشە، دەستگیر كردنی پارەی ساختە لە سنووری ئێران جاری یەكەم نییە و چەند جارێكی تر هاووڵاتییان  ویستوییانە پارەی ساختە داخلی كوردستان بكەن و ئاسایش دەستگیری كردون.

سۆران: موڕشید برادۆستی


وشە - عه‌لی سدیق