د. ئه‌رشه‌د ته‌ها شاره‌زاى ئابوورى و مامۆستا له كۆلیژى كارگێڕى و ئابوورى له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین راى ده‌گه‌یه‌نێت، به‌غدا جێگه‌ى متمانه نییه و پێویسته رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا له دۆسیه‌ى ئابوورى و وزه‌دا، له ژێر چاودێرى ئه‌مه‌ریكادا بێت. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا باس له پێوه‌ندییه‌كانی ئابووری ده‌كات.
پێشبینییه‌كان بۆ دۆخى ئابووریى كوردستان بۆ ساڵى 2017 چین، پێتان وایه به‌ره‌وپێشچوون هه‌بێت؟
پێشبینییه‌كان به‌جۆرێكن كه دۆخى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌و باشتر هه‌نگاو ده‌نێت، بیانووه‌كانى تێكچوونى دۆخى ئابوورى كه شه‌ڕى چه‌كدارانى تیرۆریستى داعش و دابه‌زینى نرخى نه‌وت بوو، ئێسته خه‌ریكه شه‌ڕى داعش تا ڕاده‌یه‌كى زۆر جێگیر بووه و نرخى نه‌وتیش له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه پێشبینى باشتربوونى دۆخى ئابوورى ده‌كرێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه بزانین باشتربوونى دۆخى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان به‌هه‌نگاوێك نابێت، به‌ڵكو پێویسته پلانى بۆ دابنرێت و داهاته‌كان رێك بخرێنه‌وه و ته‌نیا پشت به كه‌رتى نه‌وت نه‌به‌سترێت. له ئێسته‌دا سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانى تر‌ى هه‌رێمى كوردستان 5% داهاتى هه‌رێم دابین ده‌كه‌ن و پێویسته حكوومه‌ت بیر له پێشخستنى ئه‌و كه‌رتانه بكاته‌وه، پێویسته هه‌ڵه‌ى پشتبه‌ستن به كه‌رتى نه‌وت به ته‌نیا دووباره نه‌كرێته‌وه و كه‌رته ئابوورییه‌كان جۆراوجۆر بكرێن.
كه‌واته ده‌توانین بڵێین ته‌نگژه‌ى دارایى له‌مساڵدا كۆتای دێت؟
چوارچێوه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ن كه دۆخى ئابوورى به‌ره‌و باشتر بڕوات، به‌ڵام گرنگ ده‌ستكارى كردنى سیاسه‌تى ئابوورى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه، چونكه نرخى نه‌وت جێگه‌ى متمانه نییه به‌هۆى ئه‌وه‌ى كاڵایه‌كى سیاسى و سیادییه و خواست كاریگه‌رى له‌سه‌ر نییه ته‌نیا سه‌قفى به‌كارهێنانه له‌لایه‌ن چه‌ندان وڵاتى زلهێزه‌وه و هه‌رده‌م جێگه‌ى مه‌ترسى و نیگه‌رانییه.
كه‌رتى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى كه‌رتى گه‌وره نین، چۆن ده‌توانرێ پشتى پێ ببه‌سترێت و جێگه‌ى نه‌وت بگرێته‌وه؟
كه‌رتى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى كه‌رتى بچووك نین، به‌ڵام پشتگوێ خراون، كوردستان و عێراق تاكه وڵاته له كه‌نداو كه بتوانن په‌ره به‌كه‌رتى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى بده‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوى بخرێته به‌رنامه‌وه، ته‌نیا عێراق ده‌توانێت به‌شى هه‌موو ناوچه‌ى عه‌ره‌بى خۆراك ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام پشتگوێ خستنى وای كردووه نه‌توانرێت پشتى پێ ببه‌سترێت و داهاتى نه‌بێت. پێش 70 ساڵ عێراق پێویستى به‌وه نه‌بوو هیچ بڕه خۆراكێك له ده‌ره‌وه هاورده بكات، به‌ڵام ئێسته ته‌نیا 30%ى به‌رهه‌مى ناوخۆى هه‌یه و ئه‌وه‌ى تر له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت، پێویستمان به‌سیاسه‌تى گونجاوى ئابوورى هه‌یه تا كه‌رتى كشتوكاڵ و پیشه‌سازى گه‌وره بكه‌ین و شانبه‌شانى نه‌وت سوودى لێ ببینین، نه‌وت ماده‌ى خاوى زۆربه‌ى پیشه‌سازییه‌كانه و ده‌توانین له پیشه‌سازیى پترۆكیمیایی، سه‌ت ئه‌وه‌نده‌ى داهاتى نه‌وت به‌ده‌ست بخه‌ین.
ئه‌و دۆخه ئابوورییه‌ى ئێسته له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه له‌رووى ئابوورییه‌وه چیى ناو لێ ده‌نرێت؟
دۆخه‌كه زۆر ئاڵۆزه و ده‌كرێت به پووكانهوهى بازاڕ ناو ببرێت، چونكه خواستى گشتى نه‌ماوه و سیوله بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنى پاره نه‌ماوه، به‌هۆى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌یكات به‌تایبه‌ت كه داهاتى تاك له هه‌رێمى كوردستان نزمه و پاشهكهوتیشى كه‌وتووه‌ته سه‌ر، كاریگه‌رى گه‌وره له‌سه‌ر بازاڕ دروست بووه، ته‌نانه‌ت دۆخه‌كه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ى زۆربه‌ى كۆمپانیاكان له بازاڕى هه‌رێم كشانه‌وه و فه‌رمانبه‌ره‌كانیان نارده‌وه ماڵه‌وه كه ئه‌وه‌ش به‌شێكى تره له كێشه‌كان و بێكارى دروست ده‌كات، له ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا خه‌ریكه ئه‌و ده‌ستكه‌وته ئابوورییانه له ده‌ست ده‌ده‌ین كه 25 ساڵه كۆى ده‌كه‌ینه‌وه، زۆر كۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تى و كۆمپانیاى نه‌وتى له هه‌رێمى كوردستان كشاونه‌ته‌وه، له ئابووریى گشتى یاسایه‌ك هه‌یه كه ده‌ڵێت سه‌رمایه ترسنۆكه، بۆیه له‌هه‌ر شوێنێك مه‌ترسى هه‌بێت سه‌رمایه‌داره‌كان بیانى یان ناوخۆ ده‌كشێنه‌وه، ئێسته زانیارى هه‌یه كه كۆمه‌ڵێك له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى هه‌رێمى كوردستان پاره‌كانیان بردووه‌ته ده‌ره‌وه و نایانه‌وێ له كوردستان بیخه‌نه گه‌ڕ، ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌داره‌كان پاره‌كانیان له بازاڕى هه‌رێم خستبووایه گه‌ڕ، دۆخى خراپى ئابوورى نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌و ئاسته، له‌كاتێكدا زۆربه‌ى سه‌رمایه‌داره‌كانى هه‌رێم سه‌رمایه‌كانیان له بانكه‌كانى ده‌ره‌وه خستووه‌ته بازاڕه‌وه.
نرخى نه‌وت له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، به‌ڵام ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یه له ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان كاریگه‌رییه‌كه‌ى نابینرێت؟
ده‌بێ بزانین نرخى نه‌وت له 60 دۆلار زیاتر به‌رز نابێته‌وه و ئۆپیك رێگه نادات نرخى نه‌وت به‌رزتر بیێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كێبه‌ركێى زیاتر دروست نه‌بێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ته‌نگژه‌ى دارایى چاره‌سه‌ر ببێت، ته‌نیا بهكاراكردنى كه‌رته‌كانى تر‌ى ئابوورى ده‌كرێت، له هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى ئه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كان شه‌فاف نین و زانیارى له‌باره‌ى قه‌رزى كۆمپانیاكان و چۆنیه‌تیى دانه‌وه‌یان نادرێت، نازانین به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت بۆچى كاریگه‌رى نییه، چونكه به‌گوێره‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت بێت، ده‌بوو ئێسته له هه‌رێمى كوردستاندا به‌شێكى زۆرى كورتهێنانى دارایى چاره‌سه‌ر بكرێت.
داته‌پینى دۆخى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان تا چه‌ند پێوه‌ندى به كێشه سیاسییه‌كانه‌وه هه‌یه؟
سیاسه‌ت و ئابوورى دوو رووى یه‌ك دراون و له یه‌كتر جیا ناكرێنه‌وه، هیچ ئابوورییه‌كى به‌هێز نابێت ئه‌گه‌ر دۆخى سیاسى و ته‌ناهى سه‌قامگیر نه‌بێت و هه‌ر تێكچوونێكى بارى سیاسى ناوخۆ و ده‌ره‌كى راسته‌وخۆ كاریگه‌رى له‌سه‌ر بارى ئابوورى داده‌نێت، پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان بتوانن دۆخى سیاسى چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه به‌چاره‌سه‌رى سیاسى كاریگه‌رى گه‌وره له‌سه‌ر چاره‌سه‌رى ئابوورى دروست ده‌بێت له ناوخۆدا، به‌جۆرێك پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان چاره‌سه‌رى دۆخى ئابوورى بكه‌نه مه‌رجێك له‌و مه‌رجانه‌ى ده‌یانه‌وێت بگه‌نه ئه‌نجامى چاره‌سه‌ركردنى.
دواى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى گشتیى عێراق و ره‌تكردنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێم، بژارده‌كان چین، كوردستان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات؟
له به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كودستان نییه داهاتى نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بكرێت، چونكه به‌غدا بڕیاره‌كانى به‌ده‌ستى خۆى نییه و وڵاتانى تر بڕیارى بۆ ده‌ده‌ن، رێككه‌وتنى ئابووریى نێوان كوردستان و به‌غدا ته‌نیا ده‌بێت له‌ژێر چاودێرى ئه‌مه‌ریكادا بێت، ئه‌گه‌ر نا زۆر ئه‌سته‌مه به‌بێ لایه‌نى سێیه‌م هیچ رێككه‌وتنێك بكرێت، له‌باره‌ى ئابوورى له به‌غدا هه‌ر كه‌سه و قسه‌یه‌ك ده‌كات و جێگه‌ى متمانه نین، بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگه خراپى دۆخى ئابوورى زیاتر نه‌خایه‌نێت، به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك چاره‌سه‌رى بكات بۆ ئه‌وه‌ى متمانه و هیوا به كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره‌كان بداته‌وه.