ئێسته وه‌رگێڕان له كوردستاندا به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه، له هه‌موو لایه‌ك خوێنه‌ری بۆ لای خۆی به‌كێش كردووه. زۆربه‌ی چاپخانه‌كان گوێ به‌وه ناده‌ن وه‌رگێڕ ئه‌زموونی هه‌س یان نا، گرنگ ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مه‌كه هی نووسه‌رێكی ناسراو و به‌ناووده‌نگ بێت. وه‌لێ بۆ نووسین وا نین، سڵ له نووسینی گه‌نجانی كورد ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌كه ناسراو نه‌بێت، یان ده‌بێ خۆی چاپی بكات، یان كه‌س بۆی چاپ ناكات. حه‌یده‌ر عه‌بدوڵا نووسه‌ر و وه‌رگێڕ له ساڵی ١٩٨٣ له شێخوه‌سان له دایك بووه، كتێبی (فه‌رهه‌نگی نما، فه‌تواكه‌ی مه‌لای خه‌تێ له دیدی مه‌سعوود محه‌مه‌ددا) نووسیوه، به‌شێك له‌و كتێبانه‌ی وه‌ری گێڕاون (مامۆستا و مارگرێتا، ژن له ئایین و چاخه جیاوازه‌كاندا، یاداشته‌كانی ماندێلا) ز زۆری تر. له‌م دیداره‌ی "وشه"دا له‌باره‌ی وه‌رگێڕان له كوردستاندا قسه ده‌كات.
* كێ وه‌گێڕ و زمانزانه، ئایا هیچ پێوه‌رێكت بۆ زمانزانین دیاری كردووه؟
وه‌رگێڕ كه‌سێكه پشوودرێژ بێت، حه‌وسه‌ڵه‌یه‌كی باشی هه‌بێت، به‌په‌له و به‌هه‌ڵپه نه‌بێت، تاسه و ئه‌وینێكی زۆری بۆ كاره‌كه‌ی خۆی هه‌بێت. وه‌رگێڕان زۆر له نووسین سه‌ختتره، بۆیه به‌رله‌وه‌ی زمانی دووه‌م به باشی بزانێت، ده‌بێت ئاگایییه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر زمانی دایك هه‌بێت. كه‌سێك له زمانی خۆی شاره‌زا نه‌بێت، كتێبی ئه‌دیب و نووسه‌ره‌كانی كۆنی كوردی نه‌خوێندبنه‌وه، نه‌زانێ وشه‌ی كوردی له كوێ به‌كار بێنێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به كوردی قسه ده‌كات وا بزانێت كوردی ده‌زانێت، له‌جیاتی (گاوان) به (راعی البقر) بڵێ: "(شوانی چێڵان)"، با هه‌موو زمانه بیانییه‌كانیش بزانێ، با خۆی به ڕۆشنبیر و زانایش دابنێت، بۆ وه‌رگێڕان ده‌ست نادات.
تۆ بنواڕه! هه‌ژار موكریانی شاره‌زایییه‌كی باشی له زمانی عه‌ره‌بی نه‌بووه، كه‌چی قورئانی ته‌رجه‌مه‌ی كوردی كردووه، تا ڕاده‌یه‌كی باشیش سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه. ده‌ی خۆ سه‌دان مه‌لا زمانی عه‌ره‌بییان به ڕه‌گوڕیشه‌وه زانیوه، (نه‌حو و صه‌رف)یان له عه‌ره‌بان باشتر زانیوه، كه‌چی نه‌یانتوانیوه كارێكی وه‌ك هه‌ژار بكه‌ن، بۆ؟ چونكه وه‌ك هه‌ژار ئاگاداری زمانی كوردی نه‌بوون. نه‌نكم به ڕه‌حمه‌ت بێت ده‌یگوت: "كوڕم، خوێندن چاڵی به ده‌رزیێیه." تۆ وه‌ره چاڵێكی گه‌وره به ده‌رزییه‌ك هه‌ڵكۆڵه، چ پشوو و حه‌وسه‌ڵه‌یه‌كی ده‌وێت، چ كاتێكی ده‌وێت، ده‌ی وه‌رگێڕانیش كارێكی له‌م چه‌شنه‌یه. ئێمه زمانزانمان زۆره، به‌ڵام وه‌رگێڕمان كه‌مه. تۆ بنواڕه خه‌ریكه نه‌وه‌یه‌ك پێ ده‌گات به ئینگلیزی قسه ده‌كات، به‌ڵام به (خلیسكه) ده‌ڵێت: "(فه‌رخه پیواز)"، به (البصل الأخچر) ده‌ڵێن: "(پیوازی سه‌وز)"، دیاره قه‌ت (ته‌ڕه‌پیواز)یان نه‌خواردووه.
ڕه‌وشی وه‌رگێڕان به گشتی له زوانه‌كانی تر بۆ سه‌ر زوانی كوردی چۆن ده‌بینی؟
له‌و ڕۆژانه ته‌له‌فۆنم بۆ هاوڕێیه‌كم كرد، گوتم كه‌شوهه‌وا له گوندی ئێوه چۆنه؟ گوتی: "(بنگره)ی لێ دێت." ئه‌ها كه به‌فر تازه زه‌وی سپی ده‌كات، پێی ده‌ڵێن (بنگره). منیش له وه‌ڵامی تۆدا ده‌ڵێم: خه‌ریكه بنگره‌یه‌ك له وه‌رگێڕان دروست ده‌بێت. به‌فر تا بنی خۆی قایم ده‌كات و بنگره‌یه‌ك بۆ خۆی په‌یدا ده‌كات، به‌شێكی ده‌بێته شڵێوه و شڵپاو و قوربانی زۆر ده‌دات. بۆ وه‌رگێڕان ئه‌مه ته‌واو ڕاسته، ئێمه ئێسته له قۆناخی بنگره و قوربانیدانداین به‌شێك له وه‌رگێڕانه‌كان باشن و من ده‌یانخوێنمه‌وه، به‌شی هه‌ره زۆریشیان شڵپاو و قڵپ و قۆپی قوربانین. به‌شێك له وه‌رگێڕه‌كان به‌داخه‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی خزمه‌تی زمانی كوردی بكه‌ن، سه‌قه‌تی ده‌كه‌ن، وشه و ده‌سته‌واژه‌ی وا داده‌نێن، خوێنه‌ری سه‌لیقه جوان سه‌رگه‌ردان ده‌كه‌ن. هه‌ندێك وه‌رگێڕ، وه‌رگێڕانی وشه به وشه ده‌كه‌ن، به پاساوی ئه‌وه‌ی خیانه‌ت نه‌كه‌ن، نازانن به‌مه نووسینه‌كانیان ڕه‌زا قوڕس ده‌بێت، من هه‌موو جار ده‌ڵێم: هه‌زار ڕسته‌ی ڕه‌كیك، به قوربانی یه‌ك ڕسته‌ی ڕوون و ڕه‌وان بێت. دیسان نازانم هه‌ندێك له وه‌رگێڕه‌كانمان بۆچی گرنگی به داڕشتنه‌وه ناده‌ن، خۆ وه‌رگێڕ نابێ ته‌نیا ده‌ق وه‌ربگێڕێت، ده‌بێ سۆز و موزیكی نێو ده‌قه‌كه‌یش بێنێته ده‌ر و به زمانێكی شیرین دای بڕێژێته‌وه.
دیسان له بیرمان نه‌چێت ڕێنووس له هه‌موو زمانه‌كان بایه‌خی تایبه‌تی پێ دراوه، له زمانی كوردیش ئه‌و بایه‌خه هه‌یه. ڕێنووس بۆ نووسین، وه‌ك توێكڵ وایه. هه‌نار با هه‌رچه‌ند ناوه‌وه‌ی به‌تام و جوان بێت، كه توێكڵی نه‌ته‌چاو و ناحه‌ز بوو، لێی دوور ده‌كه‌وینه‌وه و پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕاسته. به‌ده‌ربڕینێكی تر: بۆ نووسین ڕێنووس و ناوه‌ڕۆك وه‌ك دوو باڵی مه‌ل وان، ناكرێت هیچیان له‌سه‌ر حسێبی ئه‌وی تر پشتگوێ بخرێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه لای زۆرینه‌ی وه‌رگێڕه‌كان ئه‌و گرنگییه نییه، ئه‌مه‌یش دیسان سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێنێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئه‌ركه به‌شی زۆری ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی خانه و ده‌زگه‌كانی چاپ و په‌خش، لێ به ناشكوری نه‌بێت هه‌موو لایه‌ك هه‌ڵپه و په‌له‌ی نان په‌یداكردنن.
* تا چه‌ند گرنگه وه‌رگێڕ بابه‌تێك، ده‌قێك، كتێبێك وه‌بگێڕێت كه نزیك بێت له جیهانبینیی خۆی؟ ئه‌گه‌ر سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب هه‌یه، ئایا دروسته ده‌ست بۆ وه‌رگێڕانی نووسینی فه‌لسه‌فی و هیتر ببات، كه ڕه‌نگه هیچی له‌باره‌ی ده‌سته‌واژه‌كان نه‌ژنه‌وتبێت؟
ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر وه‌رگێڕه‌كه، ئاستی تێگه‌یشتن و ڕۆشنبیریی له‌باره‌ی بابه‌ته‌كه چه‌نده و چۆنه؟ زۆر كه‌س به‌شی فیزیا و كیمیایان ته‌واو كردووه، كه‌چی هه‌ر ده‌ڵێی به گوانی ئه‌ده‌ب فرچكیان گرتووه، له‌نێو مێرگی پڕ گوڵزاری ئه‌ده‌بدا خه‌مڵیون، به‌شێكی زۆری ژیانی خۆیان بۆ ئه‌و بواره ته‌رخان كردووه. بۆ ئه‌وانه وه‌رگێرانی ئه‌ده‌بی ڕزقێكی حه‌ڵاڵ و زه‌ڵاڵه. وه‌رگێڕانی فه‌لسه‌فی و لۆژیكی و چی و چییش هه‌روا. ساڵانه چه‌ندان كه‌س ماسته‌ر و دكتۆرا له‌سه‌ر وه‌رگێڕان ده‌هێننه‌وه، كه‌چی به‌شی زۆریان لاپه‌ڕه‌كیشیان پێ وه‌رناگێڕدرێت، ئه‌گه‌ر وه‌ریشی بگێڕن، یان زۆر به خوێ ده‌بێت، یان له بێ خوێییان تامی تێدا نه‌ماوه! ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ توانای وه‌رگێڕانی بابه‌تێكی نه‌بوو، باشتره هه‌رزوو ده‌ستی لێ بكێشێته‌وه.
* وه‌رگێڕان له زوانی چه‌نده‌مه‌وه بكرێت سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
به بۆچوونی من سه‌ركه‌وتنی وه‌رگێڕان ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر زمانی یه‌كه‌م و دووه‌م، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر وه‌رگێڕه‌كه. په‌نده كوردییه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ته‌شیڕێس ته‌شیڕێس بێت، ته‌شی له........ ده‌ڕێسێت!" حه‌مه‌دۆك به توركی نووسراوه، عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده له فارسییه‌وه كردوویه‌تییه كوردی، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی تر له توركی بیكات، تۆ كامیان ده‌خوێنییه‌وه؟ لای من هێنده‌ی زمانی داڕشتن و ئاوازی وه‌رگێڕانه‌كه گرنگه، هێنده زمانی یه‌كه‌م و دووه‌م گرنگ نین. لێره‌دا با وا نه‌فامرێته‌وه كه من له‌گه‌ڵ زمانی یه‌كه‌م نیم، نا ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕی باش هه‌بێت و له زمانی یه‌كه‌م بیكات، سه‌ت جار باشتره له زمانی دووه‌م و سێیه‌م. ئه‌وه‌ی من باسی ده‌كه‌م لایه‌نی ئه‌ده‌بییه، وه‌رگێڕانی بواری زانستی ده‌بێ پتر بایه‌خ به گواستنه‌وه‌ی زمانی یه‌كه‌م و ناوه‌ڕۆك بدرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی له كوردستان به‌ناوی وه‌رگێڕانی زانستی ده‌كرێت، ناو و ناوه‌ڕۆك وێرانه، ئه‌وه‌ی سه‌یری كتێبه زانستییه‌كانی قوتابخانه‌كان بكات، ده‌زانی باسی چی ده‌كه‌م.
* ئایا وه‌رگێڕ پێویسته ڕه‌چاوی ئه‌و زوانه بكات كه لێی وه‌رده‌گێڕێت بۆ زوانێكی تر؟
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت سیما و شێوازی زمانه‌كه‌یه، ئه‌وه نابێت ڕه‌چاو بكرێت. وه‌ختێك تۆ دێی له زمانی عه‌ره‌بی ده‌قێك وه‌رده‌گێڕیت، ده‌بێ ڕه‌چاوی زمانی كوردی بكه‌یت، شێوازی كوردییانه‌ی به‌سه‌ردا زاڵ بكه‌یت، نه‌ك به ده‌ربڕینی عه‌ره‌بییانه‌ی ناحه‌ز دای له‌نگێنیت. ده‌بێ زۆر به شێنه‌یی وشه‌ی كوردی و ده‌سته‌واژه‌ی كوردی بۆ وشه و ده‌ربڕینه‌كان بدۆزرێته‌وه. كابرا (دورات المیاه)ی كردبوو به (سووڕه‌كانی ئاو)، له كاتێكدا به (ئه‌ده‌بخانه) ده‌گوترێت. ئێ كاكه ئه‌وه ڕه‌چاوی زمانی كردبوو! ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین (دورات) به‌رامبه‌ر (سووڕ) و (میاه)یش به‌رامبه‌ر (ئاو) ته‌واون، كه‌چی ئه‌وپه‌ڕی هه‌ڵه‌شه. ئه‌وه یانی ئه‌و كه‌سه له هه‌ردوو زمان كۆڵه‌وار بووه.
من خۆم حه‌ز ده‌كه‌م له به‌رامبه‌ر هه‌موو په‌ند و ده‌ربڕینێكی عه‌ره‌بی، په‌ند و ده‌ربڕینێكی كوردی دابنێم، به نموونه: (من سار علی الدرب وصل) من كردوومه به" (كاروان له ڕێ بێت هه‌ر ده‌گاته جێ) یان (اختلگ الحابلُ بالنَابل) من كردوومه به" (سه‌گ ساحێبی خۆی نه‌ده‌ناسییه‌وه. دۆ و دۆشاو تێكه‌ڵ بووبوو.) هه‌موو زمانێك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، تۆ ناكرێت به تایبه‌تمه‌ندیی زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕان بكه‌یت.
* زوانپاراوی و به‌كاربردنی وشه‌یلێ كه كوردی نین، خۆ ئه‌گه‌ر كوردێنرابیشن، گه‌لێك ئێسك قوڕسن. به نموونه: وشه‌ی میناك (موبه‌ق)، عاره‌بییه‌كه‌ی (مگبخ)ـه، تا چه‌ند وه‌رگێڕی كوردی گرنگیی به‌و بابه‌تانه بدات باشه؟
من خۆم له‌گه‌ڵ كوردی په‌تی نیم، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌كیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم وشه‌ی بیانی په‌لكێشی ناو زمانی كوردی بكرێت، له حاڵێكدا له زمانی كوردی چه‌ندان وشه‌ی له‌و شێوه‌مان هه‌بێت. جارێك لای مارف خه‌زنه‌دار بووم، باسی ئه‌و بابه‌ته كرا به گاڵته‌وه ده‌یگوت: "ئای له كوردی دۆنه‌دیو، هێشتا وشه‌ی (ره‌سمی)مان پێ نه‌كرایه كوردی، كه‌چی وشه‌ی (فه‌رمی)یشی به‌سه‌ردا هات.. یاخوا به‌خێر بێیت سووره‌گوڵی باخان!" زمانی پاراو، مانای ئه‌وه نییه هه‌موو وشه‌كان په‌تی بن، به‌ڵكه به‌كارهێنانی وشه له جێگه‌ی خۆی، نه‌هێشتنی كۆسپ و به‌ربه‌ست له به‌رده‌م خوێنه‌ر، ئه‌مه‌ی یانی زمانی پاراو. خه‌ڵك پێیان وایه نالی له‌به‌ر ئه‌وه شاعیرێكی گه‌وره‌یه چونكه شیعره‌كانی مانایه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه، حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه له شیعره‌كانیدا هه‌یه، به‌ڵام من بۆیه نالیم پێ شاعیرێكی هه‌ڵكه‌وتوو و ده‌ركه‌وتووه، چونكه وشه‌ی له شوێنی خۆی به‌كار هێناوه. له‌بیرمان نه‌چێت شێخ ڕه‌زایش ئه‌و به‌هره‌یه‌ی تێدا بووه.
* پێت وایه وه‌رگێڕدراوه‌كان وشه‌ی كوردی‌یان تێدا زیندوو ده‌كرێته‌وه؟ ئێوه كارتان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردووه؟
زمانی كوردی هه‌تا بڵێی فراوانه، هه‌زاران وشه‌ی تێدایه هێشتا له نووسین به‌كار نه‌هاتوون، ئه‌وانه‌ی له نووسین به‌كارهاتوون له‌وه‌یه هه‌ر 40% بێت. ئاخر ده‌بێت له‌وه نه‌نگیتر هه‌بێت، تۆ بێی خه‌ریكی وشه پاته‌كردنه‌وه بیت، كه‌چی هه‌زاران وشه‌ی كوردییش له ئاویلكه‌دان دابێت. هه‌موو لادێ و ناوچه‌كان وشه‌ی جوانیان هه‌یه، فۆلكلۆر و كولتووری هه‌موو خێڵ و عێله‌كان پڕه له وشه و په‌ندی جوانی كوردی. زمان له گوند له دایك ده‌بێت و له شار ده‌مرێت، وه‌رگێڕی وشیار و زیته‌ڵ به كه‌سێك ده‌گوترێت كه ئه‌و وشانه له ئاوزینگدان ڕزگار بكات و له شوێنی خۆیان به‌كاریان بهێنێته‌وه. حه‌یفێ به‌شێكی زۆری وه‌رگێڕه‌كانی ئێمه، ئه‌و باسه‌یان فه‌رامۆش كردووه، ته‌نیا وشه سواوه‌كان به‌كار دێننه‌وه، هه‌موو وه‌رگێڕانه‌كانیان یه‌ك تاموبۆنیان لێ دێت، وه‌ختێك به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌خوێنییه‌وه ده‌ڵێی به كوچكه به‌ردان له سه‌رت ده‌ده‌ن. منیش به‌گوێره‌ی توانای خۆم، ئه‌وه‌نده‌ی بۆم لوابێ وشه‌ی كۆنی كوردیم زیندوو كردوونه‌ته‌وه، سوودی زۆرم له كتێبه فۆلكلۆری و ئه‌ده‌بی كلاسیكی بینیوه. ئه‌گه‌رچی هێشتا سه‌ره‌تایه و زۆری ماوه به من بڵێن وه‌رگێڕ.
ژیڤان خۆرانی